گۆشەی ئازد

ئایدیۆلۆژیا و کۆمۆن

دیموکراسیی زیاتر بۆ کۆمۆن واتادارە، چەمکی ئەخلاق و سیاسەت بۆ کۆمۆن بنەمایە، کۆمۆن بە چەمکی کۆمەڵگەی ئەخلاقیی و سیاسیی ڕووبەڕووی چەمکەکانی دەوڵەت و دەسەڵات دەبێتەوە.

   عەلی ئەحمەد

 

ڕەنگە زۆربەی مرۆڤەکان جارێک یا زیاتر لە ژیانی خۆیاندا ئەم پرسیارەیان لە خۆیان کردبێت: «چ شتێک سەخترینە لە دونیادا؟». گۆتە شاعیر و بیرمەندی ئەڵمانیی بۆ ئەم پرسیارە لە هۆنراوەکانیدا بەم شێوەیە وەڵامدەداتەوە: «بە چاوی خۆت بینینی ئەو شتەی لەبەر چاوتدایە». بێگومان ئەم دەستەواژەیە سەیر و سەمەرە دەردەکەوێت: سەرەڕای توانای بینینمان، ئێمە هێندە لەگەڵ شتە واقیعییەکان و دیاردە ئاساییەکاندا ڕادێین، واز لە سەرنجدانیان دێنین، وەک ئەوەی ئێمە شتەکان وەک خۆیان لە واقیعدا نەبینین.

 بینینی شتەکان بە ئاسایی و ڕاهاتن لەگەڵیاندا، واتای ئەوە دەدات کە ئەو شتانە بۆ چاوی ئێمە ورووژێنەر نین. کۆرپەلەی تازەلەدایکبوو وەک نابینایەک وایە تا ئەو کاتەی ڕووناکییەکی ئازاردەر بەر چاوی دەکەوێت و دەبێتە هۆکاری ورووژاندنی دەماری بینینی. لەم نموونەیەدا مەبەستی ئێمە کاریگەریی ورووژێنەرێکی دەرەکیی نییە لەسەر دەمارێکی فیسیۆلۆجیی، بەڵکو ئەو ورووژێنەرانەن کە کاریگەریی لەسەر دەزگای دەروونیی دەکەن. بە واتایەکی دیکە، ئەوە چاو یان مێشک نییە کە دەبینێت، بەڵکو ئەو کەسەیە کە بەرکەوتنی ڕاستەقینەی لەگەڵ جیهانی دەرەوەدا هەیە. فرۆید ئاماژە بەوە دەکات کە “سیستەمی دەماریی، دەزگایەکە ڕۆڵەکەی بریتییە لە خۆلادان لەو ورووژێنەرانەی دێنە ناوەوە، و کەمکردنەوەی ئەم ورووژێنەرانەش بۆ ئاستێکی هێندە کەم کە ڕێی تێ بچێت”. ڕێک لێرەوە کاردانەوە بە ڕووی ئەو شتانەدا دەنوێنین کە دەمانورووژێنن یان کاریگەریی لەسەر هەست و سۆز و بیرکردنەوەمان دادەنێن. ئیدی ئەم شتانە یان خۆمانیان لێ لادەدەین یان بە ناچاریی لەگەڵیان ڕادێین، یان بە هەر شیوازێک بێت هەوڵی گۆڕینیان دەدەین بەو شێوەی خۆمان دەمانەوێت.

