گۆشەی ئازد

سیمبولیزمی پۆشاک: لە نێوان ناسنامە و ئازادی و پیرۆزیدا

سەپاندنی نیقابی زۆرەملێ بەسەر ژناندا لە سووریا لەژێر دەسەڵاتی داعش، بەڵگەیەکی ڕوونە لەسەر بەکارهێنانی جلوبەرگ وەک سیمبولێکی سیاسی، کلتووری و ئایینی بۆ چەوساندنەوە.

 ئاسۆس ساڵح

 

جلوبەرگ تەنها پارچەیەک قوماش نییە بۆ داپۆشینی جەستە، بەڵکوو سیمبولێکی فرە ڕەهەندی: فەرهەنگی، کۆمەڵایەتی، سیاسی و ئابوورییە کە ڕەنگدانەوەی بیرکردنەوە و تێگەیشتنی کۆمەڵگەیە لە سەردەمە جیاوازەکاندا. هەر نەتەوە و ناوچەیەک بەپێی تایبەتمەندیی گەشەسەندنی فەرهەنگی، کەلتووری و نەریتی خۆی، جلوبەرگی تایبەت بە خۆی داهێناوە و پەرەی پێداوە.

جلوبەرگی نەتەوەیی ڕاستەوخۆ هەڵگری ناسنامە و تێگەیشتنی ئەو میللەتەن بۆ جوانناسی، پرسی ئەخلاق، کەلتوور و جیاکاریی ڕەگەزی و چینایەتی. بۆیە، پێش پیرۆزکردنی جلوبەرگ، تێگەیشتن لە سیمبولەکانی گرینە بۆ ئەوەی بە دۆگمایی و کوێرییەوە دوای پیرۆزیی ئەوانی دیکە نەکەوین.

جلوبەرگی کوردی مێژوویەکی دێرینی هەیە و بە یەکێک لە سیمبولە هەرە گرنگەکانی گەلی کورد دادەنرێت. ئەم جلوبەرگە وەک ناسنامە و پێناسەیەکی نەتەوەیییە و کەمترین گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە، بەمەش ڕەسەنایەتی و پاکی خۆی پاراستووە. پۆشینی جلوبەرگی کوردی هەمیشە مانایەکی تایبەتی هەبووە و ڕێگایەک بووە بۆ ئەوەی ناسنامە و میراتی کەلتووریی خۆیان بپارێزن و خاوەنداریەتیی لێ بکەن.

جلوبەرگ دەتوانێت وەک ئامرازێکی بەهێز بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی، یەکگرتوویی، و تەنانەت بەرەنگاربوونەوەی سیاسی بەکاربهێنرێت. لە چەندین کات و شوێندا، جلوبەرگ بووەتە سیمبولی یاخیبوون و هەوڵدان بۆ گۆڕینی کۆمەڵایەتی. بۆ نموونە، لەو نمایشەی “هونەرگەی وڵات” کە ژنە هونەرمەندەکان “نیقاب” کە کەلتوورێکی عەڕەبییە فڕێ دەدەن، ڕاستەوخۆ مانای ڕەتکردنەوە و بەرەنگاربوونەوەی داگیرکاریی فەرهەنگی و کۆمەڵایەتییە؛ کە بە خوێنی خۆیان قوربانیان بۆ داوە. داگیرکردنی خاک و ژن، بە درێژایی مێژوو پێکەوە بەستراونەتەوە و ژنان هەمیشە قوربانی یەکەمی داگیرکارییەکان بوون. بۆ ئەمەش داعش و هاوشێوەکانی نموونەی زیندوون!

نموونەی سەپاندنی نیقابی زۆرەملێ بەسەر ژناندا لە سووریا لەژێر دەسەڵاتی داعش، بەڵگەیەکی ڕوونە لەسەر بەکارهێنانی جلوبەرگ وەک سیمبولێکی سیاسی، کلتووری و ئایینی بۆ چەوساندنەوە. ئەم کارە داماڵینی ژن بوو لە مرۆڤبوونی و گۆڕینی بوو بە کۆیلەی ئارەزووە نەبڕاوەکانی پیاوان. لەم حاڵەتەدا، جلوبەرگ بووە ئامرازێک بۆ سڕینەوەی ناسنامەی نەتەوەیی و تاکەکەسی و سەپاندنی کۆنترۆڵی تەواو بەسەر جەستە و ڕۆحی ژناندا.

