گوتار

ئەنتۆنیۆ نێگری و ئۆجالان؛ بەرخۆدان دژی ئیمپڕاتۆر

بەرهەمەکەی نێگری و هارد ستایشی سەدەیەک خەبات و تێکۆشانی چەپەکانی دەکرد و بە جۆرێک بانگەوازیی میلیتانییان بۆ هەزارەی نوێ دەکرد

مات بروومفیڵد

لە ئینگلیزییەوە: شادیار شۆڕش

داگرتنی فایلی PDF

 

ڕەگوڕیشەی ڕامان و هزرینەکانی ئۆجالان، لە تێکۆشانی گەلەکەیەوە هەڵدەقوڵێت. ڕامانەکانی ئۆجالان لەمەڕ نیشتیمانە ڕاستەقینەکەیان؛ یاخود با بێژم دەربارەی ئەو جوگرافیایەی وا «لانکەی شارستانییەت» بووە و خودان ڕۆڵێکی مێژووییە، گرنگیی خۆی هەیە. هاوکات ئەم خاکەی باسمان کرد، بووەتە گۆڕەپانی جەنگە جیۆسیاسییە هاوچەرخەکان. جا بەم ڕەنگە پەیوەندیی نێوان ڕزگاریی نەتەوەیی و هەلومەرجی پەرگاڵی ڕامیاریی جیهانیی و پاش­نەتەوەیی، بە گوزەرێک بە نێو بەرخودانی گەلی کورددا دەست پێ دەکات، وا هاوکات گەلی کورد تێ دەکۆشێت تا ئەو بنەمایانەی ناسیۆنالیزم هەڵوەشێنێتەوە کە لە ڕابردوودا کاریگەریی بە سەر بەرخودانەکەوە هەبووە.

ئەنتۆنیۆ نێگری؛ فەیلەسووفی سیاسیی، لەم هەفتەیەدا[1] و لە تەمەنی ٩٠ ساڵییدا کۆچی دوایی کرد. پاش خۆی نەریتێکی ڕووناکبیریی مەزنی بەجێ هێشت. نێگری بە هاوڕێیەتی مایکڵ هارد هەوڵی دەدا ئەو ئاڵنگارییە نوێیانە دیاریی بکات وا سەرەتای ١٩٩٠ و پاش ڕووخانی پڕۆژەی کۆمۆنیزمیی دەوڵەتگەرای ژێر ڕکێفی یەکێتیی سۆڤییەت و لە سۆنگەی چەپۆکی سەرمایەداریی جیهانییەوە هاتە گۆڕێ. هاوکات نێگری و هارد هەڵوەدای دۆزینەوەی توانستێک بوون بۆ شێوەیەکی نوێ و تۆڕمەندی تێكۆشان و خەبات. ئەمەش ڕێک دوای ئەوەی بینیان چینی کرێکاری پیشەسازیی و نەریتی ئینتەرناسیۆنالیزمی پرۆلیتاریی بە تەواوەتیی کەوت. نێگری هەردەم وەک بیرمەند و پشتیوانێکی سیاسیی بەوەفای تەڤگەری ئازادیخوازی کورد ناسراوە، دەبێژن ئەو هەمیشە ڕێبەر ئۆجالانی زیندانیی تورکیای بە ئەنتۆنیۆ گرامشییەکەی کوردستان ناودێر کردووە، ئەمەش لەبەر ئەوەی گرامشی لە زیندانی دەوڵەتی فاشیستی ئیتاڵیادا گرنگترین ڕامانەکانی خۆی بۆ تیۆریی شۆڕشگێڕیی پۆست-مارکسیستیی تەرخان کردبوو.

سەرەڕای جیاوازیی نەریتی هزرییان، بەڵام هارد و نێگری لەو بڕوایەدا بوون تیۆرییەکی جیهانیی هاتووەتە گۆڕێ؛ ئەوان ناویان نابوو ئیمپڕاتۆرییەت و ڕێبەر ئۆجالانیش ناوی ناوە؛ مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی، ئەمەش بۆ دیاریکردنی ئەو ناکۆکییە دژوارانەی نێو ئەو تیۆرە کۆمۆنیستییەی وا هەوڵ دەدات ئینتەرناسیۆنالیزمێکی پاش­دەوڵەتیی و ناناوەندیی بەدی بێنێت، جا ئەویش بە دەساوێژی تێکۆشانی ئازادیی نیشتیمانیی. هەر وەک ئەوەی نێگری پێداگرانە باسی دەکات، ڕسکانی ئینتەرناسیۆنالیزم لەبەر هەوڵە مێژووییەکانی کۆمۆنیزم نەهاتووەتە بوون، بەڵكوو لە نێو کڕۆک و هەناوی ئەو هەوڵانەوە هاتووەتە بوون. ئەویش بەرانبەر ئەو هێزانەی دژایەتیی ڕزگاریی سۆسیالیستییی ڕەها و لەناوچوو و ناناوەندیی دەکەن. دەقی فرە گرنگی ئیمپڕاتۆر لە ساتەوەختێکدا بڵاو کرایەوە پەیوەندییەکی تۆکمەی بە ڕەوشی ئۆجالانەوە هەبوو[2]، هەروەها ئۆجالان بە چەشنێکی ناوازە ڕادەی سەرتاپاگیریی و گشتگیریی ئەو ئاڵنگارییانەی دەستنیشان کرد وا ڕووبەڕووی چەپی لاوازی ئەو کاتە دەبووەوە، کە تێدەکۆشان تا دەریچەیەکی ڕزگاریی بەرانبەر زاڵبوونی سەرمایەداریی بە سەرکردایەتیی ئەمریکا بدۆزنەوە.

