گۆشەی ئازد

ئۆجالان بەتەمای چییە؟

ناسیۆنالیزمی کوردی دۆخێکی درووست کردوە، کە وەک بڵێی هەموو کورد سونەی موسڵمانە

کەمال چۆمانی

ئەو کۆمەڵگا سۆشیالیستییەی ئۆجالان باسی دەکات؛ کۆمەڵگای دیموکراتیک و یەکسانیخوازە لەسەر چەند بنەمایەک دامەزراوە، هەندێکیان باس دەکەم:

کۆنفیدرالیزمی دیموکراسی؛

واتا، سیستەمێک کە دەوڵەت ڕەنگڕێژی سیاسەتی لۆکاڵ نەکات، ئەو ڕژێمە سیاسییەی هەیە تەنها پشتیوان دەبێ. واتا دیموکراسییەکی بێدەوڵەت. ئامەد پێویستی بەوە نییە پارێزگارێکی لەلایەن دەوڵەتەوە بۆ درووست بکرێ. دەستەڵاتدارێتی لامەرکەزییە. لەبری ئەوەی سەنتەر بڕیار بدات ئامەد پێویستی بە بنکەی تەندرووستییە یان یاریگایەکی منداڵان، خەڵک لەڕێی ئەنجوومەنە دیموکراسییەکانەوە بڕیار دەدەن. کۆمەڵگا لە خوارەوەڕا خۆی ڕێک دەخات، نەک لەسەرەوەڕا. ئێمە لە باشووری کوردستان زۆر باسی فیدرالیزم دەکەین و دەمانەوێ بچەسپێ، بەڵام حکومەتی هەرێم لە حکومەتی بەغداد مەرکەزیترە. ئەو مەرکەزییەتە بەسەر چووە. بە مۆدێل و فۆرمی تر، ئەوەی لە ئەورووپا هەیە زیاتر ئەو کۆنفیدرالیزمە دیموکراسییە نزیکە  نەک ئەو مەرکەزییەتەی حکومەتی هەرێم و حکومەتی بەغداد. ئێراق وەک سیستەمە سیاسییەکەی فیدراڵییە، بەڵام ئەو فیدراڵیزمە پەرەی پێ نەدراوە و ڕاڤە نەکراوە و پێڕەوکردنەکەی تەنها لەسەر ئاستی هەرێم بووە.

سۆشیالیزمی فێمینیست:

ئۆجالان پێی وایە ئازادیی ژن بنەڕەتی ڕاستەقینەی سۆشیالیزمە. بێ ئازادیی ژن، کۆمەڵگا ئازاد نابێ. ئەو سیستەمی دەوڵەتەی هەیە، دەوڵەتێکی پیاوسالارە و بنەڕەتی پلەبەندییە کۆمەڵایەتییەکانە. ئەو پلەبەندییە کۆمەڵایەتییانە وا دەکات سەرۆک هۆزێک کە توندوتیژە یا سەرۆک حیزبێک کە هەمووان وەک کۆیلە دەبینێ و خۆی بەسەر کۆمەڵگا سەپاندووە، لەناو کۆمەڵگادا پلەی باڵاتریان هەبێ لە ژنان و خەڵکی ئاسایی. ئێستا ببینن دنیا چۆن، وەک گاردیەن لەبارەی شەڕی ئیسرائیل و ئێران نووسیبوی، بە دەست سێ پیاوی پیرەوە خەریکە بەرەو جەنگێکی ماڵوێرانکەری هەرێمیی دەچێ. ببینن بەشێک لە کۆمەڵگای ئێمە هێشتا ژنان تەنها وەک بووکەڵەی سێکسیی یا سیاسیی و کۆمەڵایەتیی تەماشا دەکرێ. ئەو سیستەمەی ئۆجالان داوای دەکات، یەکسانکردنی ژن و پیاوە بێ ئەوەی ئەویان ببێتە ئەم و ئەمیان ببێتە ئەو.

ئیکۆلۆژیی؛

ئێراق یەکێکە لەو وڵاتانەی ئەگەر خەمی نەخورێ، لە چەند دەیەی داهاتوودا بەشێکی بە کەڵکی ژیان نایەت. هەندێک ڕاپۆرت باسیان لەوە دەکرد کە گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا لە باشووری ئێراق وای کرد بەشێک لە خەڵک بێکار و بێماڵ و حاڵ بێ. کە دێنە شارەکان ژیان و کار نییە. لەلایەن توندڕەوە تیرۆریستەکانەوە دەقۆزرێنەوە. ئۆجالان ئەو دڕندایەتییەی پیشەسازیی کاپیتالیزم بەرانبەر سرووشت دەیکا، بە یەکێک لە مەترسییەکانی سەر گەردوون دەبینێ. مرۆڤ خۆی بە سەنتەر دەزانێ. ئێمە بە هۆی شەڕەکانەوە زیاتر لە زۆر گەلی دونیا بینیومانە چۆن سرووشتمان وێران بووە. بۆیە ئۆجالان داوای پاراستی سرووشت دەکا، داوا دەکات ئەو ئابوورییەی پێش دەخرێ، بگونجێ لەگەڵ جڤاکدا. کاتێک کۆمپانیایەکی نەوت دەیەوێ نەوت دەربهێنێ و حیساب بۆ گوند و دارستانەکان ناکا، ئەوە دەبێ ڕابوەستێنرێ. لای کۆمپانیاکان قازانج سەنتەرە. سرووشت دەبێ سەنتەر بێ. ئەو سرووشتە تەنها هی ئێمە نییە. ٢٠٢١ سەرۆکی پێشوی ئێراق، بەرهەم ساڵح پڕۆژەیەکی گەورەی ڕاگەیاند بۆ ڕووبەڕووبونەوەی گۆڕانەکانی کەشوهەوا لە ـئێراقدا، بەڵام ئێراقییەکان زیاتر خەریکی بەرخۆریزم و ململانێی تائیفی و ئێثنیکی و سیاسین. ئێستا هاوینان پلەی گەرمیی دەگاتە ٥٠ـی سیلیزی، هەمووان گلەیی دەکەن، یان بەدوای ئەوەدا دەگەڕێن چۆن سپلیت و کارەبای باشتریان هەبێ. ڕاپۆرتێکی حکومەتی هەرێم و نەتەوە یەکگرتوەکان لە ٢٠١٨ ئەوەی دەرخست کە هەرێمی کوردستان لە ١٩٩٩ بۆ ٢٠١٨ سەدا ٤٧ی سەوزایی لەدەست داوە. ئایا بیرتان لەوە کردووتەوە خۆڵبارین ژیان لە کۆمەڵگا تاڵ دەکات؟ ئەی پاڵاوگە نایاسایییەکان، نابینن چۆن خەڵکی تووشی دەیان نەخۆشیی کردووە؟ بنەڕەتی چارەسەرەکان سیاسەتێکە بۆ ئیکۆلۆژیی.

ئابووریی هەرەوەزی؛

ئابووری لە سۆشیالیزمی ئۆجالاندا، ئابوورییەکی کۆئۆپەرەتیڤە، واتا هەرەوەزییە، نە ئابوورییەکی ڕەیعییە نە ئابوورییەکی نیۆلیبرال. ئەو ئابوورییە لەلایەن جڤاکەوە خاوەندارێتیی دەکرێ نەک نوخبەیەکی چاوبرسی، کە لەسەر حیسابی خەڵک و سرووشت دەبنە ملیارنێر. ئابووری لای ئۆجالان لە کۆمەڵگا جیا ناکرێتەوە، دەکەوێتە خزمەتی کۆمەڵگا و سرووشت نەک کۆمەڵگا و سرووشت دەبنە مەکینەی وەگەڕخستنی سەرمایە بۆ گرووپێکی چاوبرسی و گەندەڵ.

دژایەتیکردنی نەتەوە-دەوڵەت؛

نەتەوە-دەوڵەت لە باشترین حالەتەکەیدا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، تورکیا و ئیسرائیل بوون وەک دوو دەوڵەتی دامەزراو کە لیبرەڵ دیموکراسی تێیاندا بنەما بووە. هەردووکیان دوو دەوڵەتی جینۆسایدکارن. واز لە دەوڵەتەکانی تر دەهێنین، چونکە لە ئێرانەوە بۆ تونس، شکستخواردوو و فاشیلن. توندوتیژ و خوێنڕێژن. لەڕوی ئابووریشەوە بێکەڵک و بێکاریگەر.

چارەسەر چییە؟

لای ئۆجالان، کە شتێک نییە تەنها ئۆجالان دۆزیبێتیەوە، نەتەوە-دەوڵەت فاشیزم بەرهەم دێنێ. بۆیە پێویستان بە جۆرێکی تر ڕێکخستنی سیاسیی کۆمەڵایەتی و ئێثنیکی هەیە. ئەو ڕێکخستنە دیموکراتیزەکردنی دەوڵەتە. تەماشای هیندوستان بکەن. لەوێ ٢٨ ویلایەت هەن، ٢٢ زمانی ڕەسمیی هەن لەنێو ویلایەتەکان. زمانی نەتەوەیی نییە. زمانێکی ڕەسمیی هەیە بۆ هەمووان کە ئینگلیزییە. هیندوستان نەتەوە دەوڵەت نییە، بەڵکوو نەتەوە-دەوڵەتەکانە. واتا هیندوستانێک هەیە و دەیان دەوڵەت\ویلایەتی تری تێدا دەژیێت. لە کەنەدا هەروا. تەنها نەتەوەیەک نییە، بەڵام دەوڵەتەکە دیموکراتیکە. بۆیە، پێویست ناکا کورد دەوڵەتی هەبێ، بەڵکوو پێویستە ئەو دەوڵەتانەی کوردیان تێدایە، دیموکراتیک بن. کورد دەتوانن ئەوکات حوکمی وڵاتەکە بکەن. ئێستا لە ئێراقدا -واز لە فاشیلی سەرکردایەتیی کورد و شیعە و سونە- بێنن کە نەیانتوانیوە وڵاتێکی دیموکراتیک و خۆشگوزەران درووست بکەن، هیچ ڕێگرییەک نییە لەوەی کوردێک سەرۆک وەزیران بێ. چیتر ئێراق ئێراقەکەی گرووپێک نییە. خۆ ئەگەر بڕیار وایە کورد جیاواز بێ، دەبوو لە ١٩٩١ـەوە ئەو نەتەوە-دەوڵەتەی ئێمە بە ناوی هەرێمی کوردستان هەمانە، سەرکەوتوو بوایە. بەڵام نا، کێشەکە هەبوونی ئەو شتە نییە کە پێی دەگوترێ، سنوور و ئاڵا، بەڵکوو جەوهەرەکەیە.

بۆیە لای ئۆجالان پلورالیزمی کەلتووریی و ئێثنیکی بۆ ئەو وڵاتانەی کە فرەنەتەوە و دینن، چارەسەرە. ببینن، مامەڵەی کورد لەگەڵ ئێزیدییەکان بە هۆی ئەوەی ئێزیدییەکان موسڵمانی سونە نین، یان مامەڵەی کورد لەگەڵ کوردی شیعە و فەیلی، مامەڵەیەکی زۆر ناتەندرووست بووە. ناسیۆنالیزمی کوردی دۆخێکی درووست کردوە، کە وەک بڵێی هەموو کورد سونەی موسڵمانە، لە کاتێکدا لەناو کورد و کوردستاندا شیعە و عەلەویی و یارسان و گرووپی ئایینی و ئێثنیکی دیکە هەن.

ئۆجالان بەتەمایە بەردی بناغەی کۆمەڵگایەک دابنێ کە بۆ سەدان ساڵ و بگرە هەزاران ساڵیش گەلی کورد و گەلانی ناوچەکە لە سەر ئەو بنەمایانە بتوانن پێکەوە بژین و خۆشبەخت بن.

زیاتر ببینە

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button


هاوبەشیی بکە.