ئیسلامیزمی ئەمەویی: لە سەری حسەینەوە بۆ لاشەی ئامارا
بردنەوەی سەری حسەین لە تەشتێکدا بۆ بەردەم خەلیفە یەزید و فڕێدانەخوارەوەی تەرمی کچە شەڕڤانێکی سەربەرز، تاڕادەیەکی زۆر لە یەکتر نزیکن؛ ڕاستە دوو کارەکتەر و دۆز و مێژووی جیاوازیان هەیە، بەڵام بە دڵنیاییەوە هەمیشە دەکرێت یەکەمیان لە سیاقی دووەمیاندا دووبارە بکرێتەوە بێ ئەوەی تراژیدی یان کۆمیدیش بێت.

هاوار محەمەد
یەکەم: کێشەی تورکیا لەگەڵ کورددا تەنیا لەسەر “بوون”ـی نییە، لەسەر خاکەکەشییەتی، ئەمە ڕەهەندی “کۆلۆنیالیزم”یـ تورکییە؛ بەڵام تەنیا لەسەر خاک نییە، لەسەر بوونیشیەتی؛ ئەمە ڕەهەندیی “فاشیزم”ـی تورکییە. هێزێک کە خاکی وڵاتێک یان نەتەوەیەکی تر داگیر دەکات، دەبێت بە “داگیرکەر” یان “کۆلۆنیالیست”، بەڵام ئەو کاتەی کە دژی بوونی نەتەوەکەش لەسەر خاکەکەی یان دەرەوەی خاکەکەی بێت، دەبێت بە “فاشیست”. واتە هێزێک ئەو کاتە دەبێت بە فاشیست کە دژی “بوون”ـی بوونێک بێت. کینەی تورک لە کورد هەم “کوردبوون” دەگرێتەوە، هەم “کوردستانیبوون”، بەو پێیەی بەشێکی سنووری وڵاتی تورکیا لە خاکی کوردان پێک هاتووە. کورتکردنەوەی فاشیزمی تورکی تەنیا لە ڕەهەندی کۆلۆنیالیدا، وا دەکات تورکیا وەک هەر وڵاتێکی داگیرکاری تر پێناسە بکرێت، لە کاتێکدا کینەی تورکیا لە کورد، تەنیا بەمەوە نەوەستاوە و زیاترە، ئاڵۆزتر و فرەڕەهەندترە. تورک هەر دژی دەوڵەتێک بۆ کورد لەسەر خاکی کوردستان نییە، بەڵکوو وەک خۆیان وتیان دژی دەوڵەتن بۆ کورد “لەسەر مەریخیش”، واتە لە بنەڕەتەوە دژ بە “بوونی کورد”ـن وەک بوونەوەرێکی سیاسیی. تورکیا بەرانبەر کورد هەم داگیرکەرە و هەم فاشیست: کۆلۆنیالیزمی فاشیستی.
دووەم: حاکمییەتی تورک خۆی بەوە دەپارێزێت کە بوونی سیاسی لە کورد دابماڵێت و لە “ژیانی ڕووت”ـدا کورتی بکاتەوە. بیکات بە بوونێک لە ئاستی ئاژەڵدا، ئاژەڵێکی بێزراو کە دەشێت بکوژرێت بێ ئەوەی کوشتنەکەی وەک تاوانێک بناسێنرێت و بکوژ سزا بدرێت. بۆیە “بەسەگکردن”و ناوهێنانی شەڕڤانانی سەربڵند بە “بەراز” لەلایەن تیرۆریستە بەربەرییەکانی ئیسلامیزمەوە لە مێژووی فاشیزمدا نوێ نییە، ئەوانیش پەیڕەویی لە هەمان سیاسەتی فاشیستانەی ئاغا تورکەکەیان دەکەن کە لە ڕێگەی “ئەنیماڵیزەکردن”ـەوە زەمینەی کۆمەڵکوژییەکی بەربەرییانە دەسازێنن. بەڵام بەرەنگاریی کورد زۆر زیاتر بووە لە بەرەنگاریی ژیانێکی ڕووت؛ زیاتر بووە لە بەرەنگاریی هۆمۆساکەرەکانی نێو مێژووی نزیک، لەوانە جووەکان. لەبەر ئەوەی کورد لە مێژوودا خاکی جێگیری خۆی هەبووە لە کاتێکدا جوو بێخاک بووە [خاکێکی نەبووە]، با بڵێین خاوەنی خاکێکی دواخراو یان بەڵێنپێدراو بووە. لێرەوە کورد بەرەنگارییەکی زەمینییانەی کردووە لەکاتێکدا جوو ئەو بەرەنگارییەی دواخستووە بۆ هاتنەدیی بەڵێنێکی ئاسمانیی لە تیۆلۆژیادا؛ بەمجۆرە کورد ناچار بووە لە دوو لاوە خەبات بکات، خەبات بۆ بوونەکەی و خەبات بۆ خاکەکەی. خەبات دژ بە داگیرکەر و خەبات دژ بە فاشیزم کە دەشێت هەردووکیان هەمان شت بن.