سەرەڕای ئەوەی بەرهەمەکەی نێگری و هارد ستایشی سەدەیەک خەبات و تێکۆشانی چەپەکانی دەکرد و بە جۆرێک بانگەوازیی میلیتانییان بۆ هەزارەی نوێ دەکرد، لێ کارەکەیان لە چەند گۆشەنیگایەکەوە ڕووبەڕووی ڕەخنە بوویەوە. زۆرترین ڕەخنەکانیش دەربارەی هەوڵەکانی هەردوو نووسەر بوون، کە هەردووکیان خوازیار بوون، نوێنەرایەتیی هەرە سەرەکیی ڕێکخستنێکی نوێی سیاسیی بکەن، لە پێناو ئەوەی جێی ڕێکخراوە سەربازییە بەناوبانگە پرۆلیتارییەکەی ١٩١٧ـی لینینگراد و چینی جووتیاری وڵاتی چین بگرێتەوە، تاوەکوو بە نزیکەیی سەرپاکی جیهان لە هەمبەر دۆخی ئەو چەوساندنەوانە یەک بخەن کە تێکڕای کارگەکانیشی تێپەڕاندووە و خۆی خزاندووەتە نێو ژیانی هزریی و هەستەکیی و جەستەکیی و پەیوەندییەکان و بەرهەمهێنانی کۆمەڵایەتییەکانیشمانەوە. ئەم ڕوانینە گشتیی و جیهانییە لە هەمبەر داگیرکاریی، ڕوانینێکی بەهێز و درووستە، وەلێ بە شێوەیەکی ترسناکیش لێڵ و تەماوییە. تێکۆشانی تەڤگەرە سیاسیی و کۆمەڵایەتییەکان لە کۆتاییەکانی سەدەی بیست و سەرەتاکانی سەدەی بیستویەکدا، بریتیی بووە لە ڕەنگڕێژبوونیان وەک هێزێکی ڕاستەقینەی نێو گۆڕانکارییە سیستەماتیکییەکان، ئەمەش بۆ ڕوونکردنەوەی ئەو ئاڵنگارییانەی ڕووبەڕووی هەموو تەڤگەرێکی سیاسیی دەبێتەوە،  بونیادنانی ئەو تەڤگەرە سیاسییەش تا ڕادەیەکی بەرچاو گرێدراوی شڕۆڤە گشتیی و جیهانییەکانە. (هارد و نێگری لە ئیمپڕاتۆردا بە وردیی ئەم ڕەوشەیان هەڵسەنگاندووە.)

ڕەگوڕیشەی ڕامان و هزرینەکانی ئۆجالان، لە تێکۆشانی گەلەکەیەوە هەڵدەقوڵێت. ئەم ڕامانانەش دەچنە ئەو چوارچێوەیەی وا گرامشیی ناوی ناوە (ڕۆشنبیریی ئۆرگانیی)، ئەمەش واتە ئەو ڕامانەی وا باسکردنێکی گشتیی مێژووە و هاوکات دەرخستنی ئاستی سەرکوت و چەوساندنەوەیە، ئەمە گرێدراوی چالاکییەکانی ئێمەشە. جا مسۆگەر لە ڕوانگەیەکی تایبەتەوە بۆ گەلی کورد و نیشتیمانە ڕاستەقینەکەیان؛ یاخود با بێژم دەربارەی ئەو جوگرافیایەی وا ‹لانکەی شارستانییەت بووە›، هاوکات ئەم خاکەی باسمان کرد، بووەتە گۆڕەپانی جەنگە جیۆسیاسییە هاوچەرخەکان. بەم ڕەنگە پەیوەندیی نێوان ڕزگاریی نەتەوەیی و هەلومەرجی پەرگاڵی ڕامیاریی جیهانیی و پاش­نەتەوەیی، بە گوزەرێک بە نێو بەرخودانی گەلی کورددا دەست پێ دەکات، وا هاوکات گەلی کورد تێ دەکۆشێت تا ئەو بنەمایانەی ناسیۆنالیزم هەڵوەشێنێتەوە کە لە ڕابردوودا کاریگەریی بە سەر بەرخودانەکەوە هەبووە.

