تەڤگەری کورد؛ چرای شەوەزەنگی سەرمایەداریی
ڕەخنەی بنەڕەتیی بەڕێز ئۆجالان لە مارکسیزم، کە جێگەی ڕێزمە، ئەوەیە تا ئەمڕۆیش مارکسیزمی کلاسیک لە پرسی پەیوەندیی هێز و هەژموونی دەسەڵاتدا لێکۆڵینەوەی کردووە و دەوڵەتی کردووە بە ڕوانگەی خۆی.

جۆن هاڵۆوەی
جۆن هاڵۆوەی کۆمەڵناس و فەیلەسووف، کە بە هەڵوێستە ڕەخنەییەکانی لە مارکسیزمی کلاسیک ناسراوە، لە گفتوگۆیەک لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی فورات (anf) ئاماژە بەوە دەدات کە بەدەستهێنانی دەوڵەت سەرمایەداریی ناڕووخێنێت، بە پێچەوانەوە خۆی لەسەر بەرهەم دەهێنێتەوە، بۆیە نابێت ئامانج دەسەڵاتداریی بێت، بەڵکوو پێویستە گۆڕینی جیهان بێت. هێژای گوتنە هاڵۆوەی ساڵگارێك لەمەڕ بزووتنەوەی زاپاتیستەکان توێژینەوەی کردووە و پاشان ئاشنای تەڤگەری کورد بووە، ئەو ئاماژە بەوە دەدات کە ئەزموونی هەردوو بزووتنەوەکە پێداگرییە لەسەر تێکۆشانی گەل و کۆمەڵگە وەک جێگرەوەی دەوڵەت، بۆیە پێی وایە ئەم دوو تەڤگەرە خاڵی هاوبەشیان زۆرە. هاڵۆوەی پێی وایە تیۆرەکانی ئۆجالان وا لە مرۆڤ دەکات بیر لە ئەگەری شۆڕش بکاتەوە.
هاڵۆوەی پارادایمی ڕێبەر ئاپۆ و تێکۆشانی تەڤگەری ئازادیی کوردی وەک ‘ڕووناکیی’ پێناسە کردووە دژی شەوەزەنگی سەرمایەداریی کە جیهانی داگرتووەتەوە. ئەو کە یەکێک بوو لە میوانانە گرنگەکانی کۆنفرانسی نێونەتەوەیی ئاشتیی و کۆمەڵگەی دیموکراتیی، کە دەم پارتی لە ئیستەنبوڵ ڕێکی خست، هاڵۆوەی لە گفتوگۆیەکدا بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) بۆچوونی خۆی لەمەڕ تەڤگەری کوردیی و پڕۆسەی ئاشتیی خستە ڕوو.
هاڵووەی کە هەر لە تەمەنی منداڵییەوە لەگەڵ خێزانەکەییدا لە ئێرلەندا کۆچیان کردووە، دەستنیشانی کرد بەهۆی ئەزموونی کۆچبەرییەوە نزیکی تەڤگەری ئازادیی بووەتەوە و سەرنجی ڕاکێشاوە. چەندین ساڵ لە مەکسیک ژیاوە و لە زانکۆ وانەی کۆمەڵناسیی گووتوەتەوە، دەربارەی بزووتنەوەی زاپاتیستی کار و توێژینەوەی زۆری کردووە. هاڵۆوەی سەرنجی خستەسەر ئاشنایەتیی خۆی بە تەڤگەری ئازادیی کورد و دەستنیشانی کرد پێش ١٢ ساڵ بە هۆی چالاکییەک لەسەر پرسی کورد، لە هامبۆرگ ئاشنای تەڤگەری ئازادیی کورد بووە. هاڵۆوەی ئاماژەی بەوەش دا لەوکاتەدا لەگەڵ عەزیز ئارسەلان کاری دەکرد کە خوێندکاری دکتۆرا بووە، ئەمەش هاوکارییەکی مەزنی کردووە بۆ ئەوەی ئاشنای پرسی کورد ببێت و گوتی: “بوونی عەزیز ئارسەلانی خوێندکارم هەلێكی گەورە بوو بۆ من، پێکەوە لە سەر پرسی کورد کارمان کرد، هۆکار بوو بۆ تێگەیشتنم لەم پرسە. لە ڤیەننا، ژنێڤ، هامبۆرگ وەک قسەکەر بەشداری چەندین کۆنفرانس بووم، دواتریش لە کاتی پەتای کۆرۆنادا، بانگهێشتی کۆبوونەوەکان کرام و ئەمە یارمەتیدەرم بوو. بۆیە لە نزیکەوە ئاگاداری پرسی کوردم”.
‘ڕۆژئاوا دەتوانێت ببێتە مۆدێلێک بەرانبەر سیستەمی سەرمایەداریی’
هاڵۆوەی دەستنیشانی کرد کە بزووتنەوەی زاپاتیست و بزووتنەوەی کوردی لە یەک دەچن و ئاماژەی بەوەدا هەردوو بزووتنەوەکە هەوڵ بۆ ڕێکخستنی گەل و کۆمەڵگە دەدەن وەک ئەڵتەرناتیڤێک بۆ دەوڵەت. هاڵۆوەی دەستنیشانی کرد لەبەر ئەم هۆکارەیە هاوڕای دیدگا و پارادایمی کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیی ڕێبەر ئاپۆیە کە لە بەرانبەر ئامرازی دەوڵەت، کۆمۆنەکان پێشنیار دەکات. هاڵۆوەی گوتی: “لە زۆر بابەتدا لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجالان هاوفیكرین، بەڵام خودی خۆم لەو باوەڕەدا نیم کە دەبێت پچڕانێک لە مارکسیزم درووست بێت. بەرهەمەکانی مارکس زۆر دەوڵەمەندن و ڕێگە بە مرۆڤ دەدەن بە شێوەیەکی هەندێک جیاوازتر هەڵسەنگاندنی بۆ بکات و بیگەیەنێت بەم سەردەمە.
