بۆچی دەبێت بەرگریی لە ئۆجالان بکەین؟
پڕاکتیک پۆلەتیکایە، واتا چی؟ ئاگایی کۆمەڵایەتیی، خودئاگایی، هۆشیاریی سیاسیی و ڕێکخستن، بیرکردنەوە و خوێندنەوە، سیاسەتی باش و پراکتیکیی باش، پێکەوە ئەنجام بەدەست دەهێنن، ئەو جۆرە لە سیاسەت نە هەڵدەخەڵەتێ، نە هەڵدەخەڵەتێنێت.

ئاوارە پیرۆت
ئایا پرسی بەرگریی لە ئۆجالان پرۆسەیەکیی ئینسیاتیڤییە یان ناچاریی؟ چی شتێک هۆکارە بۆ ئەوەی دەبێت بە ناچاریی بەرگریی بکەین؟ ڕیال پۆڵەتیک و پڕاکتیک پۆلەتیک چین، کامیان بۆ پارادیگما و فەلسەفەی ئۆجالان گونجاون؟ ئایا ئۆجالان سیاسەتڤانێکی ئەقڵانییە”ڕاسیۆناڵیستە”؟ ئەگەر تێگەیشتین کە دەبێت بچینە نێو بەرخۆدانێکیی دەستەجەمعیی، ئەرک و بەرپرسیارێتیمان چییە و دەبێت چی بکەین؟ بەهەڵە لێم تێمەگەن، تەنیا وەک نموونە بۆ ئەوەی دەمهەوێت بیڵێم، لۆژیکێک بە پشتبەستن بە زاراوەیەکیی عیرفانیی، بگوازمەوە، تا باشتر ڕوون بێتەوە کە چی دەڵێم، ئەویش ئەوەیە، پێغەمبەر”محەمەد” بەر لەوەی ببێت بە”محەمەد” ناوی”ئەحمەد” بووە، ئەو”ە” لە ئەحمەد لاببەیت “احد” دەمێنێتەوە “احد” هەڵگریی (٩٩) سیفەتی خودایە، ئەو”ە” کە بووەتە پشتێنەی “احد” و سەرەتای ناوی”محەمەد” تەجەللای هەر هەموو سیفەتەکانی کردووە، واتا: محەمەد مرۆڤێکە لە کەسێتیی ئەودا خودا خۆی نواندووە. دیسان هەوڵ دەدەم دووبارەی بکەمەوە کە من ناڵێم ئۆجالان پێغەمبەرە، یان شتێکی لەو بابەتە، بەڵام ئەو ڕەوشتێکی پێغەمبەرانەی هەیە، هیچ کەسێک تەنانەت دەوڵەتیی تورکیا، ئیسڕائیل، کە دوو هێزی باڵادەستی تۆمەتسازیین، بەڵگەیان نییە لەسەر ئەوەی ڕۆژێک ئۆجالان، دەستی پیس بووبێت، چاوی پیس بووبێت، دەمی پیس بووبێت، یان هەر یەکێک لە ئەندامەکانی، مەبەستم ئەوەیە، هەرگیز ڕۆژێک پەنای بۆ هەڵخەڵەتاندن و درۆ، دووڕوویی، نەبردووە، ئەم تایبەتمەندیانەشی شۆڕ کردووەتەوە بۆ نێو بزووتنەوەکەی، کێ پارەی دزیوە؟ کێ پارەی بەهەدەر داوە، کێ سامانی گەل، وزەی گەل، دەفرۆشێت؟ شۆڕش پێش هەرشتێک، دەبێت شۆڕشێکیی ئەخلاقیی و ئاگایی ئاکارییانە بێت، کەس ناتوانێت ڕەتی بکاتەوە کە ئەوانە لە ئۆجالان و بزووتنەوەکەیدا هەن.