لە هزر و کردەی شۆڕشگێڕییدا ئەرکە سەرەکییەکە ئەوەیە کە ئەو شتە ببینین وا لە واقیعدا هەیە، ئەو شتەی لە بەر چاوماندایە، کردنی ئەو شتەیە کە بە وتەی گۆتە “سەختترین شتە لە جیهاندا”. هەر بۆیە کردەی شۆڕش هەرگیز ئاسان نەبووە و نابێت تا ڕووبەرووبوونەوە لەگەڵ ئەو واقیعە سەختەدا ڕوو نەدات. وەک چۆن یەکێک لە درووشمەکانی خوێندکارانی پاریس لە ساڵی ١٩٦٨ـدا  ئەمە بوو: “واقیعبین بە، داوای مەحاڵ بکە!”. شۆڕش بۆ ئەوە نییە داوای شتێک لە دەرەوەی واقیع بکەین، بەڵکو بۆ ئەوەیە واقیع خۆی ببینین. ئەی چۆنە ئەگەر ئەم واقیعە لەلایەن ‌هێزەکانی سیستەمی زاڵەوە شێوێنراو بێت. تێری ئیگڵتۆن لە پەڕتووکی «بۆچی مارکس ڕاست بوو» (ساڵی ٢٠١١)ـدا پشتگیریی درووشمەکە دەکات: “ئەو شتەی بە واقیعیی پێویستە بۆ باشکردنی کۆمەڵگە، لە دەرەوەی هێزەکانی سیستەمی باڵادەستە، لەم واتایەشدا مەحاڵە. لەگەڵ ئەوەشدا باوەڕبوون بەوەی کە دەکرێ جیهان بە شێوەیەکی واتادار باشتر بکرێت، هەر خۆی ڕیالیزمێکی ڕاستەقینەیە”. گەر لە کۆمەڵگەیەکدا دەسەڵاتگەریی، داگیرکاریی، جیاوازیی چینایەتی، نادادپەروەری، نایەکسانیی، هەڵاواردنی ڕەگەزیی، زەبروزەنگ، هەژاریی، بێکاریی، تێکچوونی ژینگە هەبێت، ئەوا هەڵوێست و بژاردەی شۆڕشگێڕ ئەوەیە ئەمە بە بارودۆخێکی نەخوازراوی کۆمەڵگەکە ببینێت. مادام بارودۆخی مرۆڤەکان ڕەنگدانەوەی واقیعێکە، واقیعیش هەلومەرجێکی ناو پرۆسەی مێژووە، ئەوا مرۆڤ دەتوانێت بارودۆخی خۆی لەو پرۆسەیەدا بگۆڕێت. ئەوەی لە واقیعدا سەخت دەردەکەوێت، ئەوەیە داوای مەحاڵ بکەین بۆ باشترکردنی بارودۆخی مرۆڤەکان. گەر بە زمانی مارکسیی قسە بکەین، دەڵێین ئەم بارودۆخە لەلایەن  هزری ‌چینی دەسەڵاتدار و ئایدیۆلۆژیای زاڵەوە ڕەوایەتی پێ دراوە. لێرەوە بیرکردنەوە لە مەحاڵ دەبێت بە پێویستی و بژاردەی کردەی شۆڕشگێڕیی.

 فیلمی “ئەوان دەژین” (They Live) کە لە ساڵی ١٩٨٨ـدا دەرهێنراوە، وەک سلاڤۆی ژیژەک جەختی لەسەر دەکاتەوە، بە باشترین شێوە کارکردی ئایدیۆلۆژیا دەخاتە ڕوو. فیلمەکە باس لە چیرۆکی جۆن نادا دەکات، کە بێکارە و بەدوای کاردا بە شاری لۆس-ئەنجلۆسدا دێت و دەچێت. ڕۆژێک لە کڵێسایەکی جێهێڵراوی شارەکەدا کارتۆنێکی پڕ لە چاویلکەی دژەخۆر دەدۆزێتەوە. نادا ڕووبەڕووی دۆخێکی نائاسایی یان سەخت دەبێتەوە: شتەکان و ڕیکلامەکان ئاسایی دەبینرێن تا ئەو کاتەی یەکێک لەو چاویلکانە لە چاوی دەکات. چاویلکەکە وەک “ڕەخنەگری ئایدیۆلۆژیا” کار دەکات کە حەقیقەتی پەیامەکانی پشتەوەی پڕۆپاگەندە سیاسییەکان، پۆستەر و ڕیکلامەکان دەردەخات. وەک چۆن کاتێک بە چاویلکەکەوە سەیری تابلۆیەکی ڕیکلام دەکات، نووسراوەکەی سەری دەگۆڕێت بۆ “ملکەچ بە!”. ژیژەک گوتەنی، کاتێک چاویلکەکە بەکار دەهێنیت، “دیکتاتۆرییەت دەبینی لە دیموکراسییەتدا”. ژیژەک لێرەدا خوێندنەوەی جیاواز بۆ ئایدیۆلۆژیا دەکات: “ئایدیۆلۆژیا ناسەپێنرێت بە سەرماندا، بەڵکو پەیوەندیی خۆڕسکمانە لەگەڵ جیهانی کۆمەڵایەتیماندا”. بەم جۆرە دەرچوونمان لە ئایدیۆلۆژیا نییە و جیهانی کۆمەڵایەتیی خۆی گۆڕەپانی ئایدیۆلۆژییە.

