گۆشەی ئازد

بۆ خۆشەویستی یان پاره

ئەو خۆشەویستییەی كە وەك یەكخستن درك كراوە، بەربەستێكە. ئەم خۆشەویستییە نارسیستییە –خۆشەویستیی هەمان و خۆشەویستیی بوون بە هەمان– دەشێت وەك فۆرمێكی سیاسییانەی خۆشەویستی درك بكرێت

مایكڵ هارت

لە ئینگلیزییەوە: ئەكبەر حەسەن

گوزارەی “بۆ خۆشەویستی یان پارە” به ‌گشتی بۆ ئاماژەكردن بۆ دوو دژبەر[1] بەكار دەهێنرێت كە سەرلەبەری مەودای نێوانیان دادەپۆشێت. “بۆ خۆشەویستی یان پارە ئەمە ناكەم” واتە ئەمە لە بەرامبەر هیچ شتێكدا ناكەم. هەرچۆنێك بێت، دەشێت سەرنجڕاكێش بێت كە ئەم یان[2]ـە نەك وەك پێكدژییەك[3]، بەڵكو وەك نیشانەكردنی وەزیفەیەكی هاوبەش لە نێوان خۆشەویستی و پارەدا بخوێنینەوە، شتێكی وەك یان لە دەستەواژە بەناوبانگەكەی سپینۆزادا (خودا یان سروشت)[4]، كە بە مشتومڕەوە بانگەشەی ئەوە دەكات خودا یان سروشت دوو ناون بۆ خودی جەوهەر[5]. نیازم نییە ئەوە بخەمە ڕوو كە خۆشەویستی و پارە هەمان شتن، بەڵكو نیازم‌ دانانی ئەم دوانەیە لە نێو پەیوەندییەكدا‌ كە دەشێت هێزی خوڵقاندن و پاراستنی پەیوەستییە كۆمەڵایەتییەكان[6] كەشف بكات كە بۆ پارە گونجاون و دەشێت (لەوانەشە پێویست بێت) ئەركی خۆشەویستی بن. دانانی خۆشەویستی لە پەیوەندیدا بە هێزی پارەوە، دەشێت یارمەتیمان بدات بۆ چێكردنی تێگەیشتنێكی سیاسییانە لە خۆشەویستی بە شێوەیەكی گونجاو.

پێم وایە ئێمە ئەو تێگەیشتنە سیاسییەمان بۆ خۆشەویستی نوقسانە و وشەنامەی سیاسیی هاوچەرخمان گرفتاری ئەم نوقسانییەیە. تێگەیشتنی سیاسییانە لە خۆشەویستی، هیچ نەبێت، گوتار و پراكتیكە سیاسییەكانمان بە دوو ڕێگەی گرنگ ئاڕاستە دەكاتەوە. یەكەم، ئاڵنگاری ئەو تێگەیشتنە تەقلیدییە دەبێتەوە كە لۆژیكی بەرژەوەندییە سیاسییەكان لە ژیانە كاریگەرەكەمان جیا دەكاتەوە و عەقڵی سیاسی ڕووبەڕووی تاسەكان[7] دەكاتەوە. تێگەیشتنێكی سیاسییانە لە خۆشەویستی دەبێت لە یەك كاتدا عەقڵ و تاسە بخاتە شوێنی خۆیان. دووەم، خۆشەویستی بزوێنەری هەردوو شێوەگۆڕكێ و درێژەكێشان یان بەردەوامییە. ئێمە خۆمان لە خۆشەویستیدا ون دەكەین و ئەگەردارێتیی جیهانێكی نوێ واڵا دەكەین، بەڵام لە هەمان كاتدا خۆشەویستی پەیوەستییەكی بەهێز چێ دەكات كە سەقامی هەیە و درێژە دەكێشێت.