ڕەخنەی بنەڕەتیی بەڕێز ئۆجالان لە مارکسیزم، کە جێگەی ڕێزمە، ئەوەیە تا ئەمڕۆیش مارکسیزمی کلاسیک لە پرسی پەیوەندیی هێز و هەژموونی دەسەڵاتدا لێکۆڵینەوەی کردووە و دەوڵەتی کردووە بە ڕوانگەی خۆی. بەڵام وەک لە نموونەکانی سۆڤییەت و چین دەردەکەوێت، دوای بە دەستهێنانی ئامرازی دەوڵەتی، گەل دەخرێتە دەرەوەی پرۆسەکەوە. مارکسیزمی کلاسیک ‘سەرمایەی مارکس’ـی وەک ڕەچەتەیەک دەبینی. هەڵبەتە ڕەخنەیەک بوو لەسەر ئابووری. مارکس نەک بە تەنها لەسەر دەسەڵات قووڵ نەدەبووەوە، هاوکات بە وردیی پەیوەندیی ئەبستراکی نێوان پارە و کاری سەرمایەداریشی هەڵسەنگاند. بۆیە مرۆڤ دەتوانێت بە ڕەتکردنەوە و وازهێنان لە لێکدانەوە نەرێنیانە، بگەڕێتەوە بۆ مارکس و نەریتی مارکسیستی بپارێزێت. بۆیە تیۆری عەبدوڵا ئۆجالان، تێکۆشانی بزووتنەوەی کورد و زاپاتیستی وا لە مرۆڤ دەکات دووبارە بیر لە ئەگەرەکانی شۆڕش بکاتەوە. بۆ نموونە ڕۆژئاوا دەتوانێت ببێت بە مۆدێلێک دژی سیستەمی سەرمایەداریی. ڕۆژئاوام نەبینوە، بەڵام هێندەی ئەوەی لە خوێندکارەکانمەوە تێیگەیشتبێتم، لە ڕووی دووبارە بنیادنانەوەی کۆمەڵگە لەسەر زەمینەی کۆمیناڵ، زۆر بە گرنگی دەبینم. هەروەها گۆڕانکاریی کۆمەڵگە لەسەر بنەمای ژن، ئابووریی هەرەوەزیی (کۆپەراتیڤ) و بەرهەمێنانی کۆمۆناڵ بەرانبەر سەرمایەداریی، زۆر گرنگە”.
‘تەڤگەری کورد هەنگاو دەنێت، بەڵام مەیلی حکومەتی تورک بۆ پاراستنی دۆخی زاڵە’
هاڵۆوەی سەرسامی خۆی بە دەستپێکردنی پرۆسەی نوێ دەربڕی و ئەمەی گوت: “بە تایبەت کاتێک بیرم لە هەلومەرجەکانی گۆشەگیریی دەکردەوە کە عەبدوڵا ئۆجالانی تێدایە و هەڵوێستی ئۆتۆریتەی حکومەتی تورکم لە بەرچاو دەگرت، بە ڕاستیی چاوەڕێی دۆخێکی لەم شێوەیە نەبووم. ئاگام لە دیداری نێوان بەڕێز ئۆجالان و حکومەت نەبوو؛ مسۆگەر سەرلەنوێ دەستپێکردنەوەی پرۆسەیەک شتەکانی پێچەوانە کردەوە. بێگومان وێڕای سەرسامبوونم، بە پێشکەوتنێکی زۆر گرنگی دەبینم. پێم وایە بۆ ئازادیی عەبدوڵا ئۆجالان و پێشەنگە کوردەکانی دیکە، بۆ بەرەوپێشچوونی کەلتووری کورد ئەمە زۆر گرنگە. دەسپێکردنەوە و پێشکەوتن لە دانوستانەکان لە تورکیا زۆر گرنگە. دەزانم ئەم دۆخە پەیوەندیی بە پێشهاتە جیهانییەکانەوە هەیە، لە وردەکارییەکانی پرۆسەکەدا نیم، بەڵام بەو پێیەی دانوستانەکە لەگەڵ دەوڵەتدایە، بێگومان مەترسیی خۆیشی هەیە. دەوڵەت میکانیزمێکی لەو جۆرەیە کە لە خۆیت دەگرێت و لەنێو خۆیدا هەڵتدەوەشێنێتەوە، بۆیە مەترسیی ئەوەیش لە ئارادایە تەڤگەری کورد لە داهاتوودا لە ڕیشە کۆمۆناڵ و شۆڕشگێڕییەکەی دوور بکەوێتەوە و لە ناو دەوڵەتدا کۆتایی بێت. بەڵام وەک ئەوەی لە دوورەوە تەماشای شتەکان دەکەم، تەڤگەری کورد بە نیاز و خواستی بەرەوپێشچوونەوە هەنگاو دەنێت. بەڵام مەیلی حکومەتی تورکیا لەسەر پاراستنی دۆخی زاڵ و هەنووکەییە”.



