گۆشەی ئازد

‫‫ئۆجالان و مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی

جەنگەکان بە پێچەوانەی بانگەشەی هەندێ مێژوونووس، هەرگیز نەبوونەتە هۆی گۆڕانکاریی و لەدایکبوونی سەردەمی نوێ، بەڵکوو درێژەپێدەری سیستەمی شارستانییەتی پێنج هەزار ساڵەن.‬‬‬

‫مەحموود عەبدوڵڵا

‫لە دوای سکانداڵی سەدەی سیستەمی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی، “ئیپستاین”، دەبێت جارێکی دیکە گەلان لە ژێر سایەی ئەم سیستەمەدا بیر لە چارەنووسی خۆیان بکەنەوە. ئەگەرچی ڕێبەری گەلان پێشتر گوتوویەتی: “لە سەردەمی پاشا ڕووت و خواوەندە بێ‌دەمامکەکاندا دەژین”، بەڵام هێشتا بەهۆی ئاوێتەبوونی زانست و سیستەم، خۆشاردنەوەی سیستەم لە پشت پەیڕەوی زانستیییەوە، ڕەوایەتیی پێ دەدرا. لە سیستەمی سەرمایەدارییدا، ئەگەرچی بە ڕواڵەت هەموو شتێک شەفافە، بەڵام خودی سیستەم هەموو شتێک دەشارێتەوە؛ بەردەوام لە ڕێگەی ڕواڵەتەوە ناوەڕۆک دەشارێتەوە. بە ڕواڵەت دیموکراسیی، مافی مرۆڤ، مافی ژن و سەروەریی یاسا، کۆڵەکەکانی ڕاگری سیستەمن، کەچی لە ناوەڕۆکدا و لە پشتی پەردە، هەموو بەهاکان بە چاوی قازانج دەبینێت و دەیقۆستێتەوە.

‫ئەویش لە ڕێگەی نیولیبڕالیزمەوە، کە وەک دەستی نادیار کار دەکات، بە بۆچوونی ڕێبەری گەلان، تا نیولیبڕالیزم شی نەکرێتەوە -کە زیرەکانە سەرجەم یۆتۆپیاکانی لە ناوخۆدا خنکاند بە سۆسیالیزمیشەوە- ئەوا مرۆڤایەتیی لە چارەنووسی دایناسۆربوون ڕزگاری نابێت.

‫پێم وایە ئیدی جیهان لە دوای ئەو سکانداڵە ناتوانێت بە کۆمەڵناسیی ساختە بخەڵەتێندرێت؛ چونکە ئیتر منداڵیش دەزانێت پاشا ڕووتە. پەیڕەوی زانستیی، کە دەرئەنجامەکەی پەیدابوونی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریییە، لەمەودوا وەک پەیڕەوێکی بێ‌گوناهـ و دوور لە هەڵە و حەتمییەت نابینرێت، مەگەر تەنها لەلای بژاردەکان؛ ئەوانەی لە سێکوچکەی سەرمایە، دەسەڵات و سیاسەتدا بانگەشەی بابەتیبوون دەکەن، گوایە بەدوورن لە هەر سۆز و لایەنگیریی و بەرژەوەندییەکی تایبەت، کەچی جگە لە خزمەتکاری سیستەمی چەوسێنەر شتێکی دیکە پێشکەش ناکەن.