 لە دیمەنێکی دیکەی فیلمەکەدا، جۆن نادا هەوڵ دەدات قەناعەت بە جۆن ئەرمیتاجی هاوڕێی بکات تا چاویلکەکە بکاتە چاوی. بەڵام ئەرمیتاج بەرهەڵستی دەکات و شەڕ و پێکدادان لە نێوانیاندا بە توندیی بەردەوام دەبێت. نادا بە ئەرمیتاج دەڵێت: “بژاردەیەکت پێ دەدەم. یان چاویلکەکە لە چاو دەکەیت، یان لە تەنەکەی خۆڵەکە دەخۆیت”. ژیژەک دەڵێت: “ئێمە بەردەوام لە تەنەکەی خۆڵەوە دەخۆین، ناوی ئەم تەنەکەی خۆڵەش “ئایدیۆلۆژیا”یە”.

 ژیژەک لە پەڕتووکی “تاعوونی فەنتازییەکان”ــدا ئاماژە بەوە دەکات، ئەگەر لە چاویلکەی ئایدیۆلۆژییەوە بۆ ماوەیەکی زۆر سەیری شتەکان بکەین، سەرمان دەدات لە ئێش. ئەو دەنووسێت: ژیان بەبێ ئەو ئاسوودەییەی کە ئایدیۆلۆژیا پێمانی دەدات، زۆر بەئازارە. بۆ ئەوەی سرووشتی ڕاستەقینەی شتەکان ببینین، پێویستمان بە چاویلکە هەیە: بەڵام ئەمە بەو واتایە نایەت کە گەرەکە چاویلکەکە دابکەنین بۆ ئەوەی واقیع وەک خۆی ببینین – ئێمە لە سرووشتەوە دەکەوینە ناو ئایدیۆلۆژیاوە، ئەمە درککردنی خۆڕسکی ئێمەیە. لەبەر ئەمەیە ببینینی ئەو شتانەی لە واقیعدا هەن، بە وتەی گۆتە “سەختترین شتە لە جیهاندا”. بینینی شتەکان بەو شێوەی لەگەڵیان ڕاهاتووین یان ئایدیۆلۆژیا زاڵی کردوون، بێسەرێشەیە و بکەرانی تووشی سەختی ناکات. بەم پێیە ژیانی ساختە و هەڵە هەر ئەوەیە کە ئێمە لە ناو ئایدیۆلۆژیای باودا وەک ڕاستی وەری دەگرین و ئەزموونی دەکەین. بەڵام گەر نەتوانین لە دەرەوەی ئایدیۆلۆژیا بژین، ئەو کاتە ژیانی ڕاست و هەڵەی ئێمە چی واتایەکی هەیە، یان چۆن بزانین چ شتێک ڕاستە و چ هەڵەیە؟

مارکس و ئەنگڵس پێیان وابوو کە فەیلەسووفە ئەڵمانییەکان دژی چەمکەکان شەڕیان کردووە، نەک هەوڵ بۆ جیهانی ڕاستەقینە بدەن. بەم شێوەیە فەلسەفە واقیعی ڕەتکردووەتەوە و ئەو فۆرمانەی وەرگرتووە کە ئەوان بە ئایدیۆلۆژیا ناویان دەبەن. ئەوان لە پەڕتووکی «ئایدیۆلۆژیای ئەڵمانیی» (ساڵی ١٨٤٦)ـدا ئاماژە بەوە دەکەن کە ئایدیۆلۆژیا لە بنەڕەتدا هۆشیاریی شێوێنراو و ساختەی جیهانە کە پەیوەندیی ڕاستەقینەی خەڵک لەگەڵ جیهانەکەیاندا دەشارێتەوە. جۆرج لۆکاچ لە ڕوانگەیەکی کەمێک جیاوازترەوە دەڕوانێتە ئایدیۆلۆژیا کە ئایدیۆلۆژیا هەمیشە هۆشیارییەکی ساختە نییە، کەڵک و ساختەبوونی لەسەر “دۆخی چین”ـی خودی کۆمەڵەکە دەوەستێت، چونکە ئایدیۆلۆژیا ڕوانینی خودی ئەو کۆمەڵە دەنوێنێت. بەم جۆرە ئایدیۆلۆژیای بۆرژوازی گوزارشتە لە سرووشتی شێوێنراوی سەرمایەداریی، لە کاتێکدا پرۆلیتاریا توانای هەیە ڕوانگەی زانستییانە پێشکەش بکات بۆ ئەوەی لە سرووشتە ڕاستەقینەکەی بگات. بەڵام لە سیستەمی سەرمایەدارییدا ئەوە ئایدیۆلۆژیای بۆرژوازییە بەسەر بیروباوەڕی پرۆلیتاریا و چینەکانی دیکەدا زاڵ دەبێت، چونکە  وەک مارکس و ئەنگڵس دەڵێن: “بیروباوەڕی چینی دەسەڵاتدار لە هەموو سەردەمێکدا بیروباوەڕی زاڵە”.