کەوابوو، بۆچی دەبێت بەرگریی لە ئۆجالان بکەین؟
ئۆجالان کاتێک بە گەلەکۆمەیەکی بێڕەوشتانە و بەرژەوەندیخوازانەی سیستەمیی سەردەستی جیهانیی نێردرا بۆ ئیمراڵیی، گوتی: من کەسێک نیم ئێوە زیندانیتان کردبێت، من گەلێکم، نەتەوەیەکم. بۆچی ئۆجالان ئەوەی گوت؟ چونکە، ئەو بەدرێژایی خەباتی سیاسیی و فیکریی و فەلسەفیی خۆی، کێشەی کورد، ئەخلاقیی کورد، کەلتووریی کورد، چاند و هونەری کوردیی لە خۆیدا نواند، تەجەللای کرد، ئەوە شتێک بوو هیچ سەرکردەیەکی سیاسیی نە ئاقڵی پێی شکا بیکات، نە دەشیتوانی ئەنجامی بدات، بۆچی؟ چونکە تەجەللابوون/لەخۆدانواندن بە تەنیا پرۆسەیەکی جووڵانەوەی شۆڕشگێریی یان لیدەریی نییە، بەڵکوو ئەخلاقییە، بۆچی دەبێت ئەخلاقیی بێت؟ چونکە ئەخلاق و ڕەوشتی بەرز دەتوانن ئەمانەت بپارێزن، خۆنواندن و تەجەللاکردنی کێشەکانی کورد و چارەسەر بۆ ئۆجالان ئەمانەتی ئەخلاقیین و دەبێت بپارێزرێن، چی شتێک ئەوەمان بۆ ڕوون دەکاتەوە کە ئۆجالان کوردی تەجەللا کردووە؟ یەکەم/ نووسین و بیرکردنەوە لە، مێژووی کورد، ئەشقی کورد، کەسێتیی تاکی کورد، ژن و کێشەکانی ژن، ئەدەبییات و زمانی کورد، چاند و هونەری کورد، پیاو و پیاوێتیی تاکی کورد، کەلتووری کورد، لەوێوە بۆ، فیکری کورد، بیرکردنەوەی کورد، شکستەکانی کورد، ئینجا بۆ ژینگە و ئیکۆسیستەم، و بابەتەکانی نێو کایەی فەلسەفە و لۆژیک، ئۆجالان خۆی هاویشتە نێو هەموو ئەوانە، بۆ ئاڵتەرناتیڤ و پارادیگمای چارەسەر، ژنی کرد بە پێشەنگیی بزووتنەوەکە، بۆچی ژن؟ چونکە ژن بە تایبەت ژنی کورد، لە دیدی ئۆجالاندا ئەو چینەیە کە تووشی خیانەت نەبووە، تەنیا چینێکە لە مێژووی ئێمەدا خیانەتیی نەکردووە و بە پاکیی ماوەتەوە، هۆکاری دووهەم ئەوەیە کە ژن، چەوساوەترین و کاڵاترین کاڵای نێو جیهانیی مۆدێرنیتەی سەرمایەدارییە، کاتێک ژن ئازاد بێت، نابێتە کاڵا، کاتێک نەبوو بە کاڵا، سیستەم دەڕووخێت و ناتوانێت بەدیلی ئەو کاڵایە بدۆزێتەوە، لەدوای ئەم ئازادبوونەش، ژیان دەست پێ دەکات، لێرەوەیە بزووتنەوەکە دەڵێت: ژن، ژیان، ئازادیی. دووهەم/ دەستهەڵگرتن لە ژیانیی تایبەت، ئۆجالان هەروەک دەزانن، کوڕی عەشیرەت و ماڵبات نییە، گرێدراوی هۆز و چینێکیی سەردەست نییە، جا ئەو سەردەستییە موڵکایەتیی بێت یان نا، ئەو کەسێکی تەنیایە، تا ئەوڕۆش زۆر خەڵک ناوی باوک و دایکی نازانن، خەڵکی گوندە، گوندێکی دوورەدەست، دێت بۆ شار، شاری بەدڵ نییە، لە سیستەمی شار بێزارە، ناتوانێت فێری شێوازی ژیانی شار ببێت، بۆیە یەکەم شت کە بنیادی دەنێت “هەڤاڵێتییە” هەڤاڵێتیی چییە؟ هەڤاڵێتیی ئاڵتەرناتیڤی هۆزگەرایی و خێڵگەراییە، سەرپێکەوتنێکی کۆپەرەیتیڤ و دەستەجەمعییانەی ئەوانەیە کە هۆز و خێڵیان نییە و نایانهەوێت، ئامانجی بیرکردنەوەیە لە دەرەوەی هۆز و عەشیرەت، هەڤاڵێتیی هەنگاوی یەکەمیی بوون بە گەل و نەتەوەیە، بۆچی؟ چونکە هۆز ناتوانێت وەک نەتەوە خۆی بنوێنێت، هۆزەکان ناتوانن ببن بە گەل، بۆیە دەبێت بیرکردنەوەیەک لە دەرەوەی هۆز و عەشیرەت هەبێت، ئەو بیرکردنەوەیە بە هەڤاڵێتیی دەست پێ دەکات و ئۆجالان بۆ خۆی دەبێت بە یەکەم هەڤاڵ، بۆچی؟ بۆ ئەوەی ببێت بە گەل و تەجەللای بکات.