لە کۆتایی نەودەکانی سەدەی ڕابردوودا، سەرەڕای ئەوەی گۆڕەپانی ململانێ نێودەوڵەتییەکان ناهاوسانگانە بەرەو داڕووخان دەچوو، وەلێ بایۆپاوەر[3] نەیتوانی بوو بە تەواوەتیی دەسەڵاتدارێتیی نەتەوەیی ڕیشەکێش بکات، هاوکات تێکۆشانی سیاسیی لە سەر ئاستی هەوڵی تاکەکەسیی لە ئارا بوو، جا سەرکوتکردن یانژی تەنێ چالاکیی بوونی هەبووە: پتر؛ ‹کۆتایی مێژوو› کۆتایی هاتبوو، ئەوەشی پێشتووتر ئۆجالان بە جەنگی جیهانیی سێیەم ناودێری کردبوو، چەندین قەیرانی نوێی وەک: توندوتیژیی دەوڵەتیی و پشێوی نیشتیمانیی هێنابووییە گۆڕێ. لە داهاتوودا ئەو هێزانەی گڕوتینیان بە تێکۆشانی سەدەی بیست بەخشی بوو، لە هەر شت زیاتر دەناسرێن. بە گرنگییەوە ئەوەی دەمێنێتەوە ئەوەیە بتوانین ئەوە ببینین داخۆ تەڤگەری کوردیی دەتوانێت لەگەڵ تەڤگەرە نەتەوەیی و فرەنەتەوەییەکانی دیکەدا یەک بگرێت تا بتوانێت لەبری ئەوەی تەنێ خەریكی خۆبەڕێوەبەریی بێت، هاوکات سەرکەوتووانە دۆزێکی گەردوونیتر لە ئامێز بگرێت: بەڵام دەکرێت ئەم تێکەڵاوییە فرەیەی خەباتی نیشتیمانیی و سیاسەتی دژەناسیۆنالیستیی ببێتە هۆی دیاریکردنی هەنگاوێکی بایەخداری هاوشان بە ڕێبازێکی بەردەوام، جا لە پێناو ئازادیی جیهانییدا.

 ڕاستییەکەی هاوتەریبییەکی لاپرەسەن هەیە لە نێوان پیاوە پیرۆزەکانی سەدەکانی ڕابردوو و کەسە سێکۆلارەکانی کاریگەر بە ئۆجالان لە ئێستادا، چونکە ئەو کەسانە بە شێوەیەکی نهێنیی بە نێو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەگەڕێن و گەڕیدەئاسا بۆ شوێنێکی مانەوە دەگەڕێن تا هزری سەرۆکەکەیان بڵاو بکەنەوە. دەکرێت ئەم پەیوەندییەش پێشنیاری ئەو سەرکێشییەمان بۆ بکات کە لەو نەریتەوە بۆمان ماوەتەوە وا هەر کاتێک پەیامێکی سیاسیی گەردوونیی بڵاو بکەیتەوە، دێتە کایەوە، پەیامێک، کە زۆر بە قووڵیی دەردەکەوێت، لێ پەیوەندییەکی کەمی بە ژیانی خەڵكی ئاساییەوە هەیە، بەڵام بە قووڵیی پێشنیاری توانیستێکی هەرە ڕادیکاڵ و خاڵی وەرچەرخانی هەر کام لەو ئایدیانە دەکات. بۆیە دەڵێین، وا دیارە ئێستا وەڵامی بانگەوازە بوێرانە و بێکەسەکەی نێگری دەدرێتەوە.

مات بروومفیڵد: ڕۆژنامەوان و شاعیر و چالاکوانێکی سەربەخۆیە. بۆ ‹ڤایس، مێدیا نیوس، نیو ستەیتسمان و نیو ئەرەب› دەنووسێت. وتارەکانی لەلایەن هەریەک لە ‹زە مایس، ئەنتی هیرۆین چیک و پلێنتیود›ـەوە بڵاو کراونەتەوە، کۆمەڵگەی شیعری نیشتیمانیی ‹زە ئیندێنپێندتت و بێر فیکشنیش› شیعرەکانیان بڵاو کردووەتەوە. بەشێک لە کارەکانیشی لە لەندەن لەلایەن ‹پۆوتری ۆن ئەندەرگراونت و فۆیڵ یۆنگ پۆت›ـەوە بڵاو کراونەتەوە.

[1]–  نێگری لە ٢٣ـی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٠ کۆچی دوایی کردووە.

[2]–  کتێبەکەی نێگری و هارد لە ناوەڕاستی نەوەدەکان نووسراوە، بەڵام لە ساڵی دووهەزار بڵاو کرایەوە. لەم ساتەوەختەشدا تەنیا دوو ساڵ بە سەر پیلانگێڕیی نێودەوڵەتیی و دەستگیرکردنی ڕێبەر ئاپۆدا تێ دەپەڕی.

[3]–  ئەم چەمکە سەرەتا لەلایەن میشێل فۆکۆوە بەکار هاتووە، بە تایبەت بۆ ڕوونکردنەوەی ئەو دەسەڵاتە خۆسەپێنەی وا دەوڵەت بە سەر تاک و هاووڵاتییدا دەیسەپێنێت. دواتریش لە زۆربەی ئەو نووسینە سیاسییانەی دەربارەی دەوڵەتن، ئەم چەمکە وەک ‌هێز یان دەسەڵاتی خۆسەپێن ناودێر کراوە.

زیاتر ببینە

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button


هاوبەشیی بکە.