زۆر لێکۆڵەری ئایدیۆلۆژیا جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە کە پرسیاری بنەڕەتیی لە بارەی ئایدیۆلۆژیاوە ئەوە نییە کە ئایا “ڕاستە” یان “ساختەیە”، بەڵکو ئەوەیە کە چۆن باوەڕی پێ دەهێنین و ژیانی لەگەڵ دەکەین. مایکڵ فریدن لە پەڕتووکی «ئایدیۆلۆژیا»ـ (٢٠٠٣)ـدا ڕوونی دەکاتەوە کە ئایدیۆلۆژیای سیاسیی لە هەموو شوێنێکدا ئامادەیی هەیە: ئێمە بە درێژایی ژیانمان، جا ئیتر بە ئاگایی بێت یان نا، ئایدیۆلۆژیا بەرهەم دەهێنینەوە، بڵاوی دەکەینەوە و بەکاری دەهێنین. بەم پێیە گەر ئێمە دژایەتی ئایدیۆلۆژیاش بکەین، بە جۆرێک لە جۆرەکان ئایدیۆلۆژیایەکی دیکە بەرهەم دەهێنینەوە.

بەڵام لە ناو نەریتی ڕۆشنبیریی باشووری کوردستاندا، بە تایبەتی لە دوای هەڵوەشاندنەوەی یەکێیتی سۆڤێت، چەمکی “ئایدیۆلۆژیا” لە هەموو لایەکەوە کەوتە بەر هێرش و سوکایەتی و تا ئێستا دژایەتی دەکرێت. هەر ڕۆشنبیرێک پێی شەرمە بەرگریی لەو چەمکانە بکات کە لە نەخشەی سیاسیی، کۆمەڵایەتیی و ئابوورییدا تایبەتمەندیی یان فۆرمی گشتگیر و سیستەمێکی ئایدیۆلۆژییان هەبێت. زۆربەی ڕۆشنبیران لەسەر ئەم فۆرمانە ڕەخنەیان گرت، وتار و پەڕتووکیان نووسی، قسەیان کرد، تەنانەت بێدەنگ بوون، بەڵام پرسیاریان لە خۆیان نەکرد: بۆ ئەم نەخشەیە چ  فۆرمێکی فکریی پێویستە؟ مایکڵ فریدن ئاماژە بەوە دەکات کە “ئێمە بەبێ ئایدیۆلۆژیاکان ناتوانین نەخشەی جیهانی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی بکێشین، چونکە بەبێ تێگەیشتن لەو جیهانەی تێیدا دەژین ناتوانین ئەو کارە ئەنجام بدەین”. بۆیە ژیانی واقیعیی ئێمە ئەو کاتە مانای هەیە کە ئایدیۆلۆژیا مانا بەو نەخشە سیاسیی، کۆمەڵایەتیی و ئابوورییانەی ئێمە بدات. هەر لێرەشەوە ئایدیۆلۆژیا واتادار دەبێت. لەبەر ئەمە خاوەندارێتی لە ئایدیۆلۆژیایەک واتای ئەوە نییە بیر لە یوتۆپیایەک لە دەرەوەی واقیع دەکەینەوە، بەڵکو واتای ئەوەیە کە واقیعبینین و بۆ کۆمەڵگەیەکی باشتر تەنانەت داوای یوتۆپپا و مەحاڵیش دەکەین.