دەبێت ئەوەش بڵێم، باشە بۆچی ئۆجالان مەترسیدارە؟ پەکەکە ڕێکخراوێکی نهێنیی بوو، جگە لە (هەڤاڵانی ئایدیۆلۆژیی) هیچ کەسێک ئاگاداری تاکتیک و ستراتیژی پەکەکە نەبوو، کاتێک کەسێک بە نێوی شەمدین ساکیک خیانەتی کرد و ڕایکرد، ئەوەی درکاند کە ئۆجالان کەسێک نییە، لیدەرێکی نێو مێژووش نییە، بەڵکوو ئەو بووە بە گەل، بووە بە نەتەوە، لێرەوە پیلانیی شوبات دێتە گۆڕێ، ئامانجی دەوڵەت ئەوە بوو بە گرتنی ئۆجالان گەلی کورد لەناو بەرێت، ئێستاش کە دەوڵەت گۆشەگیریی دەکات، بەو واتایەیە کە گەل گۆشەگیر بکات، بە درێژایی مێژووی شەڕی گەریلایی و سیاسیی نێوان دەوڵەتی تورکیا و ئیسڕائیل، ئەڵمانیا و هتد… و پەکەکە، ئۆجالان بەردەنگ و دوێندراوی سەرەکیی بووە، سات بە سات لە نێوانی شەڕەکان و دانوستاندنەکاندا بووە، بۆچی؟ چونکە ئیدی تەجەللای کردووە، لە هەموو وێستگەکاندا لە هەموو قەیرانەکاندا، لەهەموو گفتوگۆکاندا، قەندیل گوتوویەتی: بچن لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ قسە بکەن.
باشە بۆچی ئۆجالان بیری لەوە کردەوە کە دەبێت تەجەللای کوردبوون بکات؟ بۆ ئەوەی، یەکەم/ کێشەی کورد، ببێتە کێشەیەکی زانستیی و ئۆنتۆڵۆژیی، کێشەی کورد ببێتە کێشەیەکی جیهانیی، ببێتە کێشەیەکی نێو مێژووی پێنج هەزار ساڵە، ببێتە کێشەی ژن، لە هەمووی گرنگتر؛ کێشەی کورد لە چوارچێوەی پارتێکی تەسکیی حیزبایەتیی ڕزگار بکات و بیکاتە کێشەی هەموو چین و توێژەکان و بیکاتە کێشەی هەموو شۆڕشگێڕێکی ئینترناسیۆناڵیست، وەک دەشزانن پەکەکە پڕیەتی لە سەدان کادر و گەریلای تورک، عەرەب، فارس، کەتەلۆنیی، ئەڵمانیی، فەڕەنسیی، جگە لە هەموو پیکهاتەکانی نێو ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، وەک چەرکەس و گیلەک و هتد…، دووهەم/ بۆ ئەوەی بتوانێت کێشەی کورد ئاڕاستە بکات و یەکێتییەکی نەتەوەیی و هەرەوەزیی لە هێز و سیاسەت درووست بکات، وەک دیتمان ڕۆژئاوا کە کێڵگەی یەکەمی ئۆجالان خۆیەتی، توانی دواجار ئەم یەکێتییە لە خەیاڵ و یۆتۆپیاوە بکاتە واقیع، سێهەم و گرنگترین/ هەموو ئەوانەی سەرەوەی تیۆریزە کرد، ئاپدەیتی چەمک و زاراوەکانی کردەوە، گرنگترین ئەقڵە گەورەکانی ئەورووپا و یۆنانی کۆنی پشکنی، توانی زۆر باش لە “چاخی تەوەرەیی” ورد ببێتەوە و لەوێوە، ئێمەی هێنایە نێو مێژوو، ئێستا ئەوە ئۆجالان نییە کتێبەکانی لە جیهاندا دەخوێندرێنەوە، ئەوە هاتنەوەیەکی زانستیی و کەلتووریانەی ئێمەیە بۆ ناو مێژوو، ئەوەیە سوودی هەرە گەورەی بەتەجەللابوونی کورد لە ئۆجالاندا.