‫مەبەست لە کۆمەڵناسیی ساختە، کۆمەڵناسیی پۆزەتیڤیزمە، کە لەسەر بنەمای جیاوازیدانان لە نێوان سۆبژە و ئۆبژە، ژیریی ئەنالیتیکی و ژیریی سۆزداریی، هەروەها دابەشکردن یاخود دوالیزمی ئایدیاڵیست-ماتریالیست، ئایینیی-عەلمانیی و هتد… هەوڵ دەدەن لە پرسەکانی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتیی بکۆڵنەوە و چارەسەر پێشکەش بکەن. ئەم دوالیزمەی بەسەر زیهنی مرۆڤدا زاڵ بووە، لە خزمەت چەوساندنەوەدایە. بە بڕوای ئۆجالان، ئەم دوالیزمە وەک شەهوەت، ڕێ لەبەردەم ئارەزووی چەوساندنەوە دەکاتەوە؛ چونکە گەڕیدەکانی هەقیقەت بەگوێرەی سەرکەوتنیان، بەردەوام لای دەسەڵاتداران و ناوەندەکانی چەوساندنەوە جێگەی تایبەتیان هەیە. ئەم دوالیزمەی بەسەر زهنییەتی کۆمەڵگادا دەسەپێت، لە ناوخۆدا کۆمەڵگە دابەش دەکات و دووچاری شەڕی فیکریی دەکات، ئەمەش تەنها خزمەتی چینی دەسەڵاتدار دەکات. بۆیە ناوەندە زانستییە پۆزەتیڤیستییەکان و ناوەندە ڕوحییەکانیش لە سێکوچکەی سەرمایە-زانست-سیاسەتدا، دەبنە هاودەست و خزمەتی سیستەم دەکەن.

‫واتا لێرەدا گەڕان بەدوای هەقیقەت، هەوڵێکە بۆ نزیکبوونەوە لە سەرچاوەکانی دەسەڵات و پارە. لێرەدا کێشە پەیڕەوە؛ پەیڕەوی زانستیی نوێ جێگایەک بۆ ئەخلاق دانانێت. سرووشت و کۆمەڵگە لە ڕێگەی جیاوازیخستنە نێوان سۆبژە و ئۆبژە، سرووشت و مرۆڤ ڕووبەڕووی یەک دەکاتەوە. لە ڕێگەی سۆبژەکتیڤیتییەوە هەموو شتێک دەخاتە ژێر نەشتەرگەریی ژیریی ئەنالیتیکیی. بەگوێرەی شیکردنەوەکانی ئۆجالان، پێشخستنی بیروباوەڕەکان هەمیشە تۆڕەکانی دەسەڵاتیان لە پشتەوەیە؛ لە پشت پەیڕەوی زانستیی نوێوە چینی سەرمایەدار هەن، بۆیە بزوێنەری پەیڕەوی زانستیی، شێوازی چەوساندنەوە و قۆستنەوەی سەرمایەداریییە. ڕێبەری گەلان دەڵێت: “ئەم قۆستنەوەیەی سەرمایەداریی لە ژێر ناوی قازانجدا، گۆڕینی هەمەلایەنەی تێگەیشتنی کۆمەڵگەی کردووە بە ناچاریی؛ ئەم ناچارکردنە هۆکاری پشت پەیڕەوی زانستیی نوێیە.”

‫پەیڕەوی زانستیی نوێ ڕۆڵی سەرەکیی هەبووە لەوەی لەسەر ئاستی جیهان، سەرمایەداریی ببێت بە سیستەم. لە ڕێگەی جیاوازیدانان لە نێوان سۆبژە و ئۆبژە، دەرەنجام تاکی خۆپەرەستی بەرهەم هێناوە؛ تاکێک کە لە مەعنەوییەت بێبەشە، چێژپەرەستە، لە ژیریی سۆزداریی و ئیدراکی هەستیی دابڕاوە، تەنانەت تاک لە سیاسەت دوور خراوەتەوە و یۆتۆپیای نییە. بە بڕوای ئۆجالان، هێشتنەوەی مێشکی مرۆڤ بێ یۆتۆپیا، وەک هێشتنەوەی جەستەیە بەبێ ئاو. ئێمە لە سەردەمی مۆدێرنیتەیەکدا دەژین کە کۆمەڵگە پاسیڤە؛ وەک چۆن لە پەیڕەوی دۆگماتیکیدا (پەیڕەوی ئایینیی) نکۆڵیی لە دینامیکی سرووشت و کۆمەڵگە دەکرێت و هەموو شتێک لە ژێر گوتەی خواوەندا دەشاردرێتەوە و جەنگەکان بەڕێوە دەبرێن، لە سەردەمی مۆدێرنیتەی سەرمایەدارییدا بەردەوام دەنگدانەوەی زانست، وەک دەنگدانەوەی گوتەی خواوەند مێشکەکان ئیفلیج دەکات. ئیتر بیرکردنەوە و ڕامان و هەڵوێستی هۆشمەندیی دیکە لە دەرەوەی پەیڕەوی زانستیی، وەک هەڵە و گوناهـ دەبینرێت.