هەرچۆن بێت، بۆم دەركەوتووە هەوڵدان بۆ پەرەدان بە تێگەیشتنێكی سیاسییانە لە خۆشەویستی لەمڕۆدا زنجیرەیەك بەربەستی دێتە پێش. سەرەتاییترینی ئەو بەربەستانە لەو ڕاستییەوە سەرچاوە دەگرێت كە بۆچوونە شەخسییەكانمان بۆ خۆشەویستی و بۆچوونە كۆمەڵایەتییەكانمان وا سەیر كراون بە شێوەیەكی ڕیشەیی لێك دابڕاون و تەنانەت لێك جیاوازن. بۆ نموونە، خۆشەویستیی جووت و خۆشەویستیی خێزان، تێگەیشتنە زاڵەكە لە خۆشەویستی لە وشەنامەی هەنووكەماندا زۆر جار وا سەیر كراوە كاروبارێكی تایبەت بێت، لە كاتێكدا خۆشەویستیی وڵات، كە لەوانەیە بەربڵاوترین فۆرمی گشتیی ددانپێدانراوی خۆشەویستی بێت لەمڕۆدا، زۆر جار وەك پرۆسەیەك لە دەرەوەی فەزای هۆگریی شەخسی[8] بینراوە. بۆ ئەوەی بەسەر ئەم بەربەستەدا زاڵ ببین، تەنها ئەوەندە بەس نییە بزانین چۆن پلەبەندییەكانی هێز لە پەیوەندیی تایبەتی و شەخسیی خۆشەویستیدا مۆبیلیزە كراون و ڕێك خراون، یان چۆن [پەیوەندییە خۆشەویستییە] شەخسییەكان خراونەتە نێو فۆرماسیۆنی نیشتیمانپەروەری و فۆرمە گشتییەكانی دیكەی خۆشەویستی‌. دەشێت شیكاریی لەم جۆرە زۆر گرنگ ‌بێت، بەڵام بۆ خوڵقاندنی تێگەیشتنێكی سیاسییانە لە خۆشەویستی بەس نییە. من دەڵێم تێگەیشتنێكی سیاسییانە لە خۆشەویستی دەبێت ئەم چوارچێوانە تێ بپەڕێنێت، دابەشكردنە تەقلیدییەكەی نێوان كەسی و سیاسی بخاتە ڕوو، توانای هەبێت بۆ خوڵقاندنی ئەو پەیوەستییانەی كە لە یەك كاتدا شەخسی و كۆمەڵایەتییشن.

بەربەستی دووەم و لەوانەیە گرنگتریش، كە مامەڵەی لەگەڵ دەكەم، پەیوەندیدارە بە یەكخستنی كواڵیتییەكان، پراكتیكەكان و ئامانجەكانی خۆشەویستییەوە وەك ئەوەی لەمڕۆدا لە هەردوو فەزای تایبەت و گشتیدا درك كراوە. بە گشتی، خۆشەویستی چ ئەو پەیوەستییەی كە كەسانێك ئەزموونی دەكەن و [هێشتاش] وەك خۆیان دەمێننەوە، چ ئەو پرۆسەی یەكخستنەش كە بە هۆیەوە جیاوازییەكان تەخت دەكرێن یان دەخرێنە لاوە، دیاری دەكات. بۆ نموونە، نەك تەنها فیلمە بێشومارەكانی هۆڵیود و ڕۆمانە ڕۆمانسییەكان، بەڵكو [بەرهەمە] كلاسیكییەكانی ئەدەبی ڕۆمانتیك و ترادسیۆنە تیۆلۆجییە گەورەكانیش ئەوەیان بۆ دەرخستووم لە خۆشەویستیدا نیوەكەی تری خۆم دەدۆزمەوە، ئەو بەشە مەتەڵە ونبووەی كە تەواوم دەكات و یەكێتی بەدی دەهێنێت. بە هەمان شێوە، نیشتمانپەروەری و ناسیۆنالیزمیش ئامانجیانە جیاوازییەكانمان بخەنە لاوە و لە پرۆژە سیاسییەكاندا، كە لە بەرژەوەندیی و‌ڵاتەكەمانە، بمانكەن بە یەك و پەیوەستییەكی كۆمەڵایەتی و نەتەوەیی بخوڵقێنن. هەروەها دەشڵێم –بەڵام ئەمە شیكاریی ورد و دەقیقی خۆی دەوێت– ئەو پرۆژانەی شوناس كە بە شێوەیەكی تەقلیدی درك كراون، لە نێویشیاندا ئەو شوناسانەی بنەماكەیان چین، ڕەگەز، جێندەر و سێكسواڵیتین، بەپێی تێگەیشتنێكی هاوشێوە له ‌خۆشەویستیی گشتی هەڵدەسووڕێن: ئەم شوناسانە لەسەر بنەمای دداننان بە هەمانێتی[9] دامەزراون و لە میانەی پرۆسەی یەكخستنەوە هەڵدەسووڕێن، جیاوازییەكان لە بەرژەوەندیی هەمان و ئەوەی یەكێتییەكە چێ دەكات، دەخەنە لاوە یان تووڕیان دەدەن.