سێیەم: ئەوەی لە سووریا ڕوو دەدات، هاوپەیمانیی تورکیای ناسیۆنال-سوڵتانییە لەگەڵ سووریای ئیسلامیستیی ئەمەویدا دژ بە کورد و بوونی کورد لەسەر خاکەکەی. لەگەڵ دەوڵەتە ئیرهابییەکەی شەرعدا، ئەوەی گۆڕاوە ئەوەیە کە شەرع دەوڵەتی نەتەوەپەرەستی سووریای عەرەبیی حافز ئەسەدی لە ئیرهابی ئیسلامیزم بە مەزهەبە سوونیی ئەمەوییەکەی متووربە کردووە و لە جوغزێکی بەرتەسکی تائیفیدا دایڕشتووەتەوە (کەڵکەڵەی دەسەڵاتە کۆنزەرڤەتیڤەکان لەم سەردەمەدا ئەم خۆمتووربەکردنەیە: ڕوسیا لە مێژووی قەیسەریی، ئیسرائیلی زایۆنی لە جووداییزم و تورکیا لە مێژووی سوڵتانیزمی عوسمانیی و هتد…) ئیسلامیزم لە سەرەتاکانی دروستبوونیدا دژ بە مۆدێرنیزم و ناسیۆنالیزم و دەوڵەتی سێکولار درووست دەبێت، ئێستا کە لەڕێی توندوتیژییەوە دەست بەسەر ئەو دەوڵەتەدا دەگرێت، دەیەوێت سێکولاریزمەکەی هەڵبوەشێنێتەوە و بنەمای یاسا و حوکمڕانییەکەی بەگوێرەی مۆدێلی ئیسلامێکی فەندەمێنتاڵی پڕ زەبروزەنگی ئەمەویی ئیسلامیزە بکات. لەم بارەدا گوتاری عرووبەش چیتر بە فۆڕمە ناسیۆنالیستییە سێکولارەکەی نییە، بەڵکوو دەبێت بە عرووبەیەک کە خۆی بە بنەما ئیسلامیستییە مەزهەبییە تائیفییەکان مەرجدار کراوە. بە مانایەکی تر، گەرچی گەلی ئیسلام بریتییە لە “ئوممەت”، بەڵام لەبەر ئەوەی درووستکردنی ئوممەتێکی گەورەی ئیسلامیی بە خەلافەتێکی سەراپاگیرەوە لە هەر شتێک مەحاڵترە، بۆیە لە مۆدێلە تایفییە ئەمەوییەکەدا دەیگشتێنێت و هاوکات چڕی دەکاتەوە. بەم مانایە شووناسی موسڵمانێتیی لە کردەوەی ئیسلامیستی ئەمەویدا کورت دەکاتەوە: “تیرۆر بە دەم تەکبیرلێدانەوە”.
چوارەم: ئێمە دەزانین کورد گەلێکی زۆرینە موسڵمانە، بەڵام ئیسلامیستی ئەمەوی سڵ لە کۆمەڵکوژیی، نەک تەنیا ناموسڵمانی وەک ئێزدییەکان*، بەڵکوو لە لەناوبردنی موسڵمانانیش ناکاتەوە؛ باوانی ئەم حوکمڕانانەی دیمەشق لە سەردەمی خەلافەتە خوێنڕێژەکەی ئەمەوییەکاندا هێندەی موسڵمان و سەحابییان کوشتووە و خێزانەکانیان ئەتک کردوون و بە کەنیزەک گرتوویانن، هێندە دژی ئەوانە نەجەنگاون کە پێیان دەوترێت “کوففار”.
خەلافەتی ئەمەویی گەڕانەوەی دەسەڵات بوو بۆ دەستی بەنی ئوممەیەی سەردەمی جاهیلیی، بەڵام ئەمجارەیان بە ڕەوایەتیی پاگانیزم [بتپەرستی]ـیەوە نا، بەڵکوو بە ڕەوایەتیی خەلافەتی ئیسلامەوە: سەربڕینی حسەینی کوڕی عەلی و عەبدوڵای کوڕی زوبێر و سەدان سەحابیی دیکە بە تەکبیری “الله اكبر”ـەوە. گەر دەسەڵاتێک بەسەر عەلیدا هەڵگەڕابێتەوە، کەعبەی بە مەنجەنیق سووتاندبێت و هێندە ئاسان هەزاران سەحابیی کوشتبێت، ئاخۆ ڕەوایەتیی ئەوە بە خۆی نادات هێرشی لەوە وەحشییانەتر بکاتە سەر حەلەب و دانیشتوانە کوردەکەی؟ ئاخۆ موسڵمانێتیی کورد، لە ئارەزووی کوردکوشتن دەیگەڕێنێتەوە؟ بردنەوەی سەری حسەین لە تەشتێکدا بۆ بەردەم خەلیفە یەزید و فڕێدانەخوارەوەی تەرمی کچە شەڕڤانێکی سەربەرز، تاڕادەیەکی زۆر لە یەکتر نزیکن؛ ڕاستە دوو کارەکتەر و دۆز و مێژووی جیاوازیان هەیە، بەڵام بە دڵنیاییەوە هەمیشە دەکرێت یەکەمیان لە سیاقی دووەمیاندا دووبارە بکرێتەوە بێ ئەوەی تراژیدی یان کۆمیدیش بێت. تەنیا فەناتیکانەیە. مێژوو دووبارە نابێتەوە، خەلافەتی ئەمەویش ناگەڕێتەوە، بەڵام دەکرێت دەوڵەتۆچکەیەکی عرووبیی ئەمەویی لە شام بینا بکرێت هەموو ئەو تاوانانە بە زیادەوە ئەنجام بدات کە باوانەکەی لە ڕووبەرێکی بەرفراوانی خەلافەتدا ئەنجامیان داوە…
*بانگخوازێکی فەناتیک بانگەشەی ئەوە دەکرد گوایە “ئێزدییەکان” نەوەی یەزیدی کوڕی مەعاوییەن. بەڵام ڕاستییەکەی ئەوانەی هێرشیان کردە سەر ئێزدییەکان و ئەمڕۆش هێرش دەکەنە سەر میللەتی کوردی موسڵمان، خۆیان نەوەکانی یەزیدی کوڕی مەعاوییەن.