فەیلەسوفی ئەڵمانی، “کارڵ مارکس” بە ڕوونی ئاماژەی بەوە داوە، ئاستی هۆشیاری یان پێشکەوتنی هەر کۆمەڵگەیەک، بەندە بە پێگەی ژنان لەو کۆمەڵگەیەدا. بە واتایەکی تر، ئاستی ماف و ئازادی و بڕیاردان لەسەر ژیانی تاکەکەسی ژنان، پێوەرێکی گرنگە بۆ هەڵسەنگاندنی ئاستی پێشکەوتنی کۆمەڵایەتی و شارستانی ئەو کۆمەڵگەیە. کاتێک ژنان ئازادیی هەڵبژاردنی جلوبەرگیان دەبێت و دەتوانن بە ئازادی بیر و بۆچوونەکانیان دەرببڕن، ئەمە نیشانەی کۆمەڵگەیەکی پێشکەوتوو و هۆشیارە. بە پێچەوانشەوە ئەگەر ئەمانە لە ئارادا نەبوون، مانای ئەوەیە کۆمەڵگەکە ناهۆشیار و دواکەوتووە و ناتوانێ لەگەڵ سەردەمدا ڕێ بکات.

شاعیری ناوداری کورد، فایەق بێکەس، لە شیعری “نەسرین” کە ساڵی (١٩٤٤)دا نووسویەتی، بانگەوازێکی ڕوونی بۆ ئازادی و بەرەنگاربوونەوەی کۆتوبەندە کۆمەڵایەتییەکان کردووە. دەڵێت:

«هێندە دانیشتی پشتت چەماوە
زەرد و لاواز بویت هێزت نەماوە
کچی بێگانەت خۆ لەبەرچاوە
هەستە تێکۆشە تا خوێنت گەرمە
سەرپۆش فڕێدە چ وادەی شەرمە»

ئەم شیعرە تێگەیشتنێکی قووڵی شاعیر بۆ ڕۆڵی ژن لە کۆمەڵگەدا دەردەخات و داوای لێدەکات کە لە کۆت و بەندەکان ڕزگاری بێت و بەشداری چالاکانە لە ژیاندا بکات. فڕێدانی سەرپۆش لێرەدا سیمبولێکە بۆ ڕزگاربوون لە کۆتوبەندە کۆمەڵایەتییەکان و دەستپێکردنی قۆناغێکی نوێی ئازادی و یەکسانیی ڕەگەزی و تێکۆشان.

لە نمایشی هونەریی “هونەرگەی وڵات” لە زانکۆی ئەمریکیی سلێمانی، هەمان پەیامی شیعرەکەی فایەک بێکەسی لە ڕێگەی هونەر و سەمایەکی سەرنجڕاکێشی سیمبولی دووپات کردەوە و لە فۆڕم و قۆناغێکی نوێدا ڕۆڵی ژنی لە بەرەنگاری نیشتمانی، چینایەتی و کلتوورییدا بەرز نرخاند.

جلوبەرگ، بە هەموو جۆرەکانییەوە، تەنها پارچەیەک قوماشی هەڕەمەکی نییە بۆ داپۆشنی جەستە، بەڵکوو زمانێکە بۆ دەربڕینی ناسنامە، کلتوور، بیروباوەڕ و تەنانەت بەرەنگاری سیاسی. لە کاتێکدا جلوبەرگی نەتەوەیی دەتوانێت سیمبولی شانازی و یەکگرتوویی بێت، سەپاندنی جلوبەرگی زۆرەملێ دەتوانێت ببێتە ئامرازێک بۆ چەوساندنەوە و سڕینەوەی ناسنامەی نەتەوەیی. بۆیە، تێگەیشتن لە واتای قووڵی جلوبەرگ و ڕێزگرتن لە ئازادیی تاکەکەسی لە هەڵبژاردنی پۆشاکدا، بنەمایەکی سەرەکییە بۆ کۆمەڵگەیەکی پێشکەوتوو و مرۆڤدۆست.

زیاتر ببینە

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button


هاوبەشیی بکە.