ئۆجالان؛ بیرمەندی پەراوێز، ئەکتەری مێژوو
ئۆجالان خۆی چەندین جار، تەنانەت له بەرگرینامەکانیدا داوا له ڕووناکبیران دەکات ڕەخنەی لێ بگرن، بەڵام بە پێوانەی درووست و بە مەبەستی درووستکردن؛ نەک بۆ تێکشکاندن. ڕەخنەنەگرتن، گەورەترین خیانەتە.

بابان سەقزیی
جیاوازیی نێوان ڕەخنەی فکریی و نکۆڵیی له ڕۆڵی دیرۆکیی ئۆجالان چییە؟
ترسی ڕۆشنبیرە پۆزیتیڤیستەکان چییە؟
بۆچی هەندێک کەس جیاوازیی بیروڕایان لەتەک ئۆجالان هەیە و هەندێکی تریش تا سنووری دوژمنایەتیی دەڕۆن؟
ئامانج، ڕەخنەی فکریی ئۆجالانە یان تێکشکاندنی کەسایەتیی مێژوویی ئەو؟
بێگومان ڕەخنەگرتن لە هزر و ڕامانی ئۆجالان نەک هەر گونجاوە، بەڵکوو پێویستیشە. نابێت هیچ تیۆرییەک لە پرسیار و پێداچوونەوە پارێزراو بێت. بەڵام ئەوەی ئەمڕۆ لە ڕەخنەکانی بڕێک ڕۆشنبیری کورد دەبینرێت، تێپەڕینە لە ڕەخنەی فکریی، بەرەو نکۆڵیی و دژایەتیی ڕۆڵی مێژوویی ئۆجالان؛ ئەم دووانە نە وەک یەکن و نە لە یەک ڕەگەزن. لێرەدا ئێمە لەتەک شێواندن و چەواشەکردنی بەئەنقەستی «ڕەخنەی تیۆریی» و «نکۆڵیی مێژوویی» ڕووبەڕووین کە ئامانج لێی، کەمنرخکردن و بێبایەخکردنی گۆڕانکارییە عەمەلییەکانە.
ئۆجالان خۆی چەندین جار، تەنانەت له بەرگرینامەکانیدا داوا له ڕووناکبیران دەکات ڕەخنەی لێ بگرن، بەڵام بە پێوانەی درووست و بە مەبەستی درووستکردن؛ نەک بۆ تێکشکاندن. ڕەخنەنەگرتن، گەورەترین خیانەتە. ئەم هەڵوێستە نیشانەی متمانەی ئەو بە هێزی ڕەخنە و بە ئەرکی ڕۆشنبیریی دەزانێت. ئۆجالان دژی بتسازیی و موقەدەسکردنی کەسایەتییە؛ چونکە لە ڕوانگەی ئەوەوە، نەبوونی ڕەخنە، دەرفەت بۆ چەقبەستوویی هزر و مێشک دەکاتەوە. بۆیە ڕەخنە، نەک تەنیا مافه، بەڵکوو ئەرکی مێژوویی ڕۆشنبیرییشە. لە هەمان کاتدا، ئەو، ڕۆشنبیر وەک ئەکتەرێکی بەرپرسیار دەبینێت، نەک تەنها بینەرێک. ڕەخنەی ڕاستەقینە دەبێت شیکاریی و کۆمەڵایەتیی بێت و بتوانێت هەڵەکانی پرۆسە سیاسییەکە ڕوون بکاتەوە؛ بەڵام ئۆجالان ڕەخنەی لیبراڵیی و سەپاندنی پێوانی ڕۆژئاواییەکان ڕەت دەکاتەوە و داوای ڕەخنەیەک دەکات کە لەسەر بنەماکانی ناوخۆیی و کۆمەڵگەی ئازایخوازی نێو کوردستان بێت.