‫سەرەڕای ئەوەی کێشەکانی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتیی بەردەوام لە هەڵکشاندان، سیستەم لە ڕێگەی ناوەندە زانستییەکان و سێکوچکەی سەرمایە و دەسەڵات و سیاسەتەوە، بە خێرایی هەر داهێنانێکی نوێ بە خۆیەوە دەبەستێتەوە. لە دەرەوەی سیستەم، هەر هەڵوێست و پەیڕەوێکی نوێ، وەک مەترسیی دەبینێت و یان لەبەرچاوی دەخات، یان بێشەرمانە هێرش دەکاتە سەری؛ هەروەک ئەو یارییە قێزەونەی لە ڕۆژئاوای کوردستان بینیمان.

 ئەو پیلانگێڕییەی ناوەندەکەی دوڕگەی ئیپستاین بوو، لە کاتێکدا سیستەم بانگەشەی ئەخلاق و ئازادیی دەکات، کەچی چەپەڵانەترین پیلانگێڕیی دژی یۆتۆپیای ئازادیی گەلان بەڕێوە دەبات. لە کاتێکدا دەروێشەکانی سیستەم بانگەشەی خەیاڵیبوون و ناواقیعیبوونی مۆدێرنیتەی دیموکراتیی دەکەن، دەبینین پیلانگێڕییەک بەڕێوە دەبەن کە بە خەیاڵیشدا نەدەهات.

‫چیتر حیکایەتە گەورەکان ناتوانن تەنانەت منداڵێکیش بخەڵەتێنن. چیتر پیشەسازیی گەورە، دەوڵەتی گەورە و دیموکراسیی لیبڕاڵ، یۆتۆپیای مرۆڤایەتیی نین. لە کاتێکدا ڕۆژبەڕۆژ جەنگ، بێکاریی، هەژاریی لە بەشی زۆری جیهاندا، قەیرانەکانی ژینگە و چەکە ئەتۆمییەکان هەڕەشە لە مرۆڤایەتیی دەکەن؛ شارستانییەت نەبووەتە هۆی بەختەوەریی، بەڵکوو هۆکاری ماڵوێرانیی زیاترە. مرۆڤ خراوەتە خزمەتی پێشکەوتن، نەک بە پێچەوانەوە.

‫جیهان لە قەیراندایە، قەیرانەکەش ئەخلاقییە. لە دوای ڕزگاربوونی سەرمایەداریی لە هەردوو سەروەریی ئەخلاق و ئایین، ڕێگەی لە پێش “بەخودابوونی پارە” کردووەتەوە. لێرەدا مەبەست ڕزگاربوونە لە دەسەڵاتی کڵێسا و دەسەڵاتی کۆمەڵگە، چونکە بە درێژایی مێژوو کۆمەڵگە ڕێگەی بە قۆستنەوەی لەو شێوەیەی سەرمایەداریی نەداوە. بەپێی هەڵسەنگاندنی ڕێبەر ئاپۆ، پەیڕەوی زانستیی نوێ جێگایەکی بۆ ئەخلاق تێدا نییە، بۆیە نابێت ململانێی نێوان پەیڕەوی زانستیی و کڵێسا تەنها وەک ململانێی گەڕان بەدوای هەقیقەتدا ببینین، بەڵکوو ململانێیەکی کۆمەڵایەتیی لە ژێریدا شاراوەیە؛ ململانێی کۆمەڵگەی کۆن و نوێیە؛ کۆمەڵگەی کۆن کە بارگاوییە بە ئەخلاق و کۆمەڵگەی نوێ کە نکۆڵیی لە ئەخلاق دەکات.