بەڕێوەبردنی کۆمەڵگە گرنگترین پرسی سیاسیی و کۆمەڵایەتییە. گەر هێزێکی سیاسیی بخوازێت کۆمەڵگەیەک یان گرووپێكی کۆمەڵایەتی بەڕێوەببات، ناتوانێت بەبێ شێوازێکی بیرکردنەوەی سیاسیی، کە ئایدیۆلۆژیایە، ئەم کارە ئەنجام بدات، چونکە ئایدیۆلۆژیا هەر خۆی ئامرازێک یان شێوازێکی بیرکردنەوەی سیاسییە بۆ بەڕێوەبردنی کۆمەڵگە. لە ڕاستیدا شێوازەکانی سیاسەتی دەوڵەت-نەتەوە و سیستەمی فەرمانڕەوایی لە وڵاتانی ڕۆژئاوا، دیموکراسین، ڕەنگە دواین فۆرمی دیموکراسیش بن و لەوە زیاتر هیچی بۆ زیاتر نەکرێت. دیموکراسیین، چونکە سەرۆک، پەرلەمانتاران و شارەوانییەکان لە ڕێگەی دەنگدانی هاووڵاتیانەوە هەڵدەبژێردرێن. بەڵام ئەمە مۆدێلێکی دیموکراسیی ڕووپۆشکراو و قۆرخکراوە و نەزمێکی باوی وەرگرتووە کە لە دەرەوەی ئەمە ڕێگە بە مۆدێلێکی دیکەی دیموکراسیی نادات. بەڵام ئەو دەوڵەت و سیستەمانەی کە بانگەشە بۆ دیموکراسیی دەکەن، خۆیان لەسەر مۆدێلی دسەڵاتگەریی دەوڵەت-نەتەوە دامەزراون و خاوەنی ئەو تایبەتمەندیی و پێکهاتە پاوانخوازییەن کە تێیاندا دەسەڵات هیرارکییە و کەمینەی دەسەڵاتدار دەبێتە فەرمانڕەوا بەسەر زۆرینەی کۆمەڵگەدا.

مایکڵ فریدن ئاماژە بەوە دەکات کە “ئایدیۆلۆژیاکان ئەو مۆدێلانە نین کە گەرەکە بیرکردنەوەی سیاسیی چۆن بێت، بەڵام ئەو شێوازانەی بیرکردنەوەی سیاسیی لەخۆ دەگرن کە بە شێوەیەکی کردەنیی لەلایەن گرووپە کۆمەڵایەتییەکانەوە بۆ بەکارهێنانی گرووپە کۆمەڵایەتییەکان خۆیان بەرهەم هێنراون”. لە سەردەمی مۆدێرنیتەی سەمایەدارییدا گەورەترین هەڕەشەی سەر گرووپێکی کۆمەڵایەتیی یان خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتیکی کۆمەڵگە لە مۆدێلی دەسەڵاتگەرییەوە دێت. شێوازی بیرکردنەوەی سیاسیی دەسەڵات و فەرمانڕەوایی دەوڵەت-نەتەوە کە گەشەی تەواوەتیی سیستەمی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی ڕۆژئاوایە، هەمان شێوازی سیاسەتی بەڕێوەبردنی کۆمەڵگەی لە باشوری کوردستانیشی ڕەنگڕێژ کردووە، بە جۆرێک وا لە هاووڵاتی دەگەیەنرێت کە سیاسەت بریتییە لە دەنگدانی هاووڵاتیان لە هەڵبژاردنەکان، باجدان، گەشەدان بە سەرمایەداریی، دابینکردنی هەندێک پێداویستیی و خزمەتگوزاریی سەرەتایی، بەڕێوەبردنی دەزگاکان و بەهێزکردنی هێزی ئاسایش، سەربازیی و هەواڵگریی. تەواوی کایەی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی بەو شێوەیە دەبینرێت و بڕیاری لەسەر دەدرێت. لە بەرانبەریشدا لە هەر شوێنێک گرووپ یان کۆمۆنێک هەبێت و لەپێناو بەرژەوەندییەکانی کۆمەڵگەدا تێکۆشان بکات و نەچێتە ناو چوارچێوەی کاتیگۆری دەسەڵاتەوە، دەسەڵات بە هەڕەشەی سەر خۆی دەیزانێت.