ئایا پرسی بەرگریی لە ئۆجالان، ئینسیاتیڤییە یان ناچاریی؟
مادام ئۆجالان توانیی گرەو لە دەوڵەت و مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی، سیاسەتیی پەرتکە و زاڵبە بەرێتەوە کە سیاسەتێکە پشت دەبەستێت بە هۆزایەتیی و عەشیرەتگەرایی، چیدیکە ناتوانین وەک کەسێک سەیری بکەین، بەڵکوو ناچارین بڕوا بەوە بکەین ئیدی ئەو گەلێکە، لە کەسێتیی ئەودا ئێمە هەین، بۆیە ئێمە کاتێک بەرگریی لە ئۆجالان دەکەین، ئەوا بەرگرییمان لە خۆمان و لە کوردبوونمان کردووە، ئێمە لە هزری ئۆجالاندا، کێشەین، کێشەیەکی ئۆنتۆلۆجیی، زانستیی، ئەخلاقیی، سیاسیی و کۆمەڵایەتیی، ئایا کەس هەیە لە کەسێتیی شەڕڤانەکاندا هەست بە ئیرادەی خۆی نەکات؟ ئەو پرسیارە بەسە بۆ ئەوەی بڵێین: شەڕڤان ئیرادەی منە، چونکە کوردانە بەرخۆ دەدا، کوردانە دەفکرێ، کوردانە و ئازایانە دەجەنگێت. ئێمە لەناو بەرداشی ژینۆسایدیی کولتوورییدا ناچارین بەرگریی لە ئۆجالان بکەین، ناچارین لە پشتی شەڕڤان بووەستین، ئەگەر وا نەکەین، ئەوان سەرناکەون، کە سەرنەکەوتن، ئێمە دەبینە لایەنی دۆڕاو، بە دۆڕاویی دەمرین، بۆیە پرسی بەرگریی لە ئۆجالان، بابەتێکی ئینسیاتیڤیی نییە، بەرگریش نییە لە کەسێک بەناوی”عبدللە” بەڵکوو ئەو خۆی کرد بە گەل، گەلیش لە کۆنووسەکانی ئۆجالاندا دەبێت ئاگایی و هۆشیار و بیرکەرەوە بێت، دەنا ناتوانێت لەناو ژینۆسایدەکاندا دەربازی ببێت.
ڕیال پۆڵەتیک، پڕاکتیک پۆڵەتیک چین؟
بە درێژایی هەموو سەرهەڵدان و بزووتنەوەکانی کورد، شێخەکان لە باکوور، ئاگریی و حەجۆ ئاغا، سەرهەڵدانەکانی شێخ سەعیدی حەفید تا ئەمڕۆ لە باشوور، لە ژێکافەوە تا ئەوانەی ئێستا لە ڕۆژهەڵات، هیچیان هێندەی پەکەکە گوێگریی ڕۆشنبیران نەبوون و دەرگایان بۆ گفتوگۆ و ڕەخنە نەکردووەتەوە، زۆر کەم زاندراوە چۆن ئەم سەرهەڵدانانە بەڕێوە چوون، تاکتیک و ستراتیژیان نەک هەر ڕوون نەبووە بۆ خەڵک، بەڵکوو جگە لە خۆیان کەسی دیکە لە نووسەران، هونەرمەندان، ژنان و هتد… بەشدار و ئاگادار نەبوون، بەڵام کەس دەتوانێت ڕەتی بکاتەوە کە پەکەکە هەموو دەرگاکانی پەیوەندیی بۆ هەموو چین و توێژەکان کردووەتەوە؟ کەس دەتوانێت ڕەتی بکاتەوە بڵێت: دەنگم بە کەجەکە ناگات؟ کەس دەتوانێت بڵێت:
بینینی ئۆجالان لە شام ئەستەم بووە؟ ئۆجالان بۆ خۆی سەدان و هەزاران نووسەر و ڕۆشنبیر و شاعیر و ڕۆماننووس و سیاسەتمەداری کوردی لە کوردستان و ئەورووپا بانگهێشتی سووریا کردووە بۆ گفتوگۆ، بۆ ڕاوێژ، بۆ هەڵسەنگاندن و ڕەخنەدان، بۆ شێوازیی خەبات، لە دواین پەیامی کۆمەڵگەی ئاشتیی و دیموکراتییشدا گوتی: بە تامەزرۆییەوە چاوەڕێی ڕەخنە و پێشنیارەکانی گەل و نووسەر و ڕۆشنبیرانم، بۆچی ئۆجالان هێندە لەناو گەلدا دێت و دەچێت؟ چونکە ئەو ئامانەتی کێشەکەی هەڵگرتووە، تەجەللای کردووە. بەڵام زۆرێک لە ڕۆشنبیران و نووسەران بە تایبەت لەم دواییانەدا ڕیاڵ پۆڵەتیک بە باشتر دەزانن و ڕەخنە لە تەڤگەرەکە دەگرن بەوەی واقیعیی سیاسەت بەڕێوە نابات، یان بەرژەوەندییەکانی بە ئەمریکاوە گرێ نادات، واتە واقیعییانە سیاسەت ناکات، هۆکاری ئەوەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە سیاسەتی جیهانیی و دەوڵەتانی سەردەست واقیعیی سیاسەت دەکەن، بەڵێ، ئەوە ڕاستە، تەنانەت هەندێک نووسەر بە ئاشکرا بانگەشە بۆ ماکیاڤێلیزم و فاشیزم و جۆرەکانی مۆدێلی ستەمکاریی دەکەن، “من” پێنج ساڵ پێش ئێستا نووسیم: کورد ناتوانێت فاشیست بێت، نازانێت ڕاسیست بێت، ئەوە بابەتێکی سرووشتیی ئۆنتۆلۆژیانەی هەبوونی ئێمەیە، کەلتووری ئێمەیە، بە درێژایی نیو سەدە شەڕی بەردەوامیی گەریلا لەگەڵ دەوڵەت، ڕووی نەداوە گەریلا دیل بکوژێت، یان سووکایەتیی بە تەرم بکات، یان منداڵ و ژن بکوژێت، لە چل هەزار لاپەڕە کتێبی ئۆجالانیشدا بە یەک ڕستە یان وشەیەکی تێدا نییە ئاماژە بێت بۆ شەڕیی نەتەوەیی، شەڕ، شەڕی ئازادییە، نەک نەتەوە و دەمارگیرانە، ئەو بابەتە نەک هەر بۆ پەکەکە، بەڵکوو بۆ هەموو شۆڕشەکانی دیکەش ڕاستە، ئایا کەس هەیە بڵێت: کورد لە دەرەوەی سنووری خاکی خۆی شەڕی کردووە، کەس هەیە بڵێت کورد هێرشبەر بووە؟ نەخێر هەمیشە لە حاڵەتی بەرگریی ڕەوادا ماوەتەوە. ئۆجالان واقیع بە واقیعی سیاسیی ناگۆڕێت، چونکە ئەو بە هەستەکانی سیاسەت دەکات، ڕاسیۆناڵیست نییە، ڕاسیۆناڵیزم بێ هەست و شعوورە، فاشیزمە، جگە لە بەرژەوەندیی ماددیی ناتوانێت ئەو چەمک و زاراوانە ببینێت کە “بوون و ژیان”ـیان لە سەر دامەزراوە، وەک چی؟ وەک تاوان، منداڵکوشتن تاوانە، ڕاسیۆناڵ و ڕیاڵ پۆڵەتیک دەتوانێت چاوپۆشیی لێ بکات، گوناهـ، سووتاندنی جەرگی دایکێک گوناهە، ئۆجالان دەڵێت: (جەرگی دایکەکانمان مەسووتێنن، با جەرگی دایکەکانتان نەسووتێت)، کارڵ پۆپەر ڕاسیۆناڵترین مرۆڤی ناو مێژوویی ئەقڵانییەتی ئەورووپا دەتوانێت بزانێت گوناهـ چییە؟ ئایا لە ماکیاڤێلییەوە تا دەگاتە تۆم باراک دەزانن گوناهـ چییە؟ نەخێر، بۆچی؟ چونکە بێ سنوور ڕاسیۆناڵن و بێسنوور ئاگاییان دەربارەی ڕۆح و دڵ نییە. پێچەوانەی ئەمە، پڕاکتیک پۆلەتیکایە، واتا چی؟ ئاگایی کۆمەڵایەتیی، خودئاگایی، هۆشیاریی سیاسیی و ڕێکخستن، بیرکردنەوە و خوێندنەوە، سیاسەتی باش و پراکتیکیی باش، پێکەوە ئەنجام بەدەست دەهێنن، ئەو جۆرە لە سیاسەت نە هەڵدەخەڵەتێ، نە هەڵدەخەڵەتێنێ، لەسەر پێی خۆیەتی، پڕۆژەی خۆیەتی، بۆ خۆی ئیش دەکات، بەکرێگیراو نییە، سەودا و مامەڵە بە ژیان و مردنەوە ناکات. سیاسەتی ئۆجالان ڕوونە، هەموو کەس دەتوانێت لێی تێبگات، ئاشتیی، ئازادیی، خۆبەڕێوەبەریی، و پێکەوەژیانی ئاشتیانەی گەلان و هتد… ئەگەر تێگەیشتین کە دەبێت بچینە نێو بەرخۆدانێکی دەستەجەمعیی، ئەرک و بەرپرسیارێتیمان چییە و دەبێت چی بکەین؟