‫بێگومان بانگەشەی تاکگەرایی توندڕەو لە ژێر ناوی ئازادییدا، لاوازکردنی کۆمەڵگەیە بەرانبەر تۆڕی دەسەڵات. چەندە تاک لە کۆمەڵگە دابڕاو بێت، بەو ئەندازەیەش کراوە دەبێت بۆ دەستدرێژیکردنە سەر بەهاکانی کۆمەڵگە. سۆبژەکتیڤیتی دەبێتە هۆی بەئامێرکردنی ئەقڵ و فاکتەری سەرەکیی ژیریی ئەنالیتیکیی، ڕێگە لەبەردەم تاکگەرایی، خۆپەرەستیی و کۆمەڵگەی بەرخۆر دەکاتەوە. پاش ئەوەی پەیڕەوی زانستیی سەرکەوتوو بوو لە شێوەپێدانی زهنییەتی نوێ، سەرمایەداریی لە ژێر پەردەی پەیڕەوی زانستییدا لەسەر ئاستی جیهان خۆی ڕێک خست؛ ئیدی شێوازی زهنییەت دەبێتە چەکی کاریگەری سیستەم.

‫ئەوەتا دەبینین لە دوڕگەیەکی دوور، بڕیار لە چارەنووسی گەلان دەدرێت؛ چارەنووسی گەلان بەدەست کۆمەڵێ مرۆڤی داماڵراو لە ئەخلاق و بەهاوەیە. ئەڵبەت پێش ئەم سکانداڵەی سەروەرانی سیستەمی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی، ئۆجالان بەرپرسیاریەتیی ئەم هەموو دڕندایەتیی و ناعەدالەتییەی خستە سەرشانی کۆمەڵناسان؛ دەبێت کۆمەڵناسی ئەوە ڕوون بکاتەوە لە کوێدا هەڵە ئەنجام درا و چۆن سەرەڕای پێشکەوتنی هزریی و زانستیی، کۆمەڵگەکان لە ناو گێژاودان. کۆمەڵناسیی پۆزەتیڤیزم ڕێگەی لە پێش هەڵەتێگەیشتن لە بنیادەکانی کۆمەڵگە کردووەتەوە.

‫بە بڕوای ئۆجالان، سەرمایەداریی هێزی خۆی لە بنیادە هەڵەکانی کۆمەڵگەوە وەردەگرێت؛ لەبەر ئەوەی کێشەی دەسەڵات و پەیوەندییەکانی، دەوڵەت و کاریگەرییە ڕووخێنەرەکانی، سەرمایە و مەترسییەکانی، ڕۆشن نەکراوەتەوە، یان شاردراوەتەوە، یان بە هەڵە لێک دراوەتەوە. چۆن کۆمەڵگەی مرۆڤایەتیی لە نێو پارادۆکسێکی ئاوادا دەژێت؟ سەرەڕای پێشکەوتنی زانست بە جۆرێک توانای چارەسەری تەواوی گرفتەکانی مرۆڤایەتیی هەیە، بەڵام دەبینین ڕۆژبەڕۆژ مرۆڤایەتیی دووچاری قەیرانی گەورەتر دەبێتەوە. شەڕە مەزهەبی و نەتەوەییەکان زیندوو دەکرێنەوە، پەتای وەک کۆڤید-١٩ هەڕەشەی لەناوچوون لە مرۆڤایەتیی دەکات، مەترسیی چەکی ناوەکیی زیاتر دەبێت و گەلان دەکرێنە کۆیلە. وەک بڵێی سیاسەت بووەتە هونەری بەڕێوەبردنی جەنگەکان. کاتێک مێژوونووسانی هاوچەرخ دێن جەنگەکان ڕیزبەند دەکەن (جەنگی جیهانیی یەکەم، جەنگی جیهانیی دووەم و هتد…) وەک بڵێی تەواوی مرۆڤایەتی ڕادەستی چارەنووسێکی ئیلاهیی کراوە، بەڵام لە ڕاستییەکەی دەرکەوت ئەوە چارەنووسێکە و لەلایەن بەڕێوەبەرانی سیستەمەوە دەسەپێندرێت.