ئەو خۆشەویستییەی كە وەك یەكخستن درك كراوە، بەربەستێكە. ئەم خۆشەویستییە نارسیستییە –خۆشەویستیی هەمان و خۆشەویستیی بوون بە هەمان– دەشێت وەك فۆرمێكی سیاسییانەی خۆشەویستی درك بكرێت، بەڵام خۆشەویستییەك كە بەدیهێنەری كۆنپارێزترین پرۆژە سیاسییەكانە: خۆشەویستیی ڕەگەز كە بنەماكەی باڵایی سپیپێستە، خۆشەویستیی نەتەوە كە زەمینەكەی ناسیۆنالیزمە، ئەم دوو جۆرە خۆشەویستییەی ڕەگەز و نەتەوە پاڵپشتیی فاشیزم دەكەن، بەم شێوەیە…[10] لە ڕوانگەی منەوە، وردتر و بەسوودترە ئەگەر بانگەشە بۆ ئەو جۆرە پرۆژانە نەكەین كە سیاسەتی خراپیان لێ دەكەوێتەوە، بەڵكو بە پێچەوانەوە، پێداگیری لەسەر ئەوە بكەین كە ئەم پرۆژانە بە هیچ جۆرێك سیاسی نین. بێگومان دەشێت لە میانەی لۆجیكی هەمانێتی و پرۆسەكانی یەكخستنەوە هێز و پلەبەندی بخوڵقێنرێن و پارێزگارییان لێ بكرێت، بەڵام سیاسەت فرەیی دەخوازێت و دەبێت لە میانەی بەرەوڕووبوونەوە و كارلێكی جیاوازییەكانەوە هەڵبسووڕێن. بە پەیڕەوكردن لەم لۆجیكە، هانا ئاڕێنت بەحەق پێی وایە ئەم جۆرە خۆشەویستییە دژی سیاسەتە. ئاڕێنت دەڵێت: “خۆشەویستی نەك هەر ناسیاسییە، بەڵكو دژەسیاسییشە. بگرە لەوانەیە لە نێو هێزە مرۆییە دژەسیاسییەكاندا بەهێزترینیان بێت.”[11] ئاڕێنت باوەڕی وایە كاریگەرییە بنچینەیی و حەتمییەكەی خۆشەویستی یەكخستنە. لە ڕاستیدا ئاڕێنت لە میانەی ئەم تێگەیشتنەوە‌ ئەو فۆرمە زاڵە ڕاڤە دەكات كە خۆشەویستی لە كۆمەڵگەی ئەمڕۆی ئێمەدا بە خۆوەی دەگرێت.

بەڵام چۆنە ئەگەر بتوانین جۆرێكی تری خۆشەویستی بناسین یان دابهێنین، خۆشەویستییەك كە بە تەواوی سیاسییە؟ ئەم چەشنەی تێگەیشتنی سیاسییانە لە خۆشەویستی بە لایەنی كەمەوە دەبێت سێ خەسڵەت دەستنیشان بكەن. یەكەم، دەبێت بە نێو چوارچێوە كۆمەڵایەتییەكاندا درێژ ببێتەوە و پەیوەستیی وا بخوڵقێنێت كە لە هەمان كاتدا شەخسی و كۆمەڵایەتی بێ، دابەشكارییە تەقلیدییەكەی نێوان تایبەت و گشتی تێك بشكێنێت. دووەم، دەبێت لە نێو پانتایی فرەییدا هەڵبسووڕێت و لە میانەی بەریەككەوتن و كارلێكەوه كار بكات‌، نەك یەكخستن‌. سێیەم، خۆشەویستییەكی سیاسی دەبێت بمانگۆڕێت، واتە دەبێت گۆڕانێك دیاری بكات وەك ئەوەی لە خۆشەویستیدا هەیە، ئێمە لە بەركەوتنمان لەگەڵ ئەوانی تر بە بەردەوامی جیاواز دەبین. بەم شێوەیە، خۆشەویستی هەمیشە ڕیسكێكە و تێیدا دەستبەرداری هەندێك لە هۆگریی[12]ـیەكانمان بەم جیهانەوە دەبین بە هیوای خوڵقاندنی هۆگرییەكی باشتر. پێم وایە ئەم خەسڵەتانە كۆڵەكە سەرەكییەكانی ئەجێندای لێكۆڵینەوەن بۆ كەشفكردنی تێگەیشتنێكی سیاسییانە لە خۆشەویستی لە ئەمڕۆدا.