ئامانجی نووسینی ئەم دەقە، بەرگریی بێ ئەملاولای ئۆجالان نییە، بەڵکوو بەرگرییەکی وردبینانەی شیکاریی و جیاکردنەوەی درووستی ئاستەکانی ڕەخنەیە. مرۆڤ دەتوانێت لەتەک ئۆجالان ناکۆک بێت یان تیۆرییەکانی بخاتە بەر نرخاندن و تاقیکردنەوە و شیتاڵ شیتاڵی بکات، بەڵام ناکرێت و ناتوانێت ڕۆڵە دیرۆکیی، کۆمەڵایەتیی و کردەییەکەی ئۆجالان، تەنیا بەو بانگەشەیەی کە “قسەی نوێی نییە” یان “پێشتر کەسانی تر باسی ئەمەیان کردووە”، پشتگوێ بخات.
بۆ ڕێگریی لە تێکەڵبوونی چەمکەکان، ئەم نووسینە پشت بە جیاکرنەوەیەک دەبەستێت له سەر سێ ئاست:
- ئاستی هزریی.
- ئاستی کار و کردەوەی کۆمەڵایەتیی.
- ئاستی ڕۆڵی بەرچاو و مێژوویی لە گۆڕانکارییە سیاسییەکان
بەشێکی زۆری تێنەگەیشتنەکان لە ئۆجالان لە جیاوازییە فکرییە بنچینییەکانەوە نایەت، بەڵکوو لە چەواشەکردنی ئەنقەست یان نائاگایانەی ئەم ئاستانەوە سەرچاوە دەگرێت؛ ئەویش کاتێك ڕەخنە لە لایەنی تیۆرییەکەوه، دەبێتە سڕینەوە و نکۆڵیی لە ئەزموونێکی مێژوویی و وەلانانی ئەکتەرێکی سیاسیی.
بەشی یەکەم: هەڵە شیکارییەکان و هەڵە ستراتیژییەکانی ڕەخنەگرتن لە ئۆجالان
1- یەکگرتنی ڕەخنەی فکریی لەتەک نکۆڵیی ڕۆڵی مێژوویی
هەندێک ڕەخنەگر بەردەوام دووبارەی دەکەنەوە کە ئۆجالان شتێکی نوێ و ئەوتۆی نەوتووە و قسەکانی دووبارەن و پێشتر فڵان کەس ئەم باسەی کردووە. کێشەی سەرەکیی ئەم ڕوانگەیە ئەوەیە؛ کە داهێنان لە مێژووی هزر و ڕاماندا تەنیا بە واتای درووستکردنی چەمکی تەواو نوێ نییە؛ بەڵکوو پەیوەستە بە توانای بەستنەوەی فکره بە کردارەوه، هەروەها خۆماڵیکردن و کورداندنی ئایدیاکان و بنیادنانی بۆ هێزێکی هاندەری کۆمەڵایەتیی ڕاستەقینە. دەکرێت داهێنان لە سەر سێ ئاست بێت: خۆماڵیکردنی تیۆرییەکان لە ناو کۆمەڵگایەکی سەرکوتکراو و داگیرکراودا، گرێدانی تیۆرییەکه بە کرداری سیاسیی و ئافراندنی ڕێبازێکی سیاسیی نوێ.
لەم بوارەدا، ئۆجالان لە کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، نموونەیەکی کەموێنەیە:
ئەو لە کاتێکدا بیرۆکەی دامەزراندنی کەناڵێکی تەلەفزیۆنی کوردیی (Med TV) هێنایە کایەوە و جێبەجێی کرد، کە هیچ کام لە دەوڵەتانی داگیرکەری کوردستان تەنانەت یەک کەناڵی ئاسمانییان نەبوو.
ئەو پێشنیاری دامەزراندنی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستانی دا، ئەویش لە سەردەمێکدا کە زۆربەی پارتەکانی کوردستان تووشی دابڕان و خەریکی شەڕی ناوخۆیی بوون.
