گۆشەی ئازد

جیرارد شالیان، بیرمەند و دۆستی دێرینی کورد کۆچی دوایی کرد

یەکێک لەو بیرمەندە ڕۆژئاواییانە ناسرابوو وا بە قووڵیی لە پرسی کورد تێگەیشتبوو و بە درێژایی ژیانی پیشەیی خۆی داکۆکیکارێکی سەرسەختی مافەکانی گەلی کورد بوو.

پێشەکیی:

نووسەر، شاعیر و سیاسەتمەداری ناوداری فەڕەنسیی و دۆستی گەلی کورد، جیرارد شالیان، لە تەمەنی ٩١ ساڵیدا لە پاریسی پایتەختی فەڕەنسا کۆچی دوایی کرد. شالیان وەک یەکێک لەو بیرمەندە ڕۆژئاواییانە ناسرابوو وا بە قووڵیی لە پرسی کورد تێگەیشتبوو و بە درێژایی ژیانی پیشەیی خۆی داکۆکیکارێکی سەرسەختی مافەکانی گەلی کورد بوو.

ژیان و بەرهەمەکانی:

شالیان، خاوەنی زیاتر لە ٤٠ پەرتووکە، بە گەڕان و لێکۆڵینەوە لە ناوچە جیاجیاکانی شەڕ و ململانێی جیهان ناسرابوو. بەرهەمەکانی بواری فراوانی وەک ستراتیژییەکانی جەنگ، ململانێی نەتەوەیی و تیرۆری دەگرتەوە، بەڵام بەشێکی بەرچاوی کارەکانی بۆ تیشک خستنە سەر دۆزی گەلی کورد تەرخان کردبوو.

پەیوەندی لەگەڵ دۆزی کورد:

ناوبراو لە ڕێگەی چەندین بەرهەمی گرنگەوە، لەوانە «گوڵبژێرێک لە شیعری میللیی کوردیی»، «کورد و کوردستان: پرسی نەتەوەیی کورد لە ڕۆژهەڵاتی نزیک» و «بەدبەختیی کوردان»، تێکۆشانی کەلتووریی و سیاسیی کوردانی بە ڕای گشتیی نێونەتەوەیی ناساند و دەروازەیەکی ئەکادیمیی بۆ تێگەیشتن لە دۆزی ڕەوای کوردان کردەوە.

لە ساڵانی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا، شالیان یەکێک بوو لە هاوکارە سەرەکییەکانی دامەزراندنی ئینستتیوتی کوردی لە پاریس. ئەم دامەزراوەیە ڕۆڵێکی مێژوویی بینی لە گەیاندنی دەنگی کوردان بە ناوەندە ئەکادیمی و سیاسییەکانی ئەورووپا و بووە پردێکی پەیوەندیی کەلتووریی گرنگ.

هەڵوێستە سیاسییەکان:

جیرارد شالیان بە درێژایی تەمەنی، بەردەوام ئاماژەی بە دابەشبوونی کوردستان و ئەو ناپاکییە مێژووییانە دەکرد وا لە کورد کراون، هاوکات هۆکارەکانی نەبوونی دەوڵەتێکی سەربەخۆی بۆ کورد شی دەکردەوە. بە تایبەتیی، ڕەخنەی توندی لە بێهەڵوێستیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی دەگرت بەرانبەر کوردانی ڕۆژئاوای کوردستان، بەتایبەت لە کاتی شەڕی عەفریندا.

یەکێک لە هەڵوێستە دیارەکانی، لە وتارێکدا بوو کە ساڵی ٢٠١٨ لە ڕۆژنامەی (Le Figaro)ـی بەناوبانگی فەڕەنسی یبڵاوی کردەوە. لەو وتارەدا، بە ئاشکرا ئەو گرووپانەی سەر بە تورکیای بە «جیهادیست» ناوبرد و ئۆپەراسیۆنەکەی تورکیای بۆ سەر عەفرینی وەک «ناپاکیی وڵاتانی ڕۆژئاوا لە کوردان» پێناسە کرد.

کۆچی دوایی:

ئەو نووسەر و بیرمەندە گەورەیە، درەنگانی دوێنێ، چوارشەممە ٢٠/٠٨/٢٠٢٥، لە پاریس ماڵئاوایی لە ژیان کرد و کۆتایی بە کاروانێکی دوورودرێژی پڕ لە بەرهەمی ئەکادیمیی و هەڵوێستی بوێرانە هێنا، کە تێیدا هەمیشە دۆست و پشتیوانێکی بەهێزی دۆزی کورد بوو.

 

لیستی بەرهەمەکانی جیرارد شالیان:

دەربارەی کورد و کوردستان:

  • Chants et poèmes kurdes (1981)
  • Les Kurdes et le Kurdistan: la question nationale kurde au Proche-Orient (1978)
  • Le Malheur kurde (1992)
  • Un jour, la révolution : un regard sur le mouvement national kurde (1994)

لێکۆڵینەوە ستراتیژیی و سیاسییەکان:

  • L’Enjeu africain: Géostratégies des puissances (1980)
  • Guérilla et contre-guérillas (1964)
  • Mythes révolutionnaires du tiers monde (1976)
  • Le Système de la terreur : essai sur la violence politique (1976)
  • Stratégies de la guérilla (1979)
  • Atlas stratégique: géopolitique des rapports de forces dans le monde (1983
  • Miroirs d’un désastre : la conquête espagnole des Amériques (1990)
  • Anthologie mondiale de la stratégie (1990)
  • Voyage dans l’après-guerre (1993)
  • Les Guerres irrégulières (2008)
  • L’Impasse afghane (2011)
  • Vers un nouvel ordre du monde (2013)
  • Une histoire du terrorisme : de l’Antiquité à Daech (2016)
  • Pourquoi perd-on la guerre ? Un nouvel art occidental (2016)

ژیاننامە و یادداشت:

  • La Mémoire de ma mémoire (2003)
  • L’Aventure ambigüe (2007)
  • Le Savoir de la peau (2012)

شیعر:

  • La Marche têtue (1975)
  • Feu nomade (1983)

زیاتر ببینە

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button


هاوبەشیی بکە.