گۆشەی ئازد

بەرخۆدانی ڕۆژئاڤا؛ تاقانەی ئازادییە

 شۆڕشی ڕۆژئاوا بە زمانی ئازادیی، کەلتووری شەڕ و دڕندەیی و کوشتار و فەلاکەت و تیرۆری چەتەیی، واتە ژیانی خراپ کە ئەحمەد شەرع ئێستا نوێنەرایەتیی دەکات

گۆران لەتیف

 

 

ئێمە بۆ ئەوە درووست نەبووین هەرزان بمرین، ئێمە خوێنمان بۆ ژیانێکی ئازاد دەڕێژین و بە ئازادیی دەمرین. ‘ڕۆهڵات عفرین’

ڕۆژئاوای کوردستان تا ئەمڕۆکە بە  زمانی ئازادیی نەبێت قسەی نەکردووە، واتە تا ئەو ئاستەی وا پەیوەندیی بە دەربڕینەکانییەوە هەیە، پێی ئازادیی هێناوەتە ناوجەرگەی گۆڕەپانی ڕۆژهەڵاتی ناویین و توند بە عەرزدا دەیکێشێت و بە شۆڕشگێڕانە هەڵدەپەڕێت. هەروەتر لە هاوارە شۆڕشگێڕەکانیدا باس جگە لە باسی ئازادیی نییە. ڕۆژئاڤا ئەو درووشمە گرنگ و تۆکمەیەی «ژن – ژیان – ئازادیی» بەرجەستە کردووە کە بە چەپڵە و لە چۆپیکێشاندا دەیڵێتەوە و لە هاوارەکانیدا وێردی سەرزمانێتی. لەم ڕووەوە پەیوەندییەکی ڕوون هەیە لە نێوان باوەڕ و ئازادییدا.

ڕاستیی ئەوەیە، مۆدێلی ڕۆژئاوای کوردستان زمانێکی نوێ و تایبەت بە خۆی درووست کردووە، کە دەتوانرێت بگوترێت زمانی ئازادیی خۆی لە «ژن، ژیان، ئازادیی»ـدا مانیفێست دەکات. ئەو مانیفێستبوونە بەراورد بە مێژوو و جیۆپۆلەتیکی ناوچەکە سەرومڕ جیاوازە و هیچ شوێنەوارێکی دووبارەبوونەوەی پێوە نابینێرێت، چونکە کۆمەڵێک داهێنانی زمانەوانیی پێشکەش کردووە، لە شێوەی ژمارەیەکی زۆر چەمک، هاوار، گۆرانیی، وتار، بەڵگەنامە، دێکۆمێنت و مانیفێست و… هتد.  زمانێکی نوێ” ــی درووست کرد کە هەوێنی گوتار و بیرکردنەوەی نوێ و بوونێکی نوێیە.

ڕاستییەکەی ڕۆژئاوا توانیویەتی ئەوەی دەیەوێت و ئەوەی نایەوێت پشتئەستوور بە زمانی ئازادیخوازانەی خۆی، خۆی ڕوون بکاتەوە. بێگومان «ژن، ژیان، ئازادیی» تەنێ درووشمێک نییە، بەڵکوو داهێنانێکی چەمکسازییە بۆ ژیانێکی نوێ کە لە ڕێگەیەوە دەتوانین هەم پەنجە بۆ ئازادیی درێژ بکەین، هەم بە ئازادیی بژین و هەم نموونەیەکی ئازادیخوازانە بێت بۆ کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناویین و جیهان بە گشتیی.

سەرەتاتکێ و سەرهەڵدانەوەی داعش و چەتە توندڕەوە مەزهەبییەکانی سووریا و بەکرێگیراوەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک کە لەم ڕۆژانەدا بووەتە ڕۆژەڤ، پێویستە بە زمانێکی دیکە ڕووبەڕووی ببینەوە، ئەمەش بە زمانێکی ئازادیخوازانە دەبێت کە ئەمڕۆکە تەنیا مۆدێلی ڕۆژئاوای کوردستان پێشەنگایەتیی دەکات. بەڵێ، ڕۆژئاوا لێرەوە دەنگ هەڵدەبڕێت و زمانی ئازادیخوازیی دەهێنێتە نێو گۆڕەپانی ململانێی ناوچەکەوە و بە ئایدیای «ژن، ژیان، ئازادیی»ـەوە دەڵێت: با ئازاد بین. دەمانەوێت لە هێزە دەسەڵاتخواز و دەوڵەتە داگیرکەرەکان ئازاد بین، لە هەموو ئەوانەی ژیانی ئێمە داگیر دەکەن، لە ترس ئازاد بین، بەرخۆدان دەکەین و دەمانەوێت لە بەکەنیزەکردن و ئەنفال و کارەسات ئازاد بین، دەمانەوێت لە هیچبوون ئازاد بین، ئازادیخوازیی ئێمە هەمان ڕەتکردنەوە و نەهێشتنی “ژیانی خراپ”ــه. بەرخۆدانێکی ڕۆژئاوا خەباتێکە بۆ ئازادیی و ڕەتکردنەوەی ناوەندگەرایی دەسەڵات و دەوڵەت.

بێگومان بەرخۆدانی ڕۆژئاوا تەنیا بۆ ئازادبوون لە شتێک نییە، بەڵکوو خەبات و بەرخۆدانە بۆ ئازادکردنی خودی ژیان،  بۆ ئازادکردنی توانا و لێهاتوویی و ماتەوزەی ژیانە، بۆ ژیانێکی ئازاد. ڕۆژئاوای کوردستان لە ئاستانەی دۆزینەوەی زمانی خۆیدایە و دەڕوات و بەردەوامە، لەگەڵیدا  زمانێکی ئازادیخوازانەی بونیات ناوە و زمانی شۆڕشگێڕیی خۆی دۆزیوەتەوە کە لە دەوری “نەتەوەی دیموکراتیک، ئازادیی ژن و ژینگەناسیی”ـدا  دەسوڕێتەوە.

بۆیە هەر پێشوەختە ڕۆشتە سەر کێشەی زمان: چۆن لە خۆی تێدەگات، ئەوە چییە نەفی دەکات، بۆچی نەفی دەکات و بۆچی نایکات، چۆن ناوی خۆی دەنێت و خواست و ویستەکانی (نەهێشتن و ڕەتکردنەوە و سەرپێچییەکانی) لە شێوەی چ چەمکێکدا دادەڕێژێت؟

 شۆڕشی ڕۆژئاوا بە زمانی ئازادیی، کەلتووری شەڕ و دڕندەیی و کوشتار و فەلاکەت و تیرۆری چەتەیی، واتە ژیانی خراپ کە ئەحمەد شەرع ئێستا نوێنەرایەتیی دەکات، دەگۆڕێت بۆ ئاسۆی درووستکردنی ژیانی ئازاد. لەم ئاسۆ نوێیەدا شۆڕشی ڕۆژئاوا نەک تەنیا کردەیەکە بەرانبەر قەیران و بیروباوەڕە توندەڕەوە بێزراوەکان، بەڵکوو ساتێکی شکۆدارە لە مێژووی ئازادیخوازیی کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناویین و جیهان. لەم شۆڕشدا ژیان بە ناوی ئازادییەوە دەگەڕێتەوە، ئەمەش بۆ ئەوەی ژیانێــکی ئازاد و واتادار بێت.

زیاتر ببینە

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button


هاوبەشیی بکە.