‫کۆمەڵناسە مۆدێرنەکان هەڵسەنگاندنیان بۆ کۆمەڵگە و سەرهەڵدانی دەوڵەت کردووە لە دوای سەرهەڵدانی بەکۆمەڵگابوون و شارستانییەت و دەوڵەت، ئەوەش وەک شتێکی سرووشتیی دەبینرێت. لە کاتێکدا شارستانییەت درێژکراوەی شارستانییەتی سۆمەرییەکانە؛ هێڵە گشتییەکانی شارستانییەت تا ئێستا لە مێژوودا نەپچڕاون. هەر بۆیە کۆمەڵناسیی نوێ، هێندەی پەرەستگە و ڕاهیبەکانی سۆمەر لە بەلاڕێبردنی زهنییەت بەرپرسیارە. دەوڵەت و دەسەڵات هەروەک پێنج هەزار ساڵ لەمەوبەر، لە سەر چەوساندنەوە، تاڵان، داگیرکاریی و جەنگ دەژین. سەرەڕای داهێنانە مەزنەکان لە زانستە سرووشتییەکاندا، بەڵام لە بواری سیاسەت و بەڕێوەبردندا، تا ئێستا مرۆڤایەتیی لە دۆخی شارستانییەتی سۆمەرییەکان ڕزگاری نەبووە و هیچ داهێنانێکی نەکردووە ببێتە هۆی وەرچەرخان.

‫ئێستا پرسیارەکە ئەوەیە: چۆن دەتوانین لەو قەدەرە ڕزگارمان ببێت؟ بەبێ تێپەڕاندنی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی، چۆن لەو تۆڕە شاراوەیەی دەسەڵات ڕزگار ببین کە لە دوڕگەکانەوە بڕیار لە چارەنووسی گەلان دەدەن؟ ڕەنگە ئیتر ژمارەی ئەو کەسانە لە زیادبووندا بێت کە پێیان وایە گەلان کراون بە کۆیلە. تێزی ئازادیی گەلانیش دواین ململانێی نێوان سەرمایە و ئەخلاقە؛ شەڕی نێوان تاکگەرایی توندڕەو و بەکۆمەڵگابوونە؛ شەڕی ئەخلاق و بێ‌ئەخلاقییە؛ شەڕی نێوان دوو زهنییەتە: زهنییەتی مۆدێرنیتەی دیموکراتیی و مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی. کاتێک تەواوی دەوڵەتان گەلەکۆمەکێ بەرانبەر ڕێبەر ئۆجالان پەیڕەو دەکەن و لە دوڕگەیەکدا گۆشەگیری دەکەن، بۆ ئەوەیە تۆڕی شاراوەی دوڕگەی “ئیپستاین” بتوانن درێژە بە جەنگ، داگیرکاریی، قڕکردن و یاریکردن بە چارەنووسی گەلان بدەن.