بەم جۆرە سیاسەت لە واتا و ناوەڕۆکەکەی خۆی دوور خراوەتەوە و ئەوە لەبیر کراوە کە هونەری ڕێکخستن و بەڕێوەبردنی کۆمەڵگەیە. لەگەڵ ئەوەشدا سیاسەت نە واتای شارەزایی و هونەر لە بەڕێوەبەردنی کاروباری دەوڵەت دێت و نە سرووشتی ناو دەسەڵات و دەوڵەتە. پێش ئەوەی دەوڵەت-نەتەوە سەرهەڵبدات، سیاسەت بە واتای ئەوە دەهات کە بریتییە لە چالاکیی هاووڵاتیان لەو دەزگایانەی کۆمەڵگەدا کە لە ڕێگەی هاوکاریی و کاری هاوبەشی ئەنجوومەنەکانەوە بەڕێوەدەبرێن، دەپارێزرێن و بەهێز دەکرێن.

بە پێچەوانەی سیستەمی دەسەڵات و دەوڵەت-نەتەوەوە، گرووپ و کۆمۆنی هەرەوەزیی بنەڕەتیترین ڕەگەزی مۆدێلی دیموکراسیی ڕاستەخۆ و خۆبەڕیوەبەریی دیموکراتیکە. دیموکراسی بۆ دەسەڵات و دەوڵەت-نەتەوە تا ئەو کاتە واتادارە کە بەڕێوەبردنی کۆمەڵگە ناوەندگەرایی بێت، واتە دەسەڵات هیرارکیی بێت و لە سەرەوە بۆ خوارەوە بۆ یەکە بەڕێوەبەرایەتییەکان شۆڕ بێتەوە. بەڵام وەک ڕێبەر ئۆجالان جەختی لەسەر دەکاتەوە، دیموکراسیی زیاتر بۆ کۆمۆن واتادارە، چونکە کۆمەڵگە لە بنەڕەتەوە ڕووداوێکی کۆمیناڵە، کۆمەڵگەبوون لە کۆمۆنەوە سەرچاوە دەگرێت. بۆ کۆمۆن چەمکی دیموکراسی لە ڕوانگەی سیاسیی و یاسایی دەوڵەتەوە واتا و ناوەڕۆکی ڕاستەقینەی خۆی لەدەست دەدات. چەمکی ئەخلاق و سیاسەت بۆ کۆمۆن بنەمایە. گەر لەمڕۆدا شتێک هەبێت مانا بە گرووپێکی کۆمەڵایەتیی یان کۆمەڵگە بدات، ئەوا لە دەرەوەی هێزەکانی سیستەمی باڵادەست و دەوڵەتە. وەک ئیگڵتۆن ئاماژەی پێ داوە، باوەڕبوون بەوەی کە دەکرێ جیهان بە شێوەیەکی واتادار باشتر بکرێت، تەنانەت ئەگەر مەحاڵیش بێت، هەر خۆی ڕیالیزمێکی ڕاستەقینەیە. کۆمۆن بە چەمکی کۆمەڵگەی ئەخلاقیی و سیاسیی ڕووبەڕووی چەمکەکانی دەوڵەت و دەسەڵات دەبێتەوە. بۆ مانادان بەمەش، وەک ڕێبەر ئۆجالان ڕوونی دەکاتەوە، وازهێنان لە زمان و چەمکەکانی دەسەڵاتگەریی و دەوڵەتپارێزیی پێشمەرجە و چەمکی ئەخلاق و سیاسەت بنەمایە. لێرەوە بۆ ئەوەی نەخشەی جیهانی سیاسیی، کۆمەڵایەتیی و ئابووریی بۆ کۆمەڵگە بکێشین، هاوکات لە دەرەوەی زمان و چەمکەکانی ئایدیۆلۆژیای هێزەکانی سیستەمی باڵادەست و دەوڵەت بێت، زمان و چەمکەکانی ئایدیۆلۆژیای هێزی کۆمیناڵ جێگرەوە و حەتمین. تەنانەت ئەگەر ئەمە بژاردەیەک بێت وەک بینین یان کردنی ئەو شتەی کە بە وتەی گۆتە “سەختترین شتە لە جیهاندا”.

 

سەرچاوە: ئاژانسی هەواڵی فورات

زیاتر ببینە

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button


هاوبەشیی بکە.