فەلسەفە و ڕێبازی ژن-تەوەریی لە ئاستی باسە تیۆرییەکانەوە، گۆڕی بۆ پێکهاتەیەکی کۆمەڵایەتیی ڕاستەقینە.
تیۆری کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیی گەیاندە مۆدێلی کرداری حوکمڕانیی لە ڕۆژئاوای کوردستان. هەڵبەت با ئەمه بمێنێت که هێرش و پیلانی بەرفراوانی دەوڵەتانی تورکیا، سووریا، سعوودییە، قەتەر، عەمان و چاوقونجانی بە زانایی ئەمریکا، هەر بۆ مەبەستی لەناوبردن و سڕکردنی ئەم پرۆژەیە بوو.
ژنی لە “چەمکی ڕزگارییەوە گۆڕی بۆ بەرپرسی دەسەڵات و حوکمڕانیی”.
ئەمانە دەستکەوتگەلێکن کە هیچ فەیلەسووفێکی تەنیا ئەکادیمیی، چ کورد و چ ناکورد، لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست یان تەنانەت لە ئاستی جیهاندا، تەنیا بە نووسین و وەرگێڕانی کتێب پێی نەگەیشتووە. ئۆجالان فەیلەسووفێکی پشتمێزنشین نییە؛ ئەو بیرمەندێکە و لە گۆڕەپانی ڕاستەقینەی مێژوودا کاری کردووە. ڕەخنە لە ئەو وەک فەیلەسووفێکی کتێبخانەیی، هەڵەیەکی بابەتییە؛ ئەو فەیلەسووفی مەیدانی مێژووە نەک مێزی خوێندن.
2- درووستکردنی دووفاقییەکی ساختە لە نێوان ناسیۆنالیزمی دەوڵەت-تەوەر و ئاپۆییزم
هەندێک ڕەخنەگر، ناسیۆنالیزمی دەوڵەت-تەوەر بە “ڕیالیزم” و کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیک بە “ئایدیالیزمێکی منداڵانە” ناو دەبەن. بەڵام لەم ڕوانگەیەدا دژایەتییەکی ئاشکرا هەیە: لە لایەک یەژن؛ جیهان لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی دەسووڕێتەوە، بەڵام لە لایەکی ترەوە چاوەڕوانن دەوڵەتانی داگیرکەری تورکیا، ئێران، سووریا و ئێراق، ڕێگە بە پێکهێنانی دەوڵەتێکی سەربەخۆی کوردیی بدەن. ئەمە نەک ڕیالیزم، بەڵکوو خەیاڵپڵاویی و هیوایەکی سەدەی نۆزدەهەمە و بەم هەلومەرجەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە تەنیا حەزێکه. هەوڵی باشووری کوردستان بۆ بنیادی ڕێفراندۆم و دەوڵەتی کوردیی، باشترین نموونەیە.
ئۆجالان بە پێچەوانەوە، لە هاوسەنگیی هێزە ڕاستەقینەکانەوە دەستی پێ دەکات؛ بێ چاوەڕوانیی بەزەیی دەوڵەتان و بە پێداگریی چڕ بۆ سەر خۆڕێکخستنی کۆمەڵگای کوردیی. ئەو فێری کردین دەسەڵاتی ڕاستەقینە لەناو کۆمەڵگایەی ڕێکخراوکراودا بەرهەم دێت نەک دەوڵەتنەتەووە.