‫بێگومان دژایەتیی ئایدیۆلۆژیی لەلایەن سەرمایەدارە گەورەکان و کۆمپانیاکانەوە، بۆ ڕزگاربوونی مرۆڤەکانە لە هەر کۆتوبەندێکی ئەخلاقیی و بوون بە کۆیلەی پارە. لە جیهانێکدا کە پارە دەتوانێت بێدەنگیی بکڕێت لە بەرانبەر هەر توندوتیژیی و قڕکردن و چەوسانەوەیەکدا، کاتێک پارە بووە ناوەندی بەهاکان، کەواتە ئێمە لە جیهانێکدا دەژین بەبێ مێشک؛ چونکە دواجار پارە بڕیار دەدات چی باشە و چی ڕاستە. گاڵتە بە بەهاکان دەکرێت و لەلایەن سەرمایەدارانەوە ئەخلاق وەک گێلێتی دەبینرێت. ئۆجالان دەڵێت: “لە ڕوانگەی سیستەمەوە، دەشێ بگوترێت کەوتوومەتە ڕەوشێکی کۆمیدییەوە. بەڵام من سیستەم بە ستەمکار، پڕ چەوسانەوە و خوێناوییبوونێکی مەترسیدار دەبینم. ژیانێک ئەم دیاردانە لەخۆ بگرێت، ژیانێکی قێزەون و بێزهێنەرە. لەو سیستەمەدا خیانەتێک جێگەی باسە کە لە مێژوودا ڕووی نەداوە. لەم سیستەمەدا بەردەوام گوتەکان بەدرۆخستنەوەی کردارن. تا سرووشتی ئەو سەرمایەداریییە شی نەکرێتەوە وا لە قۆناغی جیهانگیرییدایە، خستنەڕووی هەر فۆرم و بەرنامەیەک سەبارەت بە ژیانی ئازاد، بۆ هەموو جۆرە سەرلێشێوان و لادانێک کراوە دەبێت.”

‫بەڵێ، جیهان پێویستی بە ڕێبەری گەلانە بۆ ڕزگاربوون لەم کێویبوونە و لەم دڕندەیەی تەواوی جیهانی فەتح کردووە و خستوویەتییە ژێر کاریگەریی خۆی. سەپاندنی ژیانی تاکگەراییەکی ڕەها، فتیشیزمی پارە، کاڵاپەرەستیی و پێناسەکردنیان وەک دیاردەی سرووشتیی، بە مانای ساختەیی زانستی کۆمەڵناسیی دێت. لە کاتێکدا هەندێک لە بیرمەندانی سەدەی حەڤدە و هەژدە ئاشتیی وەک یەکەم یاسای سرووشتیی دەبینن، ئەوا لە سەردەمی سەرمایەدارییدا بەهۆی پەیڕەوە زانستییەکەیەوە، جەنگ وەک شتێکی حەتمیی بەسەر گەلاندا دەسەپێنێت. بۆ نموونە لای مۆنتیسکیۆ ئاشتیی یەکەم یاسای سرووشتییە، کەچی کۆمەڵناسیی پۆزەتیڤیست، کە ڕۆڵی کاهینەکانی سۆمەر بۆ سیستەم دەبینن، لە ژێر ناوی کۆمەڵناسییدا خراپترین قەدەر بەسەر کۆمەڵگە و گەلاندا دەسەپێنن. دیارە سیستەم زیرەکانە زهنییەت داگیر دەکات؛ هەموو ئەو بابەتانەی لە قازانجی سیستەمدا نین، بە خەیاڵیی و ناسرووشتیی ناویان دەبات، وەک ئاشتی و خۆشنەویستنی پارە. لە کاتێکدا هەموو دیاردە قێزەونەکان بەرهەمی کۆمەڵگەی شارستانیین؛ لە دوای سەرهەڵدانی شارستانییەت و ئاڵۆزبوونی پەیوەندییەکان بوونە مەیلی دەروونیی. تەنانەت نەخۆشیی پیدۆفیلیاش بەرهەمی شارستانییەتە، لەخۆڕا نییە ئۆجالان دەڵێت: “گومانم نییە ڕزگاریی مرۆڤایەتی بە ڕزگاربوون لە شارستانییەت بەدی دێت.”

