تێپەڕاندنى سیستەمى سەرمایەداریی بەبێ کۆنترۆڵى دەوڵەت و دەسەڵات
هاڵوەی پێی وایە دەوڵەت خۆی ئامێرێکی سەرمایەدارییە، ئەگەر شۆڕشگێڕان دەسەڵاتی دەوڵەت بگرنە دەست، ئەوا خۆیان دەبنە بەشێک لەو سیستەمە ستەمکارە و شۆڕشەکە دەمرێت

جەبار ئەحمەد*
جۆن هاڵوەی (John Holloway) کۆمەڵناس و فەیلەسووفی دیاری مارکسیی (لەدایکبووى ساڵى ١٩٤٧، بە ڕەچەڵەک ئێرلەندیی و لە مەکسیک دەژی)، بە بۆچوونە جیاوازەکانی دەربارەی شۆڕش، دەوڵەت و سەرمایەداریی ناسراوە. بەناوبانگترین کتێبەکانی بریتیین لە (گۆڕینی جیهان بەبێ دەستگرتن بە سەر دەسەڵاتدا)، (درزخستنە نێو سەرمایەداریی)، (ئێمە قەیرانی سەرمایەیین)، لەو کتێبانەدا ئەو دیدەى شرۆڤە کردووە کە چۆن کۆمەڵگا بەرەو سۆسیالزم وەردەچەرخێت، چۆن دەتوانین سەرمایەداریی لەو دڕندە و دێوە زەبەلاحەوە بکەین بە جێهێڵدراوێکى مێژوویی.
هاڵوەى بە شوێنگۆڕینى پەیوەندییەکانى سوبێکت و ئۆبێکت لە دیالەکتیکى مارکسدا، تێزەکەى خۆی پێشکەش دەکات، واتا بە پێچەوانەى مارکسەوە کە مرۆڤ سوبێکتێکى دیلکراوە، دیلکراوى دۆخ و واقیع، دیلکراوى ئاماژە و نێردراوەکانى کاڵا و ئابوورىی، دیلکراوى ئەو بەهایانەى سیستەم دەیاننێرێت، ئەوا لاى هاڵوەى مرۆڤ خۆی نێرەرى ئاماژەکانە، تەنانەت خۆی درووستکەرەوەى سیستەم و هۆکارى بەردەوامییەتی، ملکەچىی مرۆڤی سوبێکتىی بۆ کاڵا و شمەکى ئۆبێکتىی بەرئەنجامى ناهۆشیاریی یاخود هۆشیاریی هەڵەى سوبێکتە نەوەک باڵادەستیى ئۆبێکت، لێرەوە دیالەکتیکى مرۆڤ – کاڵا، وەک سوبێکت-ئۆبێکت لاى هاڵوەى لە دیالەکتیکى مارکس دەترازێت و جیا دەبێتەوە، بەڵام لەو ڕایەڵەدا لەگەڵ مارکس دەمێنێتەوە کە هەردووکیان پێیان وایە سوبێکت دەتوانێت ئەو سیستەمە تێپەڕێنێت، لەو خاڵانەشدا جیا دەبنەوە کە هاڵوەى سوبێکت وەک سەرچاوەى بەرهەمهێنان و ئاماژەکان دەبینێت، بە بەرهەمهێنانى سیستەم و سەرمایەدارییشەوە، هەروەتر لە پرسەکانى سیستەم (سیستەم و سەرمایەداریی وەک یەک دەبینێت)، بە سۆسیالیستیکردن لە دەرەوەى دەسەڵات و دەوڵەت و سیستەم، لە مارکس جیا دەبێتەوە.
جەوهەر و کرۆکی بیرکردنەوەی جۆن هاڵوەی گۆڕینی جیهانە بەبێ گرتنەدەستی دەسەڵات، بۆیە ڕەخنە لە مۆدێلە کلاسیکییەکانی مارکسیزم و لینینیزم دەگرێت، کە پێیان وابوو بۆ ئەوەی گۆڕانکاریی بکرێت، دەبێت حیزبێک درووست بکرێت و دەسەڵاتی دەوڵەت بگرێتە دەست، هاڵوەی پێی وایە دەوڵەت خۆی ئامێرێکی سەرمایەدارییە، ئەگەر شۆڕشگێڕان دەسەڵاتی دەوڵەت بگرنە دەست، ئەوا خۆیان دەبنە بەشێک لەو سیستەمە ستەمکارە و شۆڕشەکە دەمرێت، بۆیە دەڵێت؛ ڕێگایی گۆڕانکاریی بە دەوڵەتدا تێناپەڕێت، هەروەها هاڵوەى دەوڵەت وەک (سەپاندنى دەسەڵات بەسەر…) دەبینێت، و لە بەرانبەردا داواى بەڕێوەبردن (تواناى ئەنجامدان) وەک بەدیلى دەسەڵات دەکات، یەکەمیان واتە دەسەڵات بە سەر خەڵکدا، وەک دەسەڵاتی پۆلیس، دەوڵەت و خاوەنکار، ئەمە دەسەڵاتی سەرکوتکەرە، بەڵام دووەمیان واتە توانای ئەنجامدان و درووستکردن، ئەمە ئەو هێزەیە وا مرۆڤەکان هەیانە بۆ گۆڕین و درووستکردنی ژیان، بۆیە پێی وایە شۆڕش وەک ڕێگەى گۆڕان و وەرچەرخان ئامانجی ئەوە نییە (دەسەڵات بە سەر) بگرێتە دەست، بەڵکوو ئامانجى ئەوەیە (توانای ئەنجامدان) ئازاد بکات، واتا شۆڕش بناغەى ئازادبوونە نەوەک کۆنترۆڵى دەسەڵات، ئەمەش بە هاوارى ڕەتکردنەوە دەست پێ دەکات، کە هاڵوەى بە (هاوارى نەخێر یان قیژەى نەخێر) گوزارشتى کردووە و دەڵێت؛ سەرەتای هەموو بیرکردنەوەیەکی ڕەخنەگرانە، (هاوارێکە) لە ناخەوە کە دەڵێت: (نەخێر! ئەم دۆخە قەبووڵ ناکەم)، و پێی وایە ئەم ڕەتکردنەوەیە بنەمای شۆڕشە، نەک تێزە و تیۆرە ئاڵۆزەکان و ئەو تووڕەیی و بێزارییەی لە سیستەمی سەرمایەداری یهەمانە، خاڵی دەستپێکى ئەم هاوارەیە.
لە کتێبی (درزخستنە نێو سەرمایەداریی)، هاڵوەی باس لەوە دەکات کە شۆڕش ڕووداوێکی گەورە نییە لە داهاتوودا ڕوو بدات، بەڵکوو پرۆسەیەکە ئێستا ڕوو دەدات، لە ڕێگەی درووستکردنی درز یان بۆشایی لە ناو سیستەمەکەدا، بۆ نموونە هەر کاتێک ئێمە کارێک دەکەین کە لەسەر بنەمای قازانج و پارە نییە (وەک هاوکاریی یەکتر، باخچەی گەڕەک، هونەری ئازاد، خۆشەویستیی)، ئێمە درزێکمان خستووەتە سەرمایەداریی، ئامانج ئەوەیە ئەم درزانە فراوان بکەین تا یەک دەگرنەوە و سیستەمەکە دەشکێنن. بە پێچەوانەی ئەو بیرکردنەوە باوەی کە دەڵێت؛ (سەرمایەداریی بەهێزە و ئێمە لاوازین)، هاڵوەی دەڵێت؛ سەرمایەداریی هەمیشە لە ترسدا دەژی، چونکە پشت بە (کار)ـی ئێمە دەبەستێت، کاتێک ئێمە ڕەتی دەکەینەوە ملکەچی یاساکانی بین، ئەوا تووشی قەیران دەبێت، بۆیە پێی وایە نابێت چاوەڕێی (ڕۆژی شۆڕش) بین یان هەوڵی گرتنی پەرلەمان و کۆشکەکان بدەین، بەڵکوو دەبێت هەر ئێستا و لە ژیانی ڕۆژانەماندا واز لەو پەیوەندییانە بهێنین وا لەسەر بنەمای پارە و دەسەڵاتن، لە بری ئەوە پەیوەندیی مرۆیی و ئازاد درووست بکەین. (مرۆڤەکان سوبێکتن، نەک ئۆبێکتى ملکەچ و قوربانیی).
هەروەها بۆ درزخستنە سیستەم، هاڵوەی دژی ئەوەیە مرۆڤ خۆی لە ناو شووناس یان ناسنامەی جێگیردا قەتیس بکات (وەک تەنها ناساندنی خۆی وەک کرێکار یان ژن یان نەتەوەیەک). ئەو دەڵێت؛ شووناسدان بە مرۆڤەکان جۆرێکە لە سنووردارکردن و سەرمایەداریی بەکاری دەهێنێت بۆ کۆنترۆڵکردن. شۆڕش و درزى سیستەم واتە بوونمان بە لێشاوێکی جووڵاو کە نامێنێتەوە و لە قاڵب نادرێت، ئەم دیدەشی لە پرسی سیستەم و دەرەسیستەمدا شرۆڤە کردووە، لە فەلسەفەی جۆن هاڵوەیدا، تێگەیشتن لە سیستەم و دەرەسیستەم (یان ئەوەی لە دەرەوەی لۆژیکى سیستەمەکەدایە) زۆر ورد و تایبەتە. هاڵوەى باوەڕی بە دابەشکارییەکی جوگرافیی نییە (واتە شوێنێک هەبێت سیستەم بێت و شوێنێک دەرەسیستەم)، بەڵکوو ململانێکە لە نێوان لۆژیکى سەرمایە و لۆژیکى ژیاندایە، کە لۆژیکى سەرمایە یاخود سیستەم، بنەماى لۆژیکى داخستن و شووناسپێدانى پۆلێنکراوە، واتا بۆ هاڵوەی، سیستەم تەنها حکومەت یان پۆلیس نییە، بەڵکوو بریتییە لە سەرمایەداریی وەک شێوازێکی ژیان و بیرکردنەوە، کە کۆمەڵێک تایبەتمەندیی هەیە، وەک پشتبەستن بە هێز بۆ کۆنترۆڵکردنى خەڵک و فەرمانکردن بە سەریاندا، شووناسپێدان بەو پێیەى سیستەم حەز دەکات هەموو شتێک پێناسە بکات و لە قاڵبی بدات، تۆ کرێکاریت، تۆ دەنگدەریت، تۆ بەکاربەریت، بە واتایەکى تر، سیستەم دەیەوێت مرۆڤ لە پۆلێک و لە ژێر شووناشێکدا جێگیر بێت و نەجووڵێت، ئەمەش بۆ ئەوەی بتوانێت کۆنترۆڵی بکات، هەروەها سیستەم چالاکییە مرۆییەکان دەگۆڕێت بۆ کارێکی کرێگرتە کە تەنها ئامانجی قازانجە، لە نێو سیستەمدا مرۆڤ بۆ پارە کار دەکات نەک بۆ چێژ و سوودی کۆمەڵایەتیی، سیستەم کات دەکاتە پارە، کات دەبێتە پێوەرێکی وشک و یەکسان بۆ هەمووان، دوور لە کاتی سرووشتیی و مرۆیی. بە کورتیی سیستەم هەوڵ دەدات ژیان کۆت بکات و بیخاتە ناو سندووقی قازانج و یاساکانییەوە.
لاى هاڵوەى بەرانبەر سیستەم، پنتێکى تری مەجازییمان هەیە و دەرەسیستەمە، بەڵام بۆ سەرەتا پێویستە لە درز و بۆشاییەکانى سیستەمەوە هەنگاو بنێین، هاڵوەی دەڵێت: ئێمە ناتوانین بچینە دەرەوەی سیستەمەکە (چونکە هەموومان لە نێو جیهانی سەرمایەدارییدا دەژین)، بەڵام دەتوانین دەرەوەیەک درووست بکەین. لاى هاڵوەى ئەوانەی دەکەونە دەرەوەی لۆژیکى سیستەمەکە، بریتین لە: یەکەم توانای ئەنجامدان، کە هێزی داهێنەرانەی مرۆڤە، کاتێک خەڵک پێکەوە شتێک درووست دەکەن بەبێ ئەوەی کەسێک فەرمانیان بە سەردا بکات، ئەوا لەو ساتەدا لە دەرەوەی سیستەمەکەدان. دووەم لێشاو و جووڵە، ژیانی مرۆڤ وەک ڕووبارێکە، بەردەوام دەگۆڕێت، سیستەم دەیەوێت ئەم ئاوە لە ناو بۆڕی و بەنداو (ناسنامە و یاسا) قەتیس بکات، (دەرەسیستەم) بریتییە لەو ساتانەی ژیان لە بەنداوەکان دەچێتە دەرەوە و سەرڕێژ دەکات. خاڵى سێیەم بریتییە لە درزەکان، ئەمە گرنگترین چەمکی هاڵوەیە بۆ دەرەسیستەم، و پێی وایە شۆڕش ئەوە نییە سیستەمەکە بڕووخێنیت و دانەیەکی نوێ درووست بکەیت، بەڵکوو ئەوەیە درزی تێ بخەیت. چوارەم کردن بەرانبەر کار، بە پێچەوانەی کار کە هی سیستەمە، کردن هی مرۆڤە، کردن واتە چالاکییەک کە مانای هەیە و مرۆڤ خۆی بڕیاری لە سەر دەدات نەک بەڕێوەبەرێک یان بازاڕ.
هاڵوەی پەیوەندیی نێوان سیستەم و دەرەسیستەم بۆ سێ ئاست و قۆناغی (لەناو، دژ و تێپەڕاندن) دابەش دەکات، قۆناغی یەکەم کە قۆناغی (لەناو)ـە: پێی وایە لەم فۆرمەیاندا ئێمە هەموومان لەناو سیستەمەکەین، پێویستمان بە پارەیە، دەچینە سەر کار، ملکەچی یاساین. بەڵام لە قۆناغی (دژ)ـدا، هاوکات ئێمە مرۆڤین و دژی ئەو بەکاڵابوونەین، ئێمە هاوار دەکەین و ڕەتی دەکەینەوە ببینە ڕۆبۆت. کۆتا قۆناغیش قۆناغی (تێپەڕاندن)ـە: کاتێک درز درووست دەکەین، ئێمە بۆ ساتێک سیستەمەکە تێدەپەڕێنین و جیهانێکی نوێ لەناو دڵی جیهانە کۆنەکەدا دادەهێنین، ئەمە ئەو دۆخەیە کە دەرەسیستەم لەناو سیستەمەدا درووست دەکەین. بە واتایەکى تر لای جۆن هاڵوەی، سیستەم ئەو هێزەیە کە دەیەوێت ئێمە بکاتە کاڵا و ملکەچ، بەڵام دەرەسیستەم شوێنێکی دوور نییە، بەڵکوو ئەو ساتەوەخت و چالاکییانەیە وا ئێمە تێیدا ڕەتی دەکەینەوە ملکەچ بین و پەیوەندییەکی مرۆیی ڕاستەقینە درووست دەکەین، ئەو پێی وایە سەرمایەداریی کونکون بووە (درزی تێ بووە)، ئەویش بەهۆی ئەم کردە مرۆییانەوە، سا ئەرکی ئێمە ئەوەیە ئەم درزانە فراوان بکەین تا هەموو سیستەمەکە دەگرێتەوە.
لێرە پرسیارێک دێتە بەردەممان: ئایا تێپەڕاندنى سیستەم و سەرمایەداریی یاخود سیستەمى سەرمایەداریی، ئایا فراوانکردنى درزەکانى سیستەم تا دەگات بە وڕوخانى لە ڕێگەى دەوڵەت و دامەزراوەکانییەوە دەبێت؟ ئایا پێویستمان بە بوونى دەوڵەتێکى سۆسیالیستییە بۆ بەرەنگاریى لە هەمبەر سەرمایەداریی؟ ئەى دەوڵەت دەکەوێتە کوێی تێزەى هاڵوەى بۆ بەرەنگاریى سەرمایەداریی؟
لە ڕوانگەی جۆن هاڵوەیەوە، دەوڵەت تەنها پۆلیسێک نییە بە دارێکەوە وەستابێت بۆ پاراستنی دەوڵەمەندەکان، بەڵکوو بابەتەکە زۆر لەوە ئاڵۆزتر و قووڵترە. هاڵوەی پێی وایە دەوڵەت بەشێکە لە خودی پێکهاتەی سەرمایەداریی، نەک تەنها ئامرازێک بە دەستیانەوە، بۆیە هەوڵی داوە ئەو بۆچوونەى خۆی بە چەند خاڵێک ڕوون بکاتەوە کە چۆن دەوڵەت وەک پارێزەری سەرمایەداریی کار دەکات، پێی وایە دەوڵەت فۆرمێکی کۆمەڵایەتیی سەرمایەدارییە و ڕەخنە لەو بۆچوونە دەگرێت وا دەڵێت دەوڵەت ئامێرێکی بێلایەنە و کێ بیگرێتە دەست، دەتوانێت بە ئارەزووی خۆی بەکاری بهێنێت، وەک دەڵێت؛ دەوڵەت وەک چەکوش نییە کە هەم بۆ درووستکردن و هەم بۆ تێکدان بەکار بێت، بەڵکوو دەوڵەت خۆی لە سەر بنەمای جیاکردنەوەی خەڵک لە دەسەڵات درووست بووە، بوونی دەوڵەت بەو شێوەیە (پەرلەمان، یاسا، پۆلیس) خۆی لە خۆیدا پارێزەری مانەوەی سیستەمەکەیە، هەر بۆیە ناکرێت لە ڕێگەی دەوڵەتەوە سەرمایەداریی لەناو ببەیت، چونکە دەوڵەت خۆی بەشێکە لە جەستەی سەرمایەداریی.
لاى هاڵوەى خاڵێکى تر کە دەوڵەت بەسیستەمەوە گرێ دەدات، بریتییە لە تێکەڵببونى تەواوەتیى ئابووریی و سیاسەت، و پێی وایە جیاکردنەوەی سیاسەت لە ئابووریی، هیچ نییە بێجگە لە خەڵەتاندنێکی گەورە و یەکێک لە گەورەترین فێڵەکانی سەرمایەداریی کە دەوڵەت ئەنجامی دەدات، دابەشکردنی ژیانە بۆ دوو بەش، بەشی ئابووریی وەک شوێنی کار، بازاڕ، قازانج و چەوساندنەوە، کە دەوڵەت دەڵێت ئەمە کەرتی تایبەتە و پەیوەندیی بە منەوە نییە، بەشی سیاسەت، وەک دەنگدان، مافی مرۆڤ و هاوڵاتییبوون، کە دەوڵەت دەڵێت ئەمە شوێنی منە. واتا بەم جیاکردنەوەیە، دەوڵەت ڕێگە دەدات کرێکار لە کارگەکەدا بچەوسێنرێتەوە (لەژێر ناوی ئابووریی ئازاد)، بەڵام لە دەرەوەی کارگە پێی دەڵێت؛ تۆ هاووڵاتییەکی ئازادیت و مافی دەنگدانت هەیە، ئەمە تووڕەیی خەڵک دادەمرکێنێتەوە و وایان لێ دەکات وا هەست بکەن ئازادن، لە کاتێکدا لە ڕووی ئابوورییەوە کۆیلەن. بۆیە هاڵوەى زۆرکات وەسفى دەوڵەت وەک فلتەر و ساردکەرەوەی شۆڕش دەکات، و پێی وایە دەوڵەت میکانیزمێکە بۆ هەڵمژینی تووڕەیی جەماوەر و گۆڕینی بۆ شتێکی بێ زیان، کاتێک خەڵک تووڕە دەبن و دێنە سەر شەقام (هاوار دەکەن)، دەوڵەت دەڵێت تکایە هاوار مەکەن، نوێنەر بنێرن بۆ پەرلەمان یان پڕۆژەیەک پێشکەش بکەن، بەم شێوەیە، داواکارییە شۆڕشگێڕییەکان دەگۆڕێن بۆ داواکاری یاسایی و چاكسازیی، واتا دەوڵەت شۆڕش بە دامەزراوەیی دەکات و دەیخاتە ناو چوارچێوەیەکەوە کە مەترسیی بۆ سەر سەرمایەداریی نەبێت.
یەکێک لە ئەرکەکانى دەوڵەت بریتییە لە کەڵەکەکردنى سەرمایە، بە واتایەکى تر دەوڵەت مانەوە و ڕۆڵ و ئاسایش و کاریگەریى خۆی لە ڕێژەى سەرمایەى کەڵەکەبوویدا دەبینێتەوە، ئەمەش واتاى پشتبەستنی تەواوەتیى دەوڵەت بە کەڵەکەبوونی سەرمایە، تەنانەت ئەگەر حکومەتێکی سۆسیالیستیش بێتە سەر دەسەڵات، ئەوا ناچارە سەرمایەداریی بپارێزێت، لەبەر ئەوەى دەوڵەت پارەی نییە، پارەی دەوڵەت لە ڕێگەى باجەوە دێت و باج لە (قازانجی کۆمپانیاکان) و (مووچەی خەڵک) وەردەگیرێت، ئەگەر کۆمپانیاکان قازانج نەکەن (سەرمایەداریی لاواز بێت)، دەوڵەت مایەپووچ دەبێت و دەڕووخێت، بۆیە هاڵوەى پێی وایە هەر دەوڵەتێک بۆ ئەوەی بمێنێتەوە، ناچارە ژینگە بۆ قازانجی کۆمپانیاکان و گەشەی سەرمایەداریی خۆش بکات، کەواتە دەوڵەت هەر ناونیشان و سیستەم و فۆرمێکى هەبێت، بە سرووشتی خۆی کۆیلەی سەرمایەدارییە و پارێزەرى سیستەمەکەیە. هەروەها ئەگەر سەرمایەداریی پێویستی بەوە بێت هەموو شتێک ڕوون و ژمێردراو و پۆلێن و کۆنترۆڵکراو بێت، وەک لە سەرەوە ئاماژەمان بۆی کرد، ئەوا دەوڵەت ئەم ئەرکە جێبەجێ دەکات ، ئەویش لە ڕێی پێدانی ناسنامە و پۆلێنکردنى خەڵک لە ڕێگەى دامەزراوەکانییەوە، دەوڵەت پێت دەڵێت؛ دەبێت پاسپۆرت، ناسنامە، ژمارەی باج، و ناونیشانت هەبێت، ئەمەش واتاى ئەوەى مرۆڤەکان ببنە ژمارە و (بکەر – سوبێکت)ـەکان ببنە (شت – بابەت – ئۆبێکت)، کاتێکیش تۆ دەبیتە ژمارەیەک لە داتابەیسی دەوڵەتدا، ئەوا ئاسانتر کۆنترۆڵ دەکرێیت و ئاسانتر دەکرێیتە بەشێک لە بازاڕی کار.
دواجار و لە کۆتاییدا ئەرکە هەرە سەرەکییەکەى دەوڵەت لە بوونى هێزى سەرکوتکردندا دەردەکەوێت، واتا ئەگەر هەموو ئەمانەی سەرەوە کاریان نەکرد و خەڵک درزیان خستە سیستەمەکەوە، ئەوا دەوڵەت ڕووە ڕاستەقینەکەی خۆی دەردەخات کە (هێزی ڕووت)ـە، پۆلیس، سوپا و زیندانەکان دواین هێڵی بەرگریی سەرمایەداریین بۆ پاراستنی خاوەندارێتیی تایبەت، هاڵوەی دەڵێت؛ توندوتیژیی دەوڵەت نیشانەی بەهێزی نییە، بەڵکوو نیشانەی ئەوەیە کە میکانیزمە نەرمەکانی کۆنترۆڵکردن (وەک یاسا و پەروەردە) شکستیان هێناوە. بۆیە جۆن هاڵوەی جەخت لەوە دەکاتەوە، کە دەوڵەت دژ بە سەرمایەداریی نییە و ناتوانێت ببێتە ئامرازی ڕزگاریی، دەوڵەت خۆی شێوەیەکە لە شێوەکانی مانەوەی سەرمایەداریی و ڕزگاربوون لە سەرمایەداریی بە گرتنەدەستی دەوڵەت ناکرێت، بەڵکوو بە پشتکردنە دەوڵەت و درووستکردنی پەیوەندیی کۆمەڵایەتیی نوێ لە دەرەوەی دەوڵەت دەکرێت.
*- مامۆستاى فەلسەفەى سیاسیی لە کۆلێژى زانستە سیاسییەکانی زانکۆی سلێمانى