زۆر لە نووسەرە مۆدێرن و هاوچەرخەكان كاریان لەسەر ئەم لایەنانەی ئەجێندای لێكۆڵینەوە كردووە. دەروونشیكاری و تیۆلۆجیا زۆر بە ڕوونی سەرچاوەی سەرەكی بەردەست دەخەن بۆ ئەم پرۆژەیە و هاوكات ئاستەنگیی بێشووماریشیان لێ دەكەوێتەوە. تیۆریستانی كویر كە كار لەسەر هەست و سۆزەكان، كاریگەرییەكان و [پەیوەندییە] شەخسییەكان دەكەن، وەك ئێڤێ سێدڤیك، لۆرێن بێرلانت، لیۆ بێرسانی و ئادەم فیلیپس، لەم ڕووەوە هەنگاوی گرنگ دەنێن، بە هەمان شێوە دەستەیەك لە فێمینیستەكانی ڕەنگ، وەك بێڵ هووك، چێری ماراگا و چێلا ساندۆڤال. بیرۆكەكەی مارتن لوتەر كینگیش دەربارەی جڤاتی خۆشەویست[13] خۆشەویستی وەك تێگەیشتنێكی سیاسی دەخاتە ڕوو. لیستی ئەو تێڕوانینانەی كە دەبێت دەستوپەنجەیان لەگەڵ نەرم بكرێ و هەندێك جاریش ململانێیان لەگەڵ بكرێت بە مەبەستی‌ گەشەدان بە چەمكێكی سیاسییانەی وردی خۆشەویستی، چەندین و چەندینن.

كارل ماركس لە كتێبی دەستنووسە ئابووری و فەلسەفییەكانی ١٨٤٤دا هەندێك ڕامانی خستووەتە ڕوو دەربارەی خۆشەویستی لە پەیوەندیدا بە پارە و خاوەندارێتییەوە. من لەم وتارە كورتەدا سەیرێكی ئەو ڕامانانەی دەكەم، ئەوەش وەك ڕوونكردنەوەیەك كە دەشێت بۆ جۆری كارەكەی من سوودبەخش بێت. ماركس لەم دەستنووسانە و لە ڕەخنەگرتنیدا لە هێزی پارە، زۆر ڕاستەوخۆ ئاماژە بۆ خۆشەویستی دەكات. ئەو دەڵێت پارە لە لایەكەوە دەبێتە هۆی گەندەڵی، چونكە جێگۆڕكێ بە بوون و هەبوون دەكات. ئەو دەنووسێت: “ئەو كەسەی دەتوانێت ئازایەتی بكڕێت، ئازایە، هەرچەندە ترسنۆكیشە.”[14] پەیوەندی و پەیوەستییەكانی ئێمە بە یەكتر و بە جیهانیشەوە دەشێت بە شێوەیەكی ڕاستەقینە تەنها لەسەر ئەوە دابمەزرێن كە ئێمە كێین. ماركس بەردەوام دەبێت “ئەگەر بتەوێت چێژ لە هونەر وەربگریت، دەبێت كەسێك بیت پەروەردەیەكی هونەریت هەبێت؛ ئەگەر بتەوێت كاریگەریت لەسەر كەسانی تر هەبێت، دەبێت كەسێك بیت كاریگەرییەكی هاندەرانەت لەسەر خەڵكانی تر هەبێت. دەبێت هەر یەك لە پەیوەندییەكانت بە مرۆڤ و سروشتەوە تەعبیرێكی تایبەت بێت كە لەگەڵ ئۆبژەی ئیرادەكەتدا، لەگەڵ ژیانە تاكەكەسییە ڕاستەقینەكەتدا هاوتەریب بێت.” (ل ٣٧٩). بە وتەیەكی تر، یەكێك لە كێشەكانی پارە و كێشەكانی شێوازی چڕبوونەوەی ژیانی ئێمە لەسەر “هەبوون”، تەنها ئەوە نییە كە سەرنجمان لەسەر بوونمان لە كۆمەڵگە و لە جیهان لادەبات، بەڵكو لەوەش گرنگتر ئەوەیە دەبێتە هۆی ئەوەی گەشەكردنی هەستەكانمان و هێزی خۆمان بۆ خوڵقاندنی پەیوەستییە كۆمەڵایەتییەكان فەرامۆش بكەین.

ماركس دەڵێت لە لایەكی دیكەوە پارە گەندەڵیی لێ دەكەوێتەوە، چونكە پەیوەندییەكانی ئاڵوگۆڕ دەشێوێنێت، ئەمەش ئەو كاتەیە كە خۆشەویستی دەبێتە جێی باسوخواس. خەمی سەرەكیی ماركس ئەوەیە پارە بێباكانە ئاڵوگۆڕ لە نێوان ئەو ڕەگەزانەدا بەدی دەهێنێت كە سروشتی جیاوازیان هەیە. “لەبەر ئەوەی پارە تەنها لە بەرامبەر سیفەتێكی دیاریكراو، لە بەرامبەر شتێكی دیاریكراو یان هێزێكی مرۆیی تایبەتدا ئاڵوگۆڕ ناكرێت، بەڵكو لە بەرامبەر هەموو جیهانە بابەتییەكەی مرۆڤ و سروشتدا ئاڵوگۆڕ دەكرێت، ئەوا لە ڕوانگەی خاوەنەكەیەوە بۆ ئاڵوگۆڕكردنی هەموو سیفەتێك لە بەرامبەر هەموو سیفەتێك و بابەتێكدا بەكار دەهێنرێت، هەرچەندە دژیش بن: پارە یەكخستنی مەحاڵەكانە، وا دەكات دژەكان ئامێز بەیەكدا بكەن.” (ل ٣٧٩). گۆڕینەوەی پارە بە شێوەیەكی هەڕەمەكی بە هەموو خەسڵەتەكان و بابەتەكان، وا دەردەكەوێ کە وا لە سەرجەم هێزە بنچینەییە مرۆییە تایبەتەكانمان بكات بایەخێكیان نەبێت، بەم شێوەیە پەیوەندیمان بە یەكتر و بە جیهانەوە دەشێوێنێت و هێزی ئێمە بۆ خوڵقاندنی پەیوەستییە كۆمەڵایەتییەكان لاواز دەكات.