‫بۆیە کاتێک دەڵێین ڕێبەری گەلان، دەزانین ئەوانەی دژایەتیی ئۆجالانیان کرد و خستیانە دوڕگەی ئیمڕاڵیی، ئەوانەن دژی ئازادیی گەلانن؛ ئەوانەن قاچێکیان لە ناو دەسەڵات و دەوڵەتدایە و قاچێکیان لە دوڕگەکەی ئیپستاینە. بۆیە مرۆڤ دەتوانێت بیر لەوە بکاتەوە، هێرشی سەر ڕۆژئاوا هێرشی بێ‌ئەخلاقترین سیستەمی جیهانی بوو بۆ سەر ئازادیی گەلان. دووەمین گەلەکۆمەکێی نێودەوڵەتیی بوو بۆ سەر بەرهەمی ڕێبەری گەلان؛ ڕاستییەکەی هێرشی دوڕگەی ئیپستاین بوو بۆ سەر ئیمڕاڵیی. لێ دەبینین وەک چۆن لە بواری تیۆرییدا چاخی سەرمایەداریی و لۆژیکەکەی لە دوڕگەی ئیمڕاڵیدا بە ڕووتیی نیشانی جیهان درا و لۆژیکی مۆدێرنیتەی گەیاندە دۆخی مایەپووچیی، ئەوا بە کرداریش کورد لە ڕۆژئاوا بەرانبەریان وەستایەوە. لە کاتێکدا بە گەشبینییەوە باسی هەڵوەشاندنەوەی سایکس-پیکۆ دەکرا، پێشتر ئۆجالان هۆشداریی دابوو کە سەدەی بیستویەک دەشێت سەدەی قڕکردن بێت بۆ کوردان، وەک چۆن دەکرێ سەدەی ئازادییش بێت؛ واتا دەکەوێتە سەر ئاستی تێکۆشان و ناسینی سیستەم. لێ هێشتا کەسانێک لە جیاتی ئیمڕاڵیی، ڕوویان لە دوڕگەی ئیپستاینە، گوایە کورد دەکەوێتە ناو حیسابات و بەرژەوەندییەکانیان و دەوڵەتێکی نەتەوەیی بۆ درووست دەکەن!

‫دیارە دەروێشەکانی سیستەم، ئەوانەی هێشتا لە نهێنیی پەیڕەوی زانستی تێناگەن، ئەوانەی یۆتۆپیای خۆیان لەسەر بنەمای پەیڕەوی زانستیی سەرمایەداریی بنیاد ناوە، ئەوانەی لە ژێر لۆژیکی ڕەهای سیستەمدان و شێوازی بیرکردنەوەیان هێندە لە ژێر کاریگەریی سیستەمدایە تا ئاستی دەمارگیری، لەگەڵ شێواز و پەیڕەوی زهنییەتی مۆدێرنیتەی دیموکراتی دژن. بە جۆرێک کە شێوازی کاردانەوەی دۆگمای ئایینییان تێپەڕاندووە. گرنگە ئەوە بزانرێت کە زانست، ماف، دیموکراسی و ڕۆشنگەریی، بەرهەمی تێکۆشانی هزریی کۆمەڵگەن؛ ڕۆڵی سەرمایەداریی تەنیا بەلاڕێدابردن و یاریکردن و قۆستنەوەی ئەو بەهایانەیە.