3- نزمکردنەوەی هزری ئۆجالان بۆ ڕەفتاری بڕیک له لایەنگرانی توندڕەو
هەندێک ڕەخنەگر بە زەقکردنەوه و تەرکیزخستنە سەر چەمکگەلێکی وەک ڕێبەرپەرەستیی، ئیگۆ و نارسیزم، لە ڕووبەڕووبوونەوەی فکریی ڕا دەکەن. دەبێژن؛ ئەوە نییه فڵان لایەنگری وا ئێژێت، ئەمە هەڵەیەکی باوە: ئەگەر چەند لایەنگری توندڕەون، کەواتە خودی هزر و ڕامانی ئۆجالان بێواتە و پووچەڵە! به گوێرەی ئەم لۆژیکە دەبێت
مارکس لەبەر ستالین و نیچە لەبەر نازییەکان و ئیسلام لەبەر داعش ڕەت بکرێتەوە. ئەم شێوازە ڕەخنەیه نە فەلسەفەیە و نە لەگەڵ ویژداندا دەگونجێت؛ بەڵکوو ڕێگەیەکە بۆ هەڵاتن لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیۆری ڕاستەقینە.
بەشی دووەم: ڕاستییەکانی ژیۆپۆلیتیک و خاڵە هاوبەشەکان لەتەک دوژمنان
ئەزموونی ڕۆژئاوای کوردستان، وەک دەرکەوتەی کرداریی ڕێباز و هزری ئۆجالان، لەتەک پیلان و گوشارگەلێک ڕووبەڕوو بووەتەوە کە لە سەرووی ئیرادەی ڕێبەرانی ئەوێیە؛ بەڵام زۆرێک لە ڕەخنەگران زۆر بە ئەنقەستەوه ئەم زەمینانە پشتگوێ دەخەن: هێرشی سیستەماتیکی پتر له چل ڕێکخراوی تیرۆریستیی و ڕەفتاری دووفاقیی هێزە جیهانییەکان، به تایبەت ئەمریکا.
پێویستە لێرەدا باسی خاڵێکی هەستیار بکەین: خاڵی هاوبەشی ئەم ڕەخنەگرانە لەتەک دوژمنانی کورد.
ئەوەی ئۆجالان ئەنجامی داوە، تەنیا ڕیباز و تیۆرییەکی سیاسی نییە؛ ئەو «ناوەندی قورسایی واتەکان»ـی گۆڕیوە.
دەوڵەتی تورکیا: دوژمنە، چونکە ئۆجالان مۆدێلی دەوڵەتنەتەوە لە ناوەوە پووچەڵ دەکاتەوە.
جۆلانیی و ئیسلامی سیاسیی: دوژمنن، چونکە ئۆجالان ئیسلامی سیاسی پیاوسالاری بێنرخ کردووه.
بڕێک لەم نووسەر و ڕەخنەگرانە: دوژمنن، چونکە ئۆجالان مەرجەعییەتی فکریی لە ڕۆشنبیریی ئەکادیمیی دەسەنێتەوە و دەیداتە دەست کۆمەڵگە.
خاڵی هاوبەش: هەموویان لەوە دەترسن کە چیتر مانا لە لای «دەوڵەت، پیاو، ئوممەت و نوخبە نەمێنێت؛ بەڵکوو مانا و واتەکان. گوازراوەتەوە بۆ لای «ژن، کۆمەڵگە و خۆڕێکخستن».
بەشی سێیەم: ڕەگوڕیشە دەروونناسیی و کۆمەڵایەتییەکانی دوژمنایەتیی لەتەک ئۆجالان
دژایەتیی ئۆجالان تەنیا پەیوەندیی بە جیاوازیی فکرییەوە نییە. زۆر جار لەتەک دیاردەیەکی قووڵتر ڕووبەڕووین: جۆرێک لە خۆبەکمزانیی ژمارەیەک له ڕۆشنبیرانی کوردی پەراوێزخراو، کە تەنیا شەرعیەت دەدات بەو فەلسەفه و هزرەی که لە ناوەندە زانستییەکانی ڕۆژئاواوە هاتبێتن. لای ئەوانە، کورد ناتوانێت فەیلەسووف و بیرمەند بێت.