ماركس ئەوە دەخاتە ڕوو كە خۆشەویستی، بە پێچەوانەی پارەوە، لە میانەی گۆڕینەوەی گونجاوەوە دەكەوێتە گەڕ، بەم شێوەیەش پارێزگاری لە تاقانەیی هێزە مرۆییەكانمان دەكات. “گریمانە بكە مرۆڤ مرۆڤ بێت‌ و پەیوەندییشی بە جیهانەوە پەیوەندییەكی مرۆڤانە بێت‌: ئەو كاتە دەتوانیت خۆشەویستی تەنها بە خۆشەویستی و متمانە تەنها بە متمانە ئاڵوگۆڕ بكەیت.” (ل ٣٧٩). ماركس پێمان دەڵێت بژاردەكەمان ئەمەیە: خۆشەویستی یان پارە. لە ڕوانگەی منەوە گرنگە كە ماركس، بە چەسپاندنی ئەم ئەڵتەرناتیڤه،‌ خۆشەویستی لە هەمان ئاستی پارەدا دادەنێت: خۆشەویستی تەنها لە ڕووی پەیوەندییە شەخسییەكانەوە هەڵناسووڕێت، بەڵكو لە ڕووی ڕۆڵە سەرەكییەكەی دامەزراوە كۆمەڵایەتییەكانیشەوە هەڵدەسووڕێت. بەهەرحاڵ، لە ڕوانگەی منەوە هەمان ئەم بەراوردكردنە [ی خۆشەویستی بە پارە] لە هێزی خۆشەویستی كەم دەكاتەوە، تا ئەو ڕادەی دەبێت بە هۆی ئەوەی ماركس تەنها لە ڕووی گۆڕینەوەوە سەیری خۆشەویستی بكات. ماركس دەنووسێت: “ئەگەر كەسێكت خۆش بوێت بەبێ ئەوەی بتوانیت خۆشەویستیی ئەو به ‌دەست بهێنیت –واتە خۆشەویستییەكەت وەك خۆشەویستی، خۆشەویستیی دوولایەنە بەرهەم نەهێنێت، ئەگەر لە ڕێگەی تەعبیركردنێكی زیندوو لە خۆت وەك كەسێكی عاشق خۆت نەكەیت بە مەعشوق، ئەو كاتە خۆشەویستییەكەت لاوازە – بەدبەختییه.‌” (ل ٣٧٩). [بە لای منەوە] ئەم بیرۆكەی گۆڕینەوەیە جێی گومانە –بۆچی دەبێت باوەڕمان وابێت كە بۆ ئەوەی تاقانەیی خەسڵەتەكان و بابەتەكان بپارێزین، ئەوا دەبێت هاوشێوە بە هاوشێوە بگۆڕدرێتەوە؟– بەڵام لەوەش گرنگتر، سەیركردنی خۆشەویستی تەنها لە ڕووی گۆڕینەوەوە، تێگەیشتن لە خۆشەویستی وەك هێزێك كە پەیوەستییە كۆمەڵایەتییەكان بەرهەم دێنێت، لاواز دەكات. بە واتایەكی تر، ئەوەی لە خۆشەویستیدا گرنگترینە، ئەوە نییە كە خۆشەویستی لە بەرامبەر چیدا ببەخشرێت، بەڵكو ئەوەیە خۆشەویستی دەتوانێت چی بكات و چۆنیش دەمانگۆڕێت.