‫زۆر گرنگە ئەوانەی بانگەشەی عەلمانییەت دەکەن بزانن کە بەڕێوەبەرانی سیستەمی سەرمایەداریی کێشەیەکیان لەگەڵ ئاییندا نییە، تا ئەو کاتەی ئایین بکەوێتە نێو چوارچێوەی قۆستنەوە و مەسرەفگەراییەوە. بۆ سەرمایەداران ئایین تا ئەو شوێنە مەترسییە کە ناکەوێتە خزمەت کەڵەکەی سەرمایە و درووستکردنی شەڕ. هەر بۆیە دەبینین ئیسلامی سیاسیی لە نێو گەمەی تۆڕەکانی دەسەڵاتدا جێگە دەگرن؛ بەرژەوەندییان لەگەڵ سیستەمدایە، گەرچی بە ڕووکەش دژی سیستەمن، بەڵام لە واقیعدا سیستەم بە خۆیەوە گرێی داون. هەر بۆیە دەبینین ئیسلامی سیاسیی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ئامڕازی هەرە گرنگی دەستێوەردانەکانی سیستەمە. سەرەڕای بانگەشەی ناڕاستی پاراستنی بەهاکانی کۆمەڵگەی ئیسلامیی، ڕاستییەکەی دەستیان بە دامێنی خواوەندەکانی سیستەمەوە گرتووە. ئەو ئەورووپا و ئەمریکایەی بە بێڕەوشت و داڕماو لە ڕووی بەها و ئەخلاقەوە پێناسەی دەکەن، پشتیوانییان دەکات بۆ ڕووبەڕووبوونەوە و پێشگرتن لە سەرهەڵدانی گەلان و ڕێگرتن لە ڕێنیسانسی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. ئەگەر لە ڕابردوودا وڵاتانی ئیسلامیی ڕۆڵی پشتێنەی سەوزیان پێ درابوو بەرانبەر سۆڤییەت، ئێستا ئیسلامی سیاسیی ڕۆڵی بەکرێگیراوێتیی دەبینێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی یۆتۆپیای ئازادیی گەلان. چونکە یاریکردن بە مافی ژن و بازرگانیکردن پێی و بەکاڵاکردنی بۆ ئەوان گرفت نییە؛ ئەوەی لێی دەترسن، ئازادیی ژنە، تێزەکانی ئازادیی ڕێبەر ئۆجالانە. چونکە ڕاستییەکەی پەیڕەوی دۆگماتیکی ئەوانیش گرێدراوی سیستەمی دەسەڵاتە. گوتەی خواوەند و پیرۆزیی هەرگیز لە بەرژەوەندیی دەسەڵاتە سەرەڕۆکان نزیک نابێتەوە؛ وەک چۆن لە سیستەمی سەرمایەدارییدا زانست سەرمایەدارییی بەهێز کردووە، لە پەیڕەوی ئایینیشدا، ئایین ڕۆڵی پیرۆزکردنی دەسەڵاتدارە دیسپۆتەکانی پێ دراوە. بەم شێوەیە ئەوەی بە نهێنیی لە دوورگەی ئیپستاین گوزەرا، لە کۆشکی پادشا و سوڵتانەکانی ڕۆژهەڵاتیش هەمان شت بوو؛ لە دەرەوەی ژیانی کۆمەڵایەتیی و دوور لە چاوی کۆمەڵگا. بەهەشتێک بۆ پادشا و سوڵتان و سەرمایەدارانی ئەمڕۆ، بۆ گەلانیش دۆزەخێک درووست کراوە. لە یەکێکیاندا جەنگ بە ناوی دژە تیرۆر، لە یەکێکی دیکەیاندا جەنگ بە ناوی خودا و پیرۆزی ڕەوایەتیی پێ دەدرێت. دیارە جەنگ لە سەرووی ئەو کێشانەوە دێت وا مرۆڤایەتیی بەدەستییەوە دەناڵێنێت. جەنگەکان بە پێچەوانەی بانگەشەی هەندێ مێژوونووس، هەرگیز نەبوونەتە هۆی گۆڕانکاریی و لەدایکبوونی سەردەمی نوێ، بەڵکوو درێژەپێدەری سیستەمی شارستانییەتی پێنج هەزار ساڵەن.

زیاتر ببینە

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button


هاوبەشیی بکە.