گۆشەی ئازد

تراومای دینی چییە؟

یاسین بانیخێڵانی

ئەم بابەتە یەکێکە لەهەستیارترین بابەتەکانی نەخۆشی دەروونی، کە بۆ یەکەمجار مارلین وینێڵ لە ئەمەریکا، ئەم چەمکەی هێنایە ئاراوە، دوای ئەو سوزانە گودوێڵ پەرەی بەو چەمکە دا. لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٥ ڕیبا ڕەیلی کتێبێکی بڵاوکردەوە ناوی ناوە نیشانەکانی پۆست تراومای کڵێسا (Post-Traumatic Church Syndrome) ئەم نەخۆشییە بۆیە ڕیبا ڕەیلی ناوی ناوە پۆست تراوما، چونکە لەسەرووی تراوماوەیە، واتە لە ڕێگای کڵێساکانەوە مرۆڤ بەر زەبرێکی ڕۆحی گەورە دەکەوێت، کە دواتر لە کۆمەڵێک نەخۆشی دەروونی قوڵدا خۆی دەبینێتەوە.

ئەگەر من بە پێی ئەزموونی خۆم ئەم ڕستە وەربگێڕم بۆ سەر زمانی خۆمان، لە کاتێکدا کڵێسە هەمیشە بەهۆی ئەو کەشەی بۆی درووستکراوە، مۆسیقایەکی ئارامی کلاسیکی، ڕازاندنەوە بە تابلۆ و پەیکەری سەرنجڕاکێش ئارامییەکی زۆر بە ڕۆحی مرۆڤ دەبەخشێت. لە کاتێکی وادا وەک ئەو دەڵێت: ” کاتێک سەردانی کڵێسا دەکەیت، لە خۆتەوە غەمگین دەبیت، حەز دەکەیت بگریت…”

ئەی ئەگەر ئەمە لەگەڵ مزگەوتێکدا بەراورد بکرێت، دەبێت چەند کاریگەری لەسەر بیر و هزری ئەو مرۆڤانە بکات، کە سەردانی مزگەوتێک دەکەن؟

تراوما خۆی لە ئەنجامی زەبرێکی ڕۆحی و برینداربوونی ڕۆح درووست دەبێت، کە ڕەنگە کەمتر لە چرکەیەک بخایەنێت، بەڵام بۆ چارەسەرکردنی ساڵانێکی زۆری دەوێت، تا ئەو مرۆڤە بگەڕێتەوە سەر دۆخە تایبەتییەکەی خۆی پێش ڕووداوەکە.

یەکیك لەهەرە نیشانە دیارەکانی پۆست تراومای دینی ترسە، ترس لە دۆزەخ، ئەمەش پیاوانی ئایینی بەردەوام جەختی لەسەر دەکەنەوە، بۆ ئەوەی کۆمەڵگە و خەڵک لەو جۆرە فۆرمەی ژیان، کە خۆیان دەیانەوێت بەرجەستە بێت، وەک ئەوەی لە نێوان رەنگی ڕەش و سپیدا هیچ ڕەنگێکی تر نەبێت، ئەمەش گیرۆدەبووکانی ئەم دەردە بەرەو دوو کەسایەتی (Dissociative identity disorder) و خەمۆکی دەبات، بۆیە هەمیشە کەسێکی پەڕگیر، توندڕە و ترسنۆک درووست دەکات و پێی وایە هەڵسوکەوتی ئەوانی تر، کە بەو شێوەی وەک ئەو بیرناکەنەوە ژیانی ئەم لە دۆزەخ نزیک دەکەنەوە، بۆیە بەردەوام لەهەوڵی ئەوەدان ئەوانی تر بهێننە ژێرباری بیرکردنەوەی خۆیان، کاتێکیش، کە ئەمە ناتوانن پەلامار دەدەن و پێیان وایە، ئەمانە بوون بە بەدبەختی بۆ ژیانی ئەو.

ئەڵبەتە ئەگەر کاتم هەبێت، دواتر لەسەر کاریگەری تراومای دینی لە ڕووی پەروەردەییەوە قسەم دەبێت، کە چۆن ئێمە نەوەی تێکشکاو، ترسنۆک و دەردەدار فڕێ دەدەینە ناو کۆمەڵگەوە، بە تەنها لەبەر ئەوەی لەخۆمان بچن، لە کۆمەڵگە بچن. ئەم هەموو بیمارە ڕۆحی و دەردارەی باشووری کوردستان هۆکاری دینە.

پیاوانی ئایینی دەیانەوێت خەڵک لەوان نزیکتر بن تا خودا، ئەوانەی توشی تراومای دینی دەبن لە پیاوە ئایینییەکان نزیکترن وەک لە خودا، پیاوانی ئایینی هەمیشە بە ناوی خوداوە مرۆڤ بە جۆرێک دەتۆ‌قێنن، کە تۆ هیچ خۆشەویستییەکت بۆ خودا نەبێت بەڵکو لە خودا بترسیت

زیاتر ببینە

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button


هاوبەشیی بکە.