ماركس لە بەشێكی تری دەستنووسەكاندا لە سەر زەمینەیەكی پتەوتر دەوەستێت و ئاماژە بۆ خۆشەویستی دەكات وەك هێزێكی كۆمەڵایەتی. لەوەش سەرنجڕاكێشتر، لێرەدا ئەڵتەرناتیڤەكە لە نێوان خۆشەویستی و پارەدا نییە، بەڵكو لە نێوان خۆشەویستی و خاوەندارێتیدایە. ماركس خۆشەویستی وەك هەستێك یان ئەندامێك دەخاتە ڕوو كە بە هۆیەوە مرۆڤەكان پەیوەندی لەگەڵ‌ یەكتر و لەگەڵ جیهان دەبەستن، جیهانێك كە دەبێت لە كۆمۆنیزمدا بخوڵقێنرێتەوە. پێش ئەوەی ئەم پەرەگرافە بخوێنینەوە، دەبێت ئەوەمان لە بیر بێت كە دەسپێكی شەرحەكەی ماركس بۆ كۆمۆنیزم ڕەخنەیە لە كۆمۆنیزمی سەرەتایی[15]، كە بە ڕاستی خاوەندارێتیی تایبەت هەڵناوەشێنێتەوە، بەڵكو خاوەندارێتی لە تاكەوە دەگوازێتەوە بۆ جڤات. یەكێك لە دەرئەنجامەكانی هەموو خاوەندارێتییەك، بەو پێیەی بە شێوەیەكی دەستەجەمعییانە جڤات بووە بە خاوەنیان، ئەوەیە هەموو جیاوازییەكان و بەهرەكان یەكئاست كراون، بە جۆرێكی وا كە دەبێتە هۆی ئەوەی هێزە مرۆییەكان جیاواز نەبن. لە بەرامبەردا كۆمۆنیزم، لە كاتێكدا هەردوو خاوەندارێتیی تایبەتی و جڤاتی هەڵدەوەشێنێتەوە، نەك تەنها پێویستە بپارێزرێ و نوێ بكرێتەوە، بەڵكو هەروەها و گرنگتریش ئەوەیە هێزە مرۆییه تاقانە‌كان بە شێوەیەكی نوێ بەرهەم بهێنێتەوە.[16]

ماركس لەم ناوكۆییەدا ئەوە دەخاتە ڕوو كە كۆمۆنیزم (و هەڵوەشاندنەوەی خاوەندارێتیی تایبەت) دەزگایەكی هەستەكی[17]ـی نوێ دەخوازێ، واتە نوێكردنەوە یان درێژكردنەوەی هەستە مرۆییە هەبووەكان. “مرۆڤ جەوهەری تەواوی خۆی بە شێوەیەكی تەواو دەگونجێنێت، وەك مرۆڤێكی تەواو. هەموو پەیوەندییە مرۆییەكانی بە جیهانەوە –بینین، بیستن، بۆنكردن، تامكردن، شعووركردن، بیركردنەوە، ڕامان، هەستكردن، ویستن، كردەنواندن و خۆشویستن– بە كورتی، هەموو ئەندامەكانی بوونە تاكەكەسییەكەی، وەك ئەو ئۆرگانانەی كە لە فۆرمدا ڕاستەوخۆ كۆمەڵایەتین، مەبەستیان لە نزیكبوونەوە لە ئۆبژەیەك، ئەوەیە ئەو ئۆبژەیە بكەن بە هیی خۆیان (ل ٣٥١).” بێگومان ئەمە ئاماژەیەكی كورتە بۆ خۆشەویستی، ئەگەرچی من پێم وایە بێبایەخیش نییە كە خۆشەویستی‌ دواڕەگەزی ئەم كەتەلۆگەی هەستەكانە. خۆشەویستی، وەك هەستەكانی تر، وەك ئۆرگانێكی كۆمەڵایەتی درك كراوە، یان بە ڕاستی وەك هێزێكی مرۆیی بۆ خوڵقاندنی پەیوەستییە كۆمەڵایەتییەكان درك كراوە. وەك چۆن پێویستمان بە هێزی نوێیە بۆ بینین و بیركردنەوە، بە هەمان شێوە پێویستمان بە هێزی نوێیە بۆ خۆشویستن. ڕەنگە پێویست بێت ئەمانە ناو بنێین “ماسوولكە” كۆمەڵایەتییەكان، نەك “ئۆرگان”ـە كۆمەڵایەتییەكان، چونكە ئێمە لە ڕێگەی بەكارهێنان و مومارەسەوە، شكاندنیان و بنیادنانەوەیان بۆ بەهێزكردن و فراوانكردنی پەیوەندییەكانمان بە جیهانەوە، گەشەیان پێ دەدەین، واتە هێزی ئێمە بۆ خوڵقاندن و بەڕێوەبردنی پەیوەستییە كۆمەڵایەتییەكان. گەشەدان بە دەزگایەكی هەستەكیی نوێ، زیادكردنی هێزمان بۆ خۆشەویستی و بەهێزكردنی ماسوولكە كۆمەڵایەتییەكانی دیكە لە پەیوەندییەكی پێچەوانەدایە لەگەڵ ڕێسای خاوەندارێتیی تایبەت. “بەم جۆرە، هەڵوەشاندنەوە[18]ـی خاوەندارێتیی تایبەت ڕزگاریی تەواوەتیی كۆی هەست و خەسڵەتە مرۆییەكانە؛ بەڵام ئەمە [لەبەر ئەوە] بە دیاریكراوی ڕزگارییە، چونكە ئەم هەست و خەسڵەتانە مرۆیی بوونەتەوە، چ سەبژكێتانە و چ ئۆبژێكتانە (ل ٣٥٢).” خۆشەویستی، شانبەشانی هەست و خەسڵەتە مرۆییەكانی دیكە، تەنها بە هەڵوەشاندنەوەی خاوەندارێتیی تایبەت ئازاد نابێت. بەڵكو دەبێت بخوڵقێنرێتەوە، ئەم خۆشەویستییە نوێیەش ئەو ڕۆڵە كۆمەڵایەتییە بگێڕێت كە ئێستا خاوەندارێتی دەیگێڕێت. بە واتایەكی دیكە، دەبێت هێزی هەبێت بۆ بەرهەمهێنانی پەیوەستییە كۆمەڵایەتییەكان و ڕێكخستنی پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكان.

