گۆشەی ئازد
لەمەڕ فیستیڤاڵەکەی زانکۆی ئەمریکیی-سلێمانی
نمایشەکە تەنها گۆڕینی دوو پارچە قوماش نەبوو، بەڵکو ڕاگەیاندنی جەنگێکی بێ چەک بوو لەنێوان ئەو دوو غەریزەیەدا: غەریزەی ژیان دژی غەریزەی مەرگ.

دانا حەمید
١- لە قووڵایی هەر کۆمەڵگایەکدا، تارماییەکان نەک تەنها لە ڕابردوودا، بەڵکو لەناو هزری ئێستاشدا دەژین و لە چاوەڕوانیی ساتێکدان بۆ دەرکەوتنەوە. لە دیداری کوردناسیی سلێمانیدا، نمایشێکی هونەریی گروپی «هونەرگەی وڵات» بووە ئەو بەردەی کە خرایە ناو گۆمە مەنگەکەی کۆمەڵگاوە و شەپۆلەکانی، ڕاستیگەلێکی تاڵیان هێنایە کەنار. کردەی فڕێدانی نیقابی ڕەش و پۆشینی جلی کوردیی، دەبوو وەک ئاهەنگێکی سیمبوڵی بۆ سەرکەوتنی ژیان بەسەر مەرگ و «ناسنامە» بەسەر «سڕینەوە»دا ببینرێت، بووە هۆی هەڵچوون و تووڕەیی هەندێک کەسایەتی و لایەنی سیاسیی دەکرێ بە «داعشی جیوەیی» ناوزەدیان بکەین. لێرەدا، ئێمە لەبەردەم جەنگێکی بنەڕەتیی غەریزەکاندایین. لە لایەکەوە، غەریزەی مەرگ هەیە کە لە ڕەنگی ڕەشی نیقاب و عەبادا خۆی بەرجەستە دەکات؛ ڕەنگی ڕەش، ڕەنگی خەم و ماتەم، نەبوون و کۆتاییە. نیقاب، وەک هێمایی ئەم غەریزەیە، کار بۆ سڕینەوەی ڕووخسار، کوشتنی تاکایەتی و گۆڕکردنی جەستە دەکات لەناو تاریکییەکی بێناودا. داعش ئایدۆلۆژیای کەوڵاوکەوڵکردنی یەکڕەنگیە لەناو یەک جەستەدا، لە جەوهەردا، بانگەوازە بۆ ئەم غەریزەی مەرگە؛ بانگەوازێکە بۆ تێکدان، وێرانکردن و گەڕانەوە بۆ خاڵی سفری ژیان. لە بەرامبەردا، غەریزەی ژیان دێتە ئاراوە، کە لە ڕەنگاوڕەنگیی و فرەڕەهەندی جلی کوردیی، لە جووڵەی هەڵپەڕکێ و لە شادیی ئازادییدا خۆی نمایش دەکات. جلی کوردیی، بە نەخش و ڕەنگە زیندووەکانییەوە، ئاهەنگی فرەیی و جوانیی ژیان دەگێڕێت. هەڵپەڕکێ، وەک کردەیەکی جەستەیی، ڕاپەڕینە دژی سڕبوون و مردن، وەستانی جەستە. بۆیە نمایشەکە تەنها گۆڕینی دوو پارچە قوماش نەبوو، بەڵکو ڕاگەیاندنی جەنگێکی بێ چەک بوو لەنێوان ئەو دوو غەریزەیەدا: غەریزەی ژیان دژی غەریزەی مەرگ.
٢- ئەم ململانێیە لەسەر جەستە و ئایدۆلۆژیا، بە وردی لە «بایۆپۆلیتیک-سیاسەتی ژین»ـی میشێل فۆکۆ و «ئایدیۆلۆژیا»ـی سلاڤۆی ژیژەکدا قەرز بکەین. فۆکۆ دەڵێت: «دەسەڵاتە مۆدێرنەکان نەک تەنها یاسا دادەنێن، بەڵکو هەوڵی کۆنترۆڵکردنی وردەکارییەکانی ژیانی جەستەش دەدەن». داعش، وەک فۆرمێکی تۆتالیتاری ئەم دەسەڵاتە، هەوڵیدا لە ڕێگەی کۆنترۆڵکردنی جلوبەرگ، خواردن، سێکس و هەموو جووڵەیەکی جەستەوە، مرۆڤەکان بکاتە ئۆبێکتی بێ ئیرادە. داعشبیرەکانی ناوخۆش، درێژەپێدەری هەمان پرۆژەن؛ کاتێک ئەوان دەیانەوێت بڕیار بدەن ژن دەبێت چی بپۆشێت و چۆن بجوڵێت، ئەوان لە هەوڵی داگیرکردنی جەستەدان. لێرەوە، دیدە ڕەخنەییەکەی ژیژەک دێتە ئاراوە، پێی وایە ئایدیۆلۆژیا لەوپەڕی کاریگەرییدایە کاتێک وەک شتێکی «سروشتی» و «ئاسایی» دەردەکەوێت. ئەو کەسانەی بەرگری لە نیقاب دەکەن، نیقابێکی سیاسییانە! ڕەنگە لە ئاستی ئاگاییدا بڵێن دژی داعشن، بەڵام وەک ژیژەک دەڵێت: «ئەوان نازانن چیدەکەن، بەڵام دەیکەن؟» کردەی بەرگریکردن لە سیمبوڵێکی سەرکوت، نیشانەی ئەوەیە کە ئایدیۆلۆژیاکە لە ئاستی کردار و خولیاکانیاندا ڕەگی داکوتاوە و دەیەوێ خاڵی دابڕان دروست بکات. کاردانەوەی تووڕەییان بەرامبەر فڕێدانی نیقاب، ئەو «نیشانە»یە کە نەخۆشییەکی قووڵتر لەناو پێکهاتەی کۆمەڵایەتییدا ئاشکرا دەکات؛ ئەویش حەزی شاراوەیە بۆ سیستەمێکی سەرکوتکەر کە «چێژ»ێکی نەخۆشانە بە تاکەکان دەبەخشێت لە ڕێگەی سەپاندنی سنوور و قەدەغەکارییەوە.
٣- ئەم هاوارەی دژ بە هونەر، لە بنەڕەتدا هاواری ترسە؛ ترسی پیاوسالارییەکە هەزاران ساڵە لەسەر شاردنەوە و کۆنترۆڵکردنی جەستەی ژن خۆی بە پێوە ڕاگرتووە. نیقاب، لەم ڕوانگەیەوە، دەبێتە دوا قەڵای ئەو دەسەڵاتە نێرینەیەی هەست دەکات لەبەردەم شەپۆلی ئازادی و تاکگەراییدا بناغەکانی دەلەرزن. کاتێک ژنێک نیقاب فڕێ دەدات و بە جلی نەتەوەیی خۆیەوە سەما دەکات، ئەو تەنها پارچە قوماشێک فڕێ نادات، بەڵکو ئەو کۆت و بەندانە دەشکێنێت کە هزری پیاوسالاری بە درێژایی مێژوو بۆی چنیوە. ئەو دەنگە ناڕازییانە، لە ڕاستییدا، نوێنەرایەتی ئەو ترسە قووڵە دەکەن لە ئازادبوونی جەستەی ژندا، کۆتایی دەسەڵاتی خۆیان دەبینن. بۆیە هێرشکردنە سەر ئەم نمایشە، هێرشکردنە سەر خودی ئیرادەی ژنە بۆ بوون و دیاریکردنی چارەنووسی خۆی. ئەوان دەیانەوێت پێمان بڵێن کە جەستەی ژن یان دەبێت لەناو تاریکیی نیقابدا بشاردرێتەوە، یان لە بازاڕی کاڵادا وەک ئۆبێکێتکی سێکسی نمایش بکرێت؛ لە هەردوو حاڵەتەکەدا، جەستەیەکی داگیرکراو و بێ ئیرادەیە. بەڵام هونەری ڕادیکاڵ دێت و ڕێگای سێیەم نیشان دەدات: جەستەی ئازاد، جەستەی خاوەن ئیرادە، جەستەی سەماکەر کە خۆی دەبێتە خاوەنی مانا، نرخ و بەهای خۆی.
٤- بەکارهێنانی سیاسییانەی سەرپۆش و موزایەدەی ئیسلامی سیاسیی: لە کاتێکدا زیاتر لە ٦٠٪ـی خێزانەکان لە کۆمەڵگەی ئێمەدا بە شێوەیەکی ئاسایی و دوور لە هەر ئارێشەیەک سەرپۆش و جلوبەرگی ئاسایی بەکاردەهێنن، حیزبە ئیسلامییەکان دێن و ئەم پرسە دەکەنە بابەتی وەبەرهێنانی سیاسیی. ئەوان بە گەورەکردنی ئەم ڕووداوە و بەکارهێنانی وەک کارتی فشار، دەیانەوێت سۆزی خەڵک بەلای خۆیاندا ڕابکێشن و خۆیان وەک دڵسۆز و خەمخۆری دین و داهاتووی کۆمەڵگە نیشان بدەن. ئەمە لە کاتێکدایە کە هەڵوێستیان بەرامبەر بە پرسە گەورەکانی وەک گەندەڵی، نادادپەروەری، قەیرانی مووچە و کێشە نیشتمانییەکان زۆر لاواز و بێ کاریگەرییە. ئەوان بەم کارە دەیانەوێت شکست و بێدەنگییەکانی خۆیان لە ئاستی حوکمڕانی و خزمەتکردنی خەڵکدا بشارنەوە و لە ڕێگەی بابەتی لاوەکییەوە خۆیان بکەنەوە بە جێی باسی خەڵک.
٥- جەنگی ڕاستەقینە لەگەڵ داعش، لە ڕۆژی ڕووخانی دوا قەڵاکەیدا کۆتایی نەهات، بەڵکو دەمێکە دەستی پێکردوە. ئەم جەنگە لەسەر شانۆی هونەر، لە پۆلەکانی خوێندندا، لە ستوونی ڕۆژنامەکان و لەسەر شاشەی تەلەفزیۆنەکان و شوێنە ئاسایی و چەپەکەکاندا بەڕێوەدەچێت. سەرکەوتن تەنها بە چەک بەدەست نایەت، بەڵکو بە بوێریی فیکری و ڕەخنەی بێوچان دێتە دی. ئەوانەی ئەمڕۆ لە دژی نمایشی هونەری دەنگیان بەرزکردووەتەوە، هەمان ئەو کەسانەن کە دوێنێ لەبەرامبەر کۆمەڵکوژیی ئێزدییەکان و بە کۆیلەکردنی ژناندا بێدەنگییەکی گوماناوییان هەڵبژاردبوو. بێدەنگییەکەی دوێنێ و هاوارەکەی ئەمڕۆ، دوو ڕووی یەک دراون: دراوی وەفاداری بۆ فیکرێکی دژە-مرۆڤ. پێویستە کۆمەڵگای کوردیی، بەتایبەت توێژی ڕۆشنبیر و هونەرمەند، توێژی ئاسایی خەمخۆر و دڵسۆزی نیشتمان، بێ هیچ سڵەمینەوەیەک ڕووبەڕووی ئەم تارماییانە ببێتەوە. دەبێت ئەو ڕاستییە تاڵە قبووڵ بکەین دوژمن تەنها لە دەرەوەی سنوورەکانمان نییە، بەڵکو لەناو ماڵەکانمان، لەناو زانکۆ و مزگەوتەکانمان و لەناو پەرلەمان، لە هەموو شوێنێک، بە ڕووخساری جیاوازەوە، هەناسە دەدات. ئەگەر ئەمڕۆ بوێریی ئەوەمان نەبێت لەسەر شانۆیەک نیقابێک فڕێ بدەین، سبەی لەژێر هەمان ئەو نیقابەدا هەموو ڕووناکییەکمان لێ زەوت دەکرێت.