هۆکارە سەرەکییەکانی ئەم دوژمنایەتییە توندە بریتین لە:
پێوەرە تەواو ڕۆژئاواییەکان: قەبووڵکردنی بێمەرجی فەیلەسووف و بیرمەندانی وڵاتانی ڕۆژئاوایی و ڕەتکردنەوەی ئەو فەیلەسووف و بیرمەندانەی لە ناو جەرگەی کۆمەڵگەی سەرکوتکراو و پێشێلکراوی کوردستانەوە هەستاوە. بۆیه ئۆجالان لەتەک پێوەرەکانی ئەوان نایەتەوه.
کێبڕکێی ڕەمزیی و دڵەڕاوکێی هێمایی: لە چاوی ئەمانەوە، کێشەی ئۆجالان ئەویە که بێ تێپەڕبوون لە پێکهاتە و ناوەندە فەرمییە ئەکادیمییەکانی وڵاتانی ڕۆژئاوایی، ڕاستیینەی کۆمەڵایەتیی گۆڕیوە و دینامۆی گۆڕان بووه بۆ باکووری کوردستان، تەنانەت کاریگەرییشی لەسەر هەموو بەشەکانی تری کوردستان داناوە.
ئەمه بۆ ڕۆشنبیرێک کە ساڵانێکی زۆری تەمەنی لە کتێبخانەکانی ڕۆژئاوادا بووە و خۆی ماندوو کردووه، هیچ سوود و کاریگەرییەکی بە سەر کۆمەڵگای کوردییەوە نەبووە، بینینی کەسایەتییەک کە ئەویش لە زینداندایە و مێژوو دەگۆڕێت، دەبێتە هۆی دروستبوونی گرێکوێره، ئیرەیی و هەوڵدان بۆ بچووککردنەوەی ئۆجالان، بۆیە وەک پەندی پێشینیانی کوردیی دێژێت: شەلم، کوێرم، هیچ نابوێرم، دەکەوێتە قولوقاچی هزر و ڕامانیی.
پیاوسالاریی شاراوە لە پەنای مۆدێرنیتەدا: ئۆجالان بە گۆڕینی ژن بۆ ئەکتەری دەسەڵات، هێڵە سوورە قووڵەکانی شکاندووە. زۆرێک لەم ڕەخنەگرانە لەسەر هەموو شتێک دەدوێن، بەڵام کاتێک دەگەنە «ئازادیی ژن»، بێدەنگ دەبن. ئەمە نیشانەی پیاوسالارییەکی شاراوەیە کە ناتوانێت سوژەبوونی ژن هەرس بکات.
پوختەی باسەکه:
هەر ڕەخنەیەکی دادپەروەرانە دەبێت وەڵامی ئەم پرسیارە بداتەوە: بەدیل و جێگرەوەی پڕۆژەی ئۆجالان چییە؟
ئەزموونی ناوچەکە نیشانی داوە کە سڕینەوەی کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیک، بەرەو ڕیالیزم و چەسپاندنی دەوڵەت-نەتەوەی کوردیی ناڕوات، بەڵکوو ڕێگە بۆ ناسیۆنالیزمی توندڕەو و ئایینیی و فاشیزمی نەتەوەیی و شەڕی وێرانکەر خۆش دەکات.
گرێکوێره و مژاری سەرەکیی بڕێک لە ڕۆشنبیرانی نەیاری ئۆجالان، لاوازیی تیۆریی ئەو نییە؛ بەڵکوو ئەوەیە کە ئەو تیۆری لە دەستی ئەم جۆرە نوخبە و ڕۆشنبیرانە دەرهێنا و دایە دەست ژن و خەڵکی ئاسایی نێو کۆمەڵگای کورد. دژایەتیی ئۆجالان، ئەگەر بێ پێشکەشکردنی بەدیل و جێگرەوەیەکی دیموکراتیک و بەرپرسیارانە بێت، ئەوا لە کردەوەدا تەنیا لە زیانی نەتەوەی کورد تەواو دەبێت و هاودەنگییەکی نائاگایانەیە لەگەڵ پڕۆژەی دوژمنانی کورد.