بەم شێوەیە، دەشێت كۆمۆنیزم وەك خوڵقاندنی چەشنێكی نوێی خۆشەویستی درك بكرێت كە نەك بە هۆی بەرهەمهێنانەوەی هەمان[19] یان یەكخستنی كۆمەڵگە لە هارمۆنییەكی ناجیاوازدا –دەشێت ئەمە كۆمۆنیزمی سەرەتایی بێت–، بەڵكو بە زیادكردنی توانامان بۆ خوڵقاندن و پاراستنی پەیوەندییەكان لەگەڵ یەكتر و لەگەڵ جیهان كار دەكات. ماركس دەڵێت هێزی خۆشەویستی و هەستەكانی دیكە ناتوانن لە سایەی ڕێسای خاوەندارێتیدا، كە خاوەندارێتیی نەزمی كۆمەڵایەتی و پەیوەستییەكان پێك دێنێت و دەیانپارێزێت، گەشە بكەن. لە بەرامبەردا، بۆ گەیشتن بە كۆمەڵگەیەك لەودیوی ڕێسای خاوەندارێتییەوە، دەبێت ئەم هێزە مرۆییانە بگۆڕرێن و فراوان بكرێن.

بێگومان دۆزینەوەكەی ماركس بۆ هێزی خۆشەویستی تەواو سنووردارە؛ بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەندێك لەو خەسڵەتانە دەخاتە ڕوو كە من پێشتر وەك خەسڵەتی بنچینەیی بۆ گەشەدان بە تێگەیشتنێكی سیاسییانە لە خۆشەویستی خستمنە ڕوو. خۆشەویستی، بە پلەی یەكەم، هێزێكە كە لە هەمان كاتدا لە شەخسیترین و فراوانترین ئاستە كۆمەڵایەتییەكاندا هەڵدەسووڕێت. بە پلەی دووەم، خۆشەویستی لە پەیوەندیدا بە هەمان یاخود لە میانەی پرۆسەی یەكخستنەوە هەڵناسووڕێت، بەڵكو لە میانەی بەرەوڕووبوونەوە لە نێوان فرەییەكاندا هەڵدەسووڕێت. خاڵی سێیەم و كۆتایی، خۆشەویستی پرۆسەی گۆڕین له ‌خۆ دەگرێت و هەروەها هێزێكیشە بۆ خوڵقاندنی پەیوەستیی درێژخایەن لەگەڵ یەكتر و لەگەڵ جیهان. ماركس زۆر بە ڕوونی تیشك دەخاتە سەر ئەم تایبەتمەندییەی سێیەم كاتێك خۆشەویستی و هێزە مرۆییەكانی دیكە وەك هێزی كۆمەڵایەتیی ئەڵتەرناتیڤ بۆ خاوەندارێتی دەخاتە ڕوو، بەو مانایەی دەشێت (هەروەها پێویستە) ئەم هێزانە لە كۆمەڵگەیەكی كۆمۆنیستیدا ئەو ڕۆڵه ببینن كە ئەمڕۆ خاوەندارێتیی تایبەت دەیگێڕێت. بەم شێوەیە، ماركس لە نێو سەرجەم خاڵەكاندا خاڵێكمان پێ دەدات بۆ ئەوەی لەمڕۆدا دەست بكەین بە پرۆژەی بونیادنانی تێگەیشتنێكی سیاسییانە لە خۆشەویستی.

٭ سوپاس و پێزانی زۆرم بۆ لاورێن بێرلاین بۆ ئەو گفتوگۆ درێژە بە مەبەستی بیركردنەوە لە میانەی ئەم پرسانە و پرسی دیكەی هاوشێوەش. بێگومان ئەو هیچ بەرپرسیارێتییەكی هەڵە و كورتهێنانەكانم هەڵناگرێت… مایكڵ هارت.

ئەم وتارە لە بنەڕەتدا بەشێكی سێمینارێكە كە مایكڵ هارت ساڵی ٢٠١١ له (The European Graduate School) پێشكەشی كردووە، دواتر ئەم بەشەی سێمینارەكە لەم سەرچاوەیەی خوارەوە بڵاو كراوەتەوە:

CULTURAL ANTHROPOLOGY, Vol. 26, Issue 4, pp. 676–682. By the American Anthropological Association.

[1] extremes

[2] or

[3] opposition

[4] deus sive natura

[5] substance

[6] social bonds

[7] passions

[8] the sphere of intimacy

[9] sameness

[10] لێنین لە ڕەخنەكەی لە هەڵوێستی دژەناسیۆنالیستیی ڕۆزا لۆكسەمبورگ دەڵێت؛ لە كاتێكدا ناسیۆنالیزمی دەوڵەتانی باڵادەست هەمیشە كۆنپارێزە، دەشێت ناسیۆنالیزمی دەوڵەتانی بندەست پێشكەوتنخواز بێت له ‌كاتێكدا وەك پرۆتێستێك و میكانیزمێكی بەرگری دژی چەوساندنەوە و ئیمپریالیزم خزمەت دەكات. ڕەنگە كەسێك بە هەمان ڕۆحییەتەوە بانگەشە بكات كە خۆشویستنی هەمان، هەرچەندە هەمیشە كۆنپارێزە كاتێك [لایەنی] باڵادەست دەیجووڵێنێت، دەشێت وەك وەزیفەیەكی پێشكەوتنخواز خزمەت بكات كاتێك لە لایەن یان بە ناوی شووناسی بندەستەوە دەجووڵێنرێت: بۆ نموونە، خۆشویستنی ڕەگەزی بندەست كە خزمەت بە وەزیفەی بەرگری دەكات. بەهەرحاڵ، هەڵوێستی من هاوتەریبی هەڵوێستەكەی لوكسەمبورگە. بە واتایەكی تر، بۆچوونی من ئەوەیە وەزیفەی پێشكەوتنخوازانەی هەر پرۆژەیەكی سیاسی كە بە هۆی خۆشویستنی هەمان و یەكخستنەوە ژیانی بە بەردا دەكرێت، تەنانەت ئەو كاتەش كە بە هۆی یان بە ناوی شووناسێكی بندەستەوە وەگەڕ بخرێت، زۆر سنووردارە و بەردەوام بەرەو مەترسیی بوون بە كۆنپارێز دەڕوات. سەبارەت بە ئارگۆمێنتەكەی لێنین، بڕوانە:

The Right of Nations to Self–Determination, Westport, CT: Greenwood Press, 1951, pp. 9–64.

[11] Hannah Arendt, The Human Condition, Chicago: University of Chicago Press, 1958, p. 242.

بۆ خوێندنەوەی زیاتر دەربارەی بۆچوونی ئاڕێنت لەسەر خۆشەویستی، بڕوانە وتارەكەم بە  ناوی “خۆشەویستیی سوور” كە بڵاو نەكراوەتەوە و لە ژێر چاپدایە. بۆ دەرگیربوونێكی ڕاستەقینە لەگەڵ ئاڕێنت دەربارەی ئەم بابەتە، دەبێت تێزی دكتۆراكەی ئاڕێنت لەبەرچاو بگرێت:

Love and Saint Augustine; Joanna Vecchiarelli Scott and Judith Chelius Stark, eds.; Chicago: University of Chicago Press, 1996.

[12] attachment

[13] beloved community

[14] Karl Marx, “Economic and Philosophical Manuscripts,” in Early Writings; Rodney Livingstone and Gregor Benton, trans.; London: Penguin, 1975, p. 379, see pp. 279–400.

[15] crude communism

[16] دەربارەی بیرۆكەی ماركس لەسەر كۆمۆنیزمی سەرەتایی لە پەیوەندیدا بە خۆشەویستییەوە، هەروەها بانگەشە سەیرەكەی بۆ “جڤاتی ژنان”، دیسانەوە بڕوانە وتاری “خۆشەویستیی سوور”.

[17] sensorium

[18] Aufhebung

[19] the same

زیاتر ببینە

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button


هاوبەشیی